بە دیمەن

کۆچەر: یەکگرتوویی تاکە ڕێگای شکاندنی هێرشەکانە

حەسەن کۆچەر یاریدەدەری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند؛ تاکە ڕێگە بۆ شکستپێهێنانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک یەکڕیزیی گەلانە.

هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا

دەوڵەتی تورک لە ئێوارەی ٢٣ی تشرینی یەکەمەوە هێرشی کردە سەر هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ناوچە مەدەنییەکان و نانەواخانە و وێستگەکانی ئاو، قوتابخانە، نەخۆشخانە، پاڵاوگە و کارگەکانی بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا بە پێی ئامارەکانی دوێنێ ١٢کەس کوژراون و بەدەیان کەسیش بریندار بوون. حەسەن کۆچەر یاریدەدەری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی هێرشەکانەوە لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فۆرات قسەی کرد.

کۆچەر سەرەتا ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک یەکەم جار نین کە ناوەندەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج و هاوڵاتی مەدەنی دەکوژێت، بەڵکو هەر جارە هێرشەکانیان زیادتر دەکەن ئامانج لەو هێرشانە بەکۆچکردنی گەلانی هەرێمەکەیە، بۆیە ڕاستەو خۆ ناوەندە مەدەنی و شوێنە نیشتەجێیەکان بە ئامانج دەگرێت بەمەش دەیەوێت گەل کۆچ بکات و گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە هەرێمەکەدا جێبەجێ بکات.

دەوڵەتی تورک سوورە لەسەر لەناوبردنی گەلی کورد، سەرەتا باسی ئاشتی و چارەسەری دەکات و دواتر دەست بە هێرشە کۆمەڵکوژییەکانی دەکات، چ هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک هێرش بکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا؟ ئەگەر عەقڵیەتی دژ بە کورد نەبێت. بۆ ئەوان هەموو گەلی کورد تیرۆریستن و دەبێت بکوژرێن لە هەر بەشێکی کوردستان و جیهاندا بن بۆ ئەوان گرنگ نییە. ئەوان بوونی کورد بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەبینن."

کۆچەر ڕایگەیاند؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری دەستیپێکردووە و دەوڵەتی تورک دەستی بە پەیوەندیی سەربازی، سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کردووە و هەوڵ دەدات ڕێگە لە کورد بگرێت لەم گۆڕانکارییەدا سوود وەربگرێت، لەلایەک بانگەشەی ئەوە دەکات کە لایەنگری ئاشتییە. لە حاڵێکدا ئەوە کورد بوو هەشت جار شەڕی وەستاند و هەوڵی ئاشتیدا، بەڵام ئەوە دەوڵەتی تورکە کە سوورە لەسەر لەناوبردنی کورد، به هەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوەی پێشووی هێرش دەکاته سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەم شێوەیە دەیەوێت گەل شوێنەکانیان بەجێبهێڵن، ئیرادەی گەل بشکێنێت هەتا نەتوانن دەستکەوتەکانیان بپارێزن. ژن و منداڵ و بەساڵاچووان دەکوژێت. بە گوێرەی ستاندارد و یاسا نێودەوڵەتییەکان وێرانکردنی گوند و خانووی خەڵکی مەدەنی تاوانە و دەبێت ڕێگری لێ بکرێت. بەتایبەتی، ئەمریکا و ڕوسیا دەبێت کۆتایی بە بێدەنگییەکانیان بهێنن. هەروەها دەبێت حکوومەتی سوریا هەڵوێستی خۆی نیشان بدات، ئەگینا ئەوانیش هاوبەشی تاوانەکانن."

لەکۆتایی قسەکانیدا کۆچەر وتی: "گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەتا ئێستا باجیان بە کەس نەداوە، هاتوونەتە مەیدانەکان و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و وتی، بێگومان ئێمە لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا تەسلیم نابین، راستە ڕووبەڕووی هەندێک گرفت و کێشە دەبینەوە، بەڵام کەرامەت و خاکەکەمان دەپارێزین و بۆ کەس سەر دانانوێنین پێویستە هەمووان ئەم ڕاستیە بزانن. هەروەها پێویستە هەمووان دژی هێرش ودەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی جددی  نیشان بدەن. ئێمەش ئامادەین بۆ بەرخۆدان و تێکۆشانی بەهێزتر. دیسان دەڵێم دەبێت گەلەکەمان لە دەوری هێزەکانی خۆبەڕێوەبەری و پاراستن کۆببنەوە چونکە گۆڕانکاری زۆر مەزن لە ناوچەکەدا دێتە ئاراوە بۆیە دەبێت ئێمە ئامادەکاری هەموو شتێک بکەین."