٢٥ ساڵ پێش ئێستا، لە هاوینی ساڵی ١٩٩٩، یەکەم دیدارم لەگەڵ هەڤاڵ عومەر لە ماڵی خۆیان لە گوندی کەنەکەوەی تاسڵوجە پێکهات. ئەوکات هەڤاڵ عومەر لە خانوێکی قوڕ نیشتەجێ بوو، ژیانی بە سەختی ئەگوزەراند. بەر لە ئێمە و سەرەتای دیل بوونی ڕێبەر ئاپۆ، هەندێک هەڤاڵی تر سەردانی هەڤاڵ عومەریان کردبوو. ئەویش بڕیاری دابوو کە وەک خەباتکارێک بەشداری خەباتی ڕێکخستنی تەڤگەری ئاپۆچی بکات.
من و هەڤاڵ مەلا دیار، بڕیارماندا کە هەڤاڵ عومەر لەگەڵ ئێمە پێکەوە، لە سنووری دوکان و بازیان و چەمچەماڵ بگەڕێت و ئەو خەڵکە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرانانەمان پێبناسێنێت کە لە سەردەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، پێکەوە خەبات و تێکۆشانیان کردووە. بەبێ دوو دڵی هەڤاڵ عومەر ئەو جۆشەی هەیبوو، جارێکیتر بەگیانیدا گەڕایەوە و گوتی، بۆ تێکۆشەرێکی وەک من عەیبە ڕێبەرمان لە زیندانبێ و منیش لەماڵەوە دابنیشم، بۆیە چی بکەوێتە ئەستۆم ئامادەم بۆ خەبات و تێکۆشان لەم تەڤگەرە. لەو بەروارەوە هەڤاڵ عومەر بووە یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی تێکۆشان، لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری. لەگەڵ هەڤاڵ عومەر پێکەوە هەموو کەسایەتییە دڵسۆزەکانمان بینی، خەڵکی ئەو دەڤەرەش ڕێزێکی زۆریان بۆ هەڤاڵ عومەر هەبوو.
هەڤاڵ عومەر لە کاتی هێرشی یەکێتی (یەنەکە) بۆ سەر پەکەکە، لە پایزی ساڵی ٢٠٠٠، بە ناچاری ئاوارەی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی بوو لە مەخموور، تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣. دواتر هات لە کەرکووک گیرسایەوە، ئیدی نەگەڕایەوە بۆ سلێمانی، دواین هەواریشی گوندی باشبوڵاغ بوو لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیری کەرکووک.
هەڤاڵ عومەر قوتابخانەیەک بوو بۆ خۆی بەتەنها، سەرجەم ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕیی ئەوەی بە کوردی بوون خوێندبوویەوە، هەموو ئەدەبیاتی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆی خوێندبووەوە، سەرەڕای ئەوەی بۆ ڕۆژێکیش نەچووبوو بۆ قوتابخانە، هەمانکات چاوەکانیش زۆر بەکزیی دەیبینی و زۆربەی کات زەڕەبینی بەکاردەهێنا.
هەڤاڵ عومەر ساڵی ١٩٧٧ ببوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، هەر لەو ساڵانەش ببوو بە پێشمەرگە، واتا لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆرشی نوێدابووە. ساڵانی مفاوەزاتی یەکێتی و حکومەتی عێراق دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی. بۆیە یەکێتی تاوانباری دەکەن بە ئاڵای شۆڕش و جەماعەتی مەلا بەختیار، بەڵام ئەو لەگەڵ ئەوانیش ناکۆک دەبێ. بۆیە بە ناچاریی و بە نهێنیی دەگەڕێتەوە دەوروبەری سلێمانی و دەیەوێت وەک کەسایەتییەکی شۆرشگێڕ بە تەنها خەبات و تێکۆشان بەردەوام بکات، بەڵام لە ئەنجامی هەواڵ لێدانی، دەستگیر دەکرێ و لە گۆڕەپانی تەنیشت کارگەی سەهۆڵەکەی سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیتری ڕاکردووی سەربازیی ڕیز دەکرێن و دەدرێنە بەر دەسترێژی گوللە، هەڤاڵ عومەر زیاتر لە بیست فیشەک بەر شان و ملی دەکەوێ و خەڵتان خوێن دەبێ و بە مردووی بەجێی دەهێڵن.
یەکێک لەو ئامر مەفرەزانەی کە لە ڕەمی کردنی بەشدارە، خزمی نزیکی دەبێ. بۆیە هەڵی دەگرنەوە و دەیفڕێنن بەرەو کەرکووک و بەغدا، تا وای لێدێتەوە جارێکیتر ژیان بکاتەوە. دوای چاکبوونەوەی هەڤاڵ عومەر وەک جاران لە خەبات و تێکۆشان بە نهێنیی بەردەوام دەبێت.
لە ڕاپەڕین بە ئاکتیڤی بەردەوام دەبێ لە ڕیزی یەکێتی، بۆیە چەند پلەیەکی کادیری و پێشمەرگایەتی دەبڕێ. کاتێک شەڕی خیانەتی ساڵی ١٩٩٢ دەبینێ، لە کوردایەتی و خەباتی هێزەکانی بەرەی کوردستانی سارد دەبێتەوە، بۆیە خۆی لاتەریک دەکات.
هەڤاڵ عومەر ساڵانی هەشتا دەنگ و سەدای ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەبیستێ، بەڵام دەرفەتی بۆ نەڕەخسابوو لە نزیکەوە بیانبینێ، بۆیە کاتێک گوێبیستی کەسایەتی هەڤاڵ دکتۆر سیروان دەبێ و بەشداری کۆڕ و سیمینارەکانی دەکات، هەڤاڵ عومەر ئاشنایەتی لەگەڵ هزری ڕێبەر ئاپۆ پەیدا دەکات.
هەڤاڵ عومەر وەک دامەزرێنەرێکی پارتی چارەسەری و هاوڵاتی ئازاد و تەڤگەری ئازادیی بوو، بەردەوامیش لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدابوو، خۆشی بە خاوەن هەموو تێکۆشانی ئازادیی دەزانی. من لەلای خۆم وەک هەڤاڵێک خۆم بە قەرزاری هەڤاڵ عومەر دەزانم، هەر بۆ خاتری هەڤاڵ عومەریش دەمگوت منیش لە عەشیرەتی سمایل عوزێریم، زۆرشت لە هەڤاڵ عومەر فێربووم، زۆرترین گفتوگۆی سیاسیی و فیکریی و ڕێکخستنیم لەگەڵ هەڤاڵ عومەر کردووە، زۆرترین چوونە ناوجەماوەرم لەگەڵ هەڤاڵ عومەر بووە، بە تایبەتیش لە سەردەمی هاوڵاتی ئازاد، لە دهۆک و زاخۆوە تاکو کەلار و خانەقین و موسڵ و بەغداد، شوێنێک نەبوو لەگەڵ هەڤاڵ عومەر سەری پیا نەکەین.
هەڤاڵ عومەر ئەوەندە دەست و دڵ کراوە بوو، چی لەدەستیدابووایە بۆ کار و خەباتی سەرف دەکرد، کاتێک مەسەلە دەهاتە سەر خزمەتکردنی کۆمەڵگە، کاتێک مەسەلە دەبووە شەهید و ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا و نەتەوەی کورد و کوردستان، هەڤاڵ عومەر وەک گەنجێک شانی دەدابەر سەختییەکانی خەبات و بەبێ ناسینی هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک تێکۆشانی بەڕێوە دەبرد.
یەکێک لە وتە هەرە گرنگەکانی هەڤاڵ عومەر دەیگوت، ئەگەر پەکەکە توانی منێک بەشداری تێکۆشان بکاتەوە کە هیچ باوەڕم نەمابوو. بۆیە باوەڕم جارێکیتر باشووری کوردستان، حەقیقەتی تێکۆشانی خۆی لەم ڕێبازەدا دەبینێتەوە، خەڵکی باشوور لەگەڵ ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانن خاوەن لەو ڕەنج و ماندوبوونەیان دەرکەون کە دەیان ساڵ ئەیبەخشن بە کوردستان.
کاتێک پرۆسەی ئاشتیی لە ٢٠١٣ دەستی پێکرد، ئێمە نزیکە ٦٠ کەس چووین بۆ گوێگرتن لە نامەی ڕێبەر ئاپۆ لە نەورۆزی ئامەد، بەر لەوەی بچین پرسم بە هەڤاڵ عومەر کرد گوتم چ دیارییەک لەگەڵ خۆمان بەرین بۆ ئەوەی بگاتە ڕێبەر ئاپۆ، هەڤاڵ عومەر گوتی پێشنیارمە قاتێکی شاڵ، لەگەڵ پێڵاوێکی کڵاشی هەورامی و جامانە و پشتێن، هەتا تەزبیحێکی قەزوان، لەگەڵ خۆتان بەرن. ئەوکات لە هەڵەبجە دەگەڕاینەوە، هەڤاڵ عومەر سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی لەسەر حیسابی خۆی لە سەیدسادق کڕین و ئێمەش بردنمان بۆ ئامەد و ڕادەستی شاندی دانوستانکاری ئیمرالیمان کردن تاکو بگەنە دەست ڕێبەر ئاپۆ.
ڕێباز و یادگارییەکانی هەڤاڵ عومەر لای من و سەرجەم تێکۆشەرانی ئازادیی بە زیندووی دەمێننەوە، ئەو خەباتەی لەوشوێنەی ماوە ئێمە هەڤاڵانی هەڤاڵ عومەر پێکەوە تا سەرکەوتن بەردەوامی پێدەدەین، بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەکانی هەڤاڵ عومەر و سەرجەم شەهیدانی کوردستان ئەرکێکە لە ئەستۆمانە.
*ئەم وێنەیەش دواین وێنەی یادگارییمانە لە ٢٠٢٠ پێکەوە چرکاندوومانە.