کوشتنی هەر ژنێک هۆکارێکە بۆ بەرپراکردنی شۆڕش

لەم رۆژانەدا هەواڵی خۆخستنە خوارەوەی شلێر رەسوڵی لە شاری مەریوان بە هەوێ خۆرزگارکردن لە دەستی نێرێک بە نێوی "گۆران" لە سەر ماڵەکەی کە مخابن دوای چەن رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و ناخی کۆمەڵگەی هەژاند.

چەند سال لەمەوبەریش پەریناز لە مەهاباد بە هەمان شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، مێژویێک ئەگەر بنوسرێتەوە لەو ژنانەی کە بۆ رزگاربون لە تەسلیم بون بە هزری دەستدرێژیکاری نێر لە ژنانی دێرسیم تاکو رندێخان و بێریتان و هەزارانی دیکە درێژ دەبێتەوە و ئەمرۆیش لای شلێر دەبێتە دیمەنێکی تازە بۆ هەمو ئەو چاوانەی کە توانای بینینیان هەیە.

رژیمی دەسەڵاتداری کۆماری ئێسلامی رۆژ دوای رۆژ لە ژێر یاسای ئیسلام، کۆمەڵگای کردوە بە زیندانێکی کراوە و دەیەوێت ژنان پەلکێشی ماڵ و مەتبەخ بکات. ئارمانج پەیرەو کردنی یاساکانی داعشە. ناکرێت ئەم کردەوانە تەنیا بە رێکەوت سەیر بکەین، ئەوەی کە بەرچاوە "گۆران"، ئەو نێرەی کە خواستویە دەستدرێژی بکاتە سەر "شلێر" یەک لە مۆرەکانی نزیک بە رژیمە و پێشتریش بە هەۆی دزی و چەن جورە گەندەکاری دیکە دەست بەسەر رابو، بەڵام هەر زو ئازادکرا.

کۆماری سێدارە کە بەردەوام خەریکی سەرکوتکردنی کۆمەڵگای ئازادە لە رێگەی ئەم کەسایەتیە لۆمپەنانەوە هێرش دەکات و تابلۆێیک دروست دەکات٫ تاکو بتوانێت سیاسەتەکانی نێرسالاری خۆی دژی ژنان پەیرەو بکات.

لە کۆمەڵگادا کە دەستی سەلەفیەکان و توندئاژوەکان ئاواڵەکراوە و بەردەوام ژن بوون وەکو ناوەندی خراپی و سەرچاوەی فتنە پێناسە دەکەن، کاتێک بیانەوێت، بڵێن چەندە هەڵسەنگاندنەکانمان راستن٫ بەرەڵا کردنی کەسانی وەکو "گۆران" و نمونەکانی٫ بۆ بێ شکۆکردنی ژنان کردەیەکی پلانبۆدارێژراوە.

شاری مەریوان یەک لەو شارانەیە کە بە چالاکی مەدەنی خۆی دەناسرێت، لە سەردەمی کۆچی مێژویی شاڕ بە رێبەرایەتی کاک فواد تاکو رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و شەهیدانی وەکو شەریف باجوەر و عەتا کۆنەپۆشی. هەبونی چەندین رێکخراوەی مەدەنی و کۆڕ و کۆبونە ئەدەبیەکان٫ قورسایی باری روناکبیری و خەباتی مەدەنی ئەم شارەمان پێ نیشان دەدات.

بەڵام لەم ماوەی دواییشدا زۆرترین هێرش لە سەر چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، ژنان و ژینگە و مامۆستایان ئەنجامدراوە. رژیمی سێدارە لە لایەکەوە بە بەندکردن و بێ سەروشوێنکردنی چالاکانی مەدەنی دەستی کۆمەڵگای ئازادی لە پشتەوە بەستوتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە دەستی سەلەفیەکان و لۆمپەنەکان و کەسایەتی سەرسەری لە شاردا ئاوەڵا کردوە و ئەوانیش بە دڵی خۆیان دەەسوڕێنەوە و رۆژ نیە شەقەزلەیەک لە گۆنای شار نەدەن.

زریکەی کچە منداڵێک لە سەر تەرمی باوکە کۆلبەرەکەی هێشتا خەومان لێ حەرام دەکات کە دەبێ گوێبیستی کارەساتێکی بەم جۆرە بین. راستی ئاسایش و ئارامی چۆن دەسەبەر دەکرێت؟ بە کوشتنی کۆڵبەرێک یان بەرەڵاکردنی لۆمپەنێک؟!! ئایا بەرپرسان ئامادەن وەڵامی ئەم پرسە بدەنەوە؟!

ئەوەی بەدیدەکرێت کۆمەڵگا لە لایەن دەسەڵاتی نێرسالارەوە کەوتوتە بەر پەلاماری هێرش و دەسەڵات دەیەوێت بە هەمو شێوازێک کۆمەڵگا دەستەموو بکات و بیخەسێنێت و بێدەنگی بکات. پێویستە لەبیر نەکرێت، ئەم هێرشانە تا دەڕوات لە هەرێمەکە بەرفراوان  دەبن. تەنیا ماوەیەک لەمەوبەر لە شاری "شڕناخ" لە  باکوری کوردستان بە هەمان شێوە لە لایەن جاشەکان هێرش کرایە سەر ژنێک  بە نێوی "فیردەوس" و دوای دەستدرێژی لە لایەن دەستوپەیوەندکانی رژیمەوە، کۆتایی بە ژیانی هێنرا. لە کەمپی هۆل دوای ئۆپراسیۆنی مرۆیی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک دەرکەوت کە چۆن داعش ژنانی زنجیر کردووە و روژانە کڕین و فرۆشتنیان پێدەکەن.

لە عێراق و باشوری کوردستان و ئەفغانستان دۆخی ژنان باشتر نییە. هزری نێرسالاری لە هەمو شوێنێک دەیەوێت هەژمونی خۆی فراوانتر بکات. لە لەندەنیش دیمەنی ئەو زلەیەی کە کەسێک لە ژنێکیدا، هەمومانی تووشی شۆک کرد.

دوای کۆتاییهێنان بە خەلافەتی داعش لە سەر دەستی ژنانی شەڕڤان، رۆژ دوای رۆژ دەمامکی دەسەڵاتدارانی داعش کە لە ژێر دەوڵەتی مۆدێڕن خویان حەشارداوە، زیاتر دەکەوێت.

دەبێت بپرسین کۆمەڵگای ئازاد چۆن لە بەرامبەر ئەم عەقڵیەتە خۆی رەزگار دەکات؟ ئایا تێکۆشان دژی سیستەمی نێرسالار کە خۆی بۆ دەوڵەت گۆڕیوە و لە روانگەی ئایینیەوە بەردەوام خۆی دوبارە دەکاتەوە، تەنیا ئەرکی ژنانە؟!!

 دورەپەرێزی پیاوان لەم بوارەدا، هەروەها ئەم عەقڵە کە خەباتی ئازادی ژن تەنیا پەیوەست بە ژنەوەیە، دورە لە هێزی چارەسەری و مەترسیدارە. لە هەمان کاتدا گەورەترین ترسنۆکیە. پیاوێک کە خوی وەکو کەسێکی ئازاد پێناسە دەکات ئەگەر نەتوانێت کۆتایی بە هزری نێرسالاری بهێنێت کە بەردەوام بەناوی پیاوبونەوە دەیسەپێنێت دورە لە هەستی ئازادی، لە هەمان کاتدا بۆ خۆشی بەشێک دەبێت لە هەمان هزری نێرسالاری کە نەیتوانیوە لە ناخوداگای خۆیدا فڕێی بدات.

هەمان پیاو هەرچەندە خۆی دیموکرات نیشان بدات، ئەگەری ئەوی هەیە کە دەرفەتی هەبێت عەقڵیەتی نێرینەی خۆی بخاتە دەرەوە.

لە پاڵ ئەوەدا دەبێت بگوترێت، تێکۆشان بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد تەنیا ئەرکی ژنان نیە و ئەرکی سەرەکی پیاوێکی دیموکراتیشە،  بەشداریکردنی کارای پیاوان لەم پێناوەدا پیشاندەری بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیەتی، لێرەدا زیاتر لەوەی باس لە هاوکاری پیاوان لە گەیشتن به مافی ژنان بکرێت، پێویستی بەشداری پیاو دەستنیشان دەکرێت، لە چارەسەری گرفتێکی کۆمەڵایەتی کە خۆی بکەری سەرەکیەتی و ژنیش قوربانی ئەو عەقڵیەتەیە.

بۆیە پێویستەپیاوان بە شێوازێکی رەخنەدایین بە خۆیاندا بچنەوە و  لە چارەسەرکردنیدا دەسپێشخەری بکەن.

بۆ هەر پیاوێک تێگەیشتن لەوەی کە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک بێ هەبونی ژنان بێ واتایە، پێویستیەکە. لێرەدا ئەرکی ژن و پیاوە  کە هاوشان لەگەڵ یەکدی دژی ئەم دەڕەندەیە بوەستنەوە.

 کاردانەوەکانی بەردەم دادگای مەریوان و داواکاریەکان بۆ پاراستنی ئاسایشێ کۆمەڵایەتی تاچەندە دەتوانێت وەڵامدەر بێت؟ ئەمەش بۆ خۆی جێگای پرسیارە. چونکە هەمان دادگا کە داوای بەرقەراکردنی ئاسایشی لێدەکرێت، پارێزەری یاسای نێرسالاریە. خۆی ناوەندی هەڵاواردنی رەگەزیە و لە لایەن بەڕێوەبەرێکی نێرسالارەوە بەرێوە دەبرێت.

نەبونی تاکە یەک ژن، وەکو دادوەر لە سیستەمی دادی ئێران باشترین وێنایە بو نادادی دەزگاکە. لێرەدا بێچارەییەک دەبینرێت کە کۆمەڵگا بۆ پاراستنی خۆیان پەنا بۆ جەلادەکەی خۆی دەبات.

بزاڤی رزگاری ژن تەنیا دەتوانێت لە دەرەوەی سیستەمی نێرسالار بە دوای چارەسەریدا بگەڕێت، پێویستە خۆدی خۆی ئەرکی پاراستنیی لە ئەستۆ بگرێت.

ئێمە لە ئێران رۆژانە بینەری چالاکی ژنانین کە لە چوار چێوەی ئازادی مەدەنی و تاکەکەسی ژناندا ئەنجام دەدرێن، کە زۆر لە ئازادی شێوازی پۆشتەکردنی ژناندا خۆی نیشان دەدات.

پێدەچێت ئەم بابەتە بەجۆرێک پیشاندەری بەرهەڵستکاری دژی سیستەمێک  بێت کە دەستێوەردانی هەر شتێک دەکات. بەڵام دەبێت لە بیری نەکەین کۆمەڵگای نێرسالار و سیستەم تەواوکەری یەکدین. ئێمە روبەروی کۆمەڵگایەک بوینەتەوە کە هەڵگری  عەقڵیەتی نێرسالاریە. زۆر جار کەسانێک دەبینین کە لە سەر و سیمادا زۆر دیموکراتە، بەڵام بە هەمان روانگەوە سەیری ژنان و کۆمەڵگا دەکات.

دەرکەوتنی رسوایی زۆرێک لە هۆنەرمەندان و کەسایەتی سیاسی سەبارەت بە دەسدرێژی سەر ژنان پیشاندەری ئاستی قوڵبونی ئەم عەقڵیەتەیە. بۆیە هەنگاو هەڵگرتن بەرەو کۆمەڵگایکی ئازاد و دیمکراتیک لە سەر بنەمای ئازادی ژن ، پێویستە بە تێکۆشانێکی قوڵی عەقڵیەت و رێکخستنێکە کە توانای خۆپاراستنی هەبێت.

ف.ق