بۆ سکرتێری گشتیی ناتۆ؛ جینس ستۆڵتنبێرگ

چه‌ند گه‌مژه‌ییه‌ مرۆڤ بیت و له‌ خه‌می سته‌مكاری بگه‌یت و له‌ ئازاری میله‌تێك نه‌گه‌یت...

چه‌ند گه‌مژه‌ییه‌ مرۆڤ بیت و له‌ خه‌می سته‌مكاری بگه‌یت و له‌ ئازاری میله‌تێك نه‌گه‌یت، ستۆ ڵتنبێرگ، كه‌ ئێستا سكرتێری گشتیی ناتۆیه‌ ، هاوڵاتی نه‌رویجه‌ ، ئه‌و وڵاته‌ی بانگه‌شه‌ی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی وتن و نووسین و ژیان بۆ مرۆڤه‌كان ده‌كات ، ئه‌و هاوسۆزه‌ له‌ گه‌ڵ توركیاو ده‌ڵێت توركیا گیرۆده‌ی ده‌ستی تیرۆره‌ ، لێ‌ ناپرسێ‌ ئه‌وه‌ بۆ توركیا كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ قوڵایی ئه‌و هه‌رێمه‌دا خه‌ڵكی سڤیل و مناڵ و ژن تیرۆر ده‌كات ، سكرتێری ناتۆ شه‌رمی كوشتنی ژن و مناڵ ته‌ریقی ناكاته‌وه‌ ، به‌ڵام خه‌می توركیایه‌تی ، ئه‌و وڵاته‌ی هیچ بوارێكی هه‌ناسه‌دانی ئازادی تیانیه‌و له‌ وتنی گۆرانی كوردیش ده‌ترسێت، ئه‌حمه‌د قایه‌ هونه‌رمه‌ندی ناسراوی توركیاكه‌ كورد بوو ته‌نها له‌ سه‌ر وتنی گۆرانی كوردی تاوانباركرا ، له‌م رۆژانه‌ی پێشوودا رێگه‌ به‌ كۆنسێرتێكی كوردی نه‌درا تا پێشكه‌ش بكرێت .

ستۆڵتنبێرگ كه‌ وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵاتوی ده‌ستی توركیای تیایه‌ ، كه‌ وڵاته‌كه‌ی یه‌كه‌مین وڵاتێكه‌ به‌شداری كاریگه‌ری له‌ زۆربه‌ی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤدا هه‌یه‌ ، هه‌ق ئه‌دات به‌ توركیا و هه‌ق نادات به‌ كورد كه‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌ توركیا قڕ ده‌كرێن ، ئه‌وه‌ چ گه‌مژه‌ییه‌كه‌ ، كوڕو كچی هه‌ڵاتوری ده‌ستی سته‌م به‌ تیرۆریست بزانی و توركیا و ئه‌ردۆغان به‌ قوربانی ، له‌وه‌ ده‌چێت سكرتێری ناتۆ یان نه‌خوێنه‌وارو گه‌لحۆ بێت ، یان له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی میتا بێت ، ده‌نا ده‌یزانی له‌ توركیا ده‌وڵه‌ت تیرۆریسته‌و خه‌ڵك داوای نه‌مانی تیرۆری ده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن ، ده‌یزانی موسا عه‌نته‌ر بۆ تیرۆر كرا ، ده‌یزانی بكه‌ری نادیار له‌ توركیا كێن ، ده‌یزانی بۆچی ده‌میرتاش و هاوڕێكانی له‌ زیندانی فاشیزمان .

جینس ستۆڵتنبێرگ پێشتر ١٠ ساڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی نه‌رویج بووه‌ و رۆژنامه‌نووس بووه‌و به‌ حساب ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه‌ بێت كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ توركیا وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی دوه‌می ئه‌و وڵاته‌ له‌ بن چ زه‌برو زه‌نگێكدان ، ناكرێت رۆژنامه‌نوس بیت و ئاگاداری ئه‌وه‌ نه‌بیت له‌ توركیا چی ده‌گوزه‌رێت، با لانی كه‌م پرسیار له‌ دوو رۆژنامه‌نوسی بێلایه‌نی وڵاته‌كه‌ی خۆی بكات.

رێك له‌و كاته‌دا كه‌ سكرتێری ناتۆ هاوسۆزی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیایه‌ ، درۆنی توركی له‌ هه‌رێمی كوردستان مناڵ و خه‌ڵكی سڤیل ده‌كاته‌ ئامانج ، له‌ هه‌مان كاتا توركیا داوای ته‌رمی مردوش له‌ سوید ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دادگای بكات ، یه‌كێك له‌و ٤٠ داواكراوه‌ی توركیا له‌ سوید و فنلاندی داوا ده‌كاته‌وه‌ محه‌مه‌د سراجی رۆژنامه‌نوسی كوردی توركیایه‌ كه‌ زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ كۆچی دوای كردوه‌.

توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان رێگره‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ ٥٠٠ گوند، له‌ ٢٠١٥ه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ سه‌ت هاوڵاتی سڤیلی له‌ هه‌رێمی كوردستان  كوشتوه‌ ، ده‌یان بنكه‌و باره‌گای سه‌ربازی و هه‌واڵگری و جاسوسی له‌ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراندوه‌ ، هیوادارم سكرتێری ناتۆ ئه‌رك بكێشێت و بێت سه‌ردانی چه‌ند شوێنێ‌ له‌و شوێنانه‌ بكات كه‌ توركیا خه‌ڵكی سڤیلی لێكردوه‌ته‌ ئامانج ، چ ئابڕوچونێكی سیاسی و ئاكاریه‌ مرۆڤ باسی دیموكراتیه‌ت و ئازادی بكات و له‌و لاشه‌وه‌ هه‌ق بدات به‌ توركیا له‌ په‌نای ناتۆوه ‌رۆژانه‌ خه‌ڵكی سڤیلی كورد تیرۆر بكات و چه‌كی یاساغی نێو ده‌وڵه‌تی به‌كار بێنێت .

ژ.ت