بە دیمەن

لە کەلار مەراسیمی ناساندنی کتێبی "ئەفسانەی مرۆڤدۆستیی ڕۆژئاوا" بەڕێوەچوو

لە شارۆچکەی کەلار مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکێکی نوێ بە ناونیشانی "ئەفسانەی مرۆڤدۆستیی ڕۆژئاوا" بۆ نووسەری کتێبەکە ئەنجامدرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی کەلار لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مەراسیمی ناساندن بۆ پەرتووکی "ئەفسانەی مرۆڤدۆستیی ڕۆژئاوا" ئەنجامدرا و لەلایەن بەرزان ئەمین حاجی ، نوسەری پەرتووکەکەوە ناساندن بۆ کتێبەکە کرا، پەرتووکەکەش باس لە  مرۆڤدۆستیی ساختەی ئەوروپا و ئەمریکا دەکات کە هۆکاری زۆرترین جەنگ ماڵ وێرانیین، هۆکاری بە تاڵانبردنی ئابووری گەلانن. سەبارەت بە پەرتووکەکە بەرزان ئەمین حاجی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لە سەرەتایی قسەکانییدا بەرزان ئەمین باسی لەوەکرد  ناوەڕۆکی کتێبەکە سیاسی و فکریی و ئابوورییە، لەم کتێبەدا ئەمەوێت تیشک بخەمەسەر ئەوەی کە جەنگ پێویستییەکە بۆ سەرمایە گوتی: "پێویستە هەموومان ڕادیکاڵانە خوێندنەوە بۆ پرسی جەنگ بکەین، بۆ ئەوەی لە بەرژەوندیییە سیاسییەکانی پشتەوەی جەنگ تێبگەین.

دەبێت ڕەهەندی ئابووری بە گرنگ ببینین چونکە لە دونیای ئەمڕۆدا بە مەبەستی جەنگ بەکاردەهێنرێت. بەشێکی زۆری وڵاتە زلهێزەکان و وڵاتە پیشەسازییەکان کەرتی ئابووری بەرهەمهێنانیان لەسەر پیشەسازی بەرهەم هێنانی چەکی سەربازییە.

'وڵاتانی ڕۆژئاوا بەمەبەستی ساغکردنەوەی کاڵای سەربازی جەنگ بەرپادەکەن'

وتیشی: "وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی کەرەستە جەنگییەکانی بەرکاربێت هەوڵی بەرپاکردنی جەنگ دەدەن، چونکە جەنگ باشترین ئامرازە بۆساغکردنەوەی چەک و کەرەستەکانی تری جەنگ بەمەش ژێرخانی ئابووری خۆیان زیاتر پتەو دەکەن".

'هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەی لە کۆمەڵگەدا وشیاری پێویستە'

لە کۆتایی قسەکانییدا بەرزان ئەمین حاجی ئاماژەی بەوەکرد کتێب و خوێندنەوە باشترین ئامرازن بۆ وشیاربوونەوەی تاک و کۆمەڵگە، وتی: "بۆ هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەی لە کۆمەڵگەدا وشیاری پێویستە ئەمەش بە خوێندنەوە دەکرێت. کۆمەڵگەی ئێمە ئاستی وشیاری تا ڕادەیەک لاوازە، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ لای کتێب و خوێندنەوە، بۆ ئەوەی پاشخانی زانیینی خۆمان بەهێزبکەین بە ئایدیا و تێگەشتنی ڕادیکاڵانە، تاوەکو لەم ڕێگەیەوە وشیاری بە تەواوی کۆمەڵگە بگات".