کۆمەڵکوژییەکەی سوپای تورک لە زاخۆ

لە مێژووی هەموو گەلاندا سیاسەتێکی سەربەخۆ، کە پشتبەستبوو بێت بە هێز و هەبوونی خۆی بە دڵنیاییەوە سەرکەوتو دەبێت. ئەمەش پەیوەندیی بە هەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و هۆشیاری و مەعریفەی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەرییەوە هەیە.

ڕۆژی ٢٠ی تەمووز دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و فاشیست لە زاخۆ کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامدا و لە ئاکامدا ٩ کەسی کوژران، کە یەکێککیان منداڵێکی تەمەن ١ ساڵ بوو و ٢٣ کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون. کاتێک مرۆڤ سەیری ئەو دیمەنانە و ڤیدیۆکان و وێنەکان دەکات، هاواری ئەو دایکانە، ترسی ئەو منداڵانە، دڵی مرۆڤ هەلاهەلا دەکات. ژیانی کۆرپەیەکی تەمەن ١ ساڵ و ٩ کەسیان لەناوبرد و ٢٣ کەسیان پارچە و بریندار کرد، ئەوە شتێکی ئاسایی نییە. ئەمە یەکەمجار نییە، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بکوژ و پاکتاوکار لە باشوری کوردستان بە فڕۆکەى جەنگی کۆمەڵکوژییەک ئەنجام بدات. ئەمجۆرە کۆمەڵکوژیانەش پێشتر ڕوویاندەدا.

 ئەوەی مرۆڤ زیاتر ئازار دەدات و داخی سە دڵی مرۆڤ قورس دەکات، ئەوەیە کوشتن و گیان لە دەستدانی گەلانی ئەم ناوچەیە هەرزان کراوە، چونکا بازرگانییەکی چەپەڵ بە ژیانی خەڵکی هەژارەوە دەکرێت، کە ویژدان و ئەخلاق و ڕەوشتی مرۆڤ قبوڵی ناکات. ئەو گەنجانە، کە بەشێک لە جەستە و قۆڵ و قاچیان بڕاوە ئیتر ناتوانن وەک کەسێکی ئاسایی ژیان بکەن. ڕووناکی ژیانیان لێ تاریک دەبێت، ئەونە مرۆڤ خەمبار دەکات. ئەمە چارەنووسی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، کە لە ژێر هێرشی دەوڵەتی تورکدا بە کەمئەندامی بژین. ئەگەر گەلەکەمان لە ناوچەکەدا بە ناڕەزایەتیی خۆیان بڕژێنە مەیدانەکان و ڕێگری لە بوونی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بکەن، ئەوا بەلایەنیکەمەوە ڕێگری لە کۆمەڵکوژیی نوێ و دیکە دەکەن.

بێگومان ئەم کۆمەڵکوژییە لە ئەنجامی پەیوەندیی بەڕێوەبەریی هەرێمی باشوری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ڕوویداوە. بە تایبەتی ئەوە ماوەی دوو ساڵە باشوری کوردستان لەژێر ناوی شەڕی گەریلادا هەموو رۆژێک و بە بەردەوامی بۆردومان دەکرێت. گەریلاکانیش ڕۆڵەی ئەم گەلەن، بۆ هەبوون و ئازادیی گەلەکەیان چوونەتە چیاکان و دەجەنگن، تینو و برسی بە بەرخۆدانی بێوێنە لە دژی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورک تێدەکۆشن و شەڕ دەکەن.

بەڵام ئەم هێرشە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی 'پەکەکە' هۆکاری ئەم هێرشەیە، ڕەوایی پێداوە. واتە هۆکاری هێرشەکەیان بۆ هۆکاری هەبوونی پەکەکە گەڕاندووەتەوە. ئەوە شتێکی نهێنی نییە و بە دزییەوە نەکراوە، زۆر ڕوون و ئاشکرا کراوە. ئەگەر هەموو هەفتەیەکیش نەبێت یەک لەسەر یەک مەسعود بارزانی، یان نێچیرڤان بارزانی، یان مەنسور بارزانی لەگەڵ هەواڵگری، وەزیری بەرگری خولوسی ئاکار، سەرۆک کۆمار ئەردۆغان و بەرپرسی تورکیا کۆدەبنەوە و یەک لەسەر یەک چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن. لە کاتی ئەنجامدانی دیدار و چاوپێکەوتنەکاندا بە قات و کراوات و بۆینباخ و بە پێکەنینە ساختە و درۆزنانەکانیانەوە و بە پۆزلێدانی بەردەم کامێراکانەوە، ئەوە سەرنجڕاکێشە، کە هاوکات باشووری کوردستان بە چەکی کیمیایی بۆردومان دەکرێت. کاتێک من ئەم وشانە و ئەم ڕستەیەم نووسی پەندێکی پێشینانم بیرکەوتەوە، کە دەڵێت، "ئێمە نانی ئێوارە، ئێوەش دوای نانی ئێوارەن"، دەبێت مانای ئەوە بێت، کە ئەمڕۆ گەریلا نانی ئێوارە و پێشمەرگەش دوای نانی ئێوارەیە. ئێمە ئەمەمان لەڕاپەڕینی شێخ سەعید و سەید رەزادا بینی. ئەگەر هەموو ناکۆکییە ناوچەیی، ئایینی و باوەڕەکانیان نەخستایەتە پێش ڕزگاریی نەتەوەییەوە، ئەوا یەک بە یەک بەو کۆمەڵکوژییانەدا  تێنەدەپەڕین و لە سێدارە نەدەدران. ئەمڕۆش هەمان سیاسەت لەسەر گەلی کورد پەیڕەو دەکەن. مێژووی ئەو کۆمەڵکوژییە لە ئەنجامی سیاسەتی بنەماڵەی بارزانی دووبارە دەبێتەوە، بۆیە پێویستە دەست لە دەوڵەتی تورک هەڵبگرن، سیاسەتی پشتبەستوو بە گەلەکەی خۆی و لەگەڵ گەلەکەیدا لە دژی دوژمنی کورد هەڵوێستی هەبێت و هەڵسوکەوت بکات.

ئێمە دەپرسین، ئەو کۆمەڵکوژییە لە زاخۆ ڕوویدا، زاخۆ لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی هەرێمدایە. ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن یەکێتیی  عەرەبەکان، کوردەکان و جیهانەوە ئیدانە کرا، بەڵام لە هەمان کاتدا ئیدارەی هەرێمی باشوری کوردستان بەدوای پاساوهێنانەوەدا بۆ ئەوەى دەوڵەتی تورک و هێرشەکەى ڕەوا نیشان بدات و بۆ ئەوەش بە دوای پەردەپۆشکردنی بێبەختانە و چارەڕەشانەدا دەگەڕێت و دیسانەوە دەیەوێت وەک چەواشەکارییەکانی پێشوویان، ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییە بخەنە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام وەک هەمیشە و دیسانەوە نەیانتوانی ئەو بێبەختی و کارەساتە دڵتەزێنە بۆ دەوڵەتی تورک پەردەپۆش بکەن، چونکە پاشا ڕووتە، چونکە ئەەوەی ئەم کۆمەڵکوژییە لە ژێر دەستی ئەواندا ڕووی نەدابێت، تەنیا وەک هەموو دەوڵەتەکانی تر بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئیدانەی دەکات. مرۆڤ تەنها بەو هەڵوێستە دەڵێت، شەرمە، شەرمە.

 لە بریی ئەوەی دەست بە لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژییە بکات و داوای لێپرسینەوە بکات و ریسوای بکات، هەڵوێست وەربگرێت، هەڵوێستێک وەردەگرێت، کە ڕۆپۆشی چارەڕەشی و دڵتەزێنانە دەیەوێت ڕەوایی پێ بدات. ئێمە جارێکی تر دەیڵێینەوە ئەوە، "شەرمە"، چونکا ئەم کۆمەڵکوژییە نە یەکەمە و نە دواینیش دەبێت. هەتاکو سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بکوژ و پاکتاوکار لەسەر خاکی باشووری کوردستان بێت، ئەو جۆرە کۆمەڵکوژییانە بە ڕووداوی نوێ دووبارە دەکرێنەوە و ئەنجام دەدرێنەوە. بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکارەوە هێرشکی قورس لە سەر کورد و کوردستان هەیە. ئەگەر چەندین ساڵە هەڵوێستی نەتەوەیی لە دژی هێرش و کوشتارەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار لە باشووری کوردستان هەبوایە، ئەوا ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵکوژییە ئەنجام نەدەدرا و ئێستا ٩ کەس لە ژێر گڵ دا نەبوون و لەسەر عەرزدا دەبوون و بەردەوام دەبوون لە ژیانی خۆیان.

کەواتە چۆن ڕێگری لە هێرشەکانی سوپای دەوڵەتی تورک دەکەین؟ لە مێژووی هەموو گەلاندا سیاسەتێکی سەربەخۆ، کە پشت بەستووە بە هێز و هەبوونی خۆی، بەتەواوی سەرکەوتوو بووە. ئەمەش پەیوەندی بەبوونی یەکێتیی نەتەوەیی و هۆشیاری و مەعریفەی نیشتمانییەوە هەیە. یەکێتیی نەتەوەیی و هۆشیاری و مەعریفەی نیشتمانپەروەریی سیاسی سیاسەتە، ئەوە هێزی گەلە، ئیرادە و ورەی گەلە و پاراستنی گەل و ناسنامەی گەلە، بەڵام بەداخەوە بەپێچەوانەوە، زیان دەگەیەنێت و بواریش کراوەیە بۆ هێرشکردن ڕەخسێنراوە. لەو ڕووەوە ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ دەکرێنە سەر باشووری کوردستان، بۆ هەبوونی سوپای تورک لە باشووری کوردستان دا دەگەڕێتەووە، چونکا بوێریی و شێربوونی خۆی لە ئیدارەی هەرێمەوە وەدەگرێت. ئەمەش لەسەر بنەمای بێدەنگی و ڕەزامەندی بە دەست هاتووە، بۆیە دەوڵەتی داگیرکەر و بکوژی تورک و ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان و بنەماڵەی بارزانیش لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسیارن.

ژ.ت