کەرکوک، دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان جووتیارانی کورد گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا
جووتیاران و خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەری سنوری کەرکوک، لەدژی پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.
جووتیاران و خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەری سنوری کەرکوک، لەدژی پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، نزیکەی سەد کەس لە خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر و جووتیارانی کورد گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان و ئەو ستەم پێشێلکارییانەی دژی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنوری کەرکوک ئەنجام دەدرێت لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە.
جووتیاران و خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر، لە گردبوونەوەکەدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد و تێیدا ڕایانگەیاند، "بەڕۆژی ڕووناک و بەئاشکرا ساڵەهای ساڵە ستەممان لێ دەکرێت و زەویمان داگیر دەکرێت، بۆیە ئیستا کاتی یەکڕیزی و یەکبوونی کورد و تورکمانە لەبەرامبەر ئەو ستەمەی لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە دژیان دەکرێت".
"لەڕێگەی خەباتی دیموکراتی پێش لە ستەم دەگرین"
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، دکتۆر حەسەن گەرمیانی، کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک و ناوچەی خورماتوو بەناوی جووتیاران و خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند دوا و گوتی: "داوا لە نوێنەرانی شارەکەمان دەکەین لە بەغدا بێ دەنگ نەبن لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییەی دژی کورد و تورکمانی شارەکە ئەنجام دەدرێت، لە بابەتی داگیرکردنی زەوییەکان لەلایەن عەرەبی هاوردەم، دیارە کە هەردوو پێکهاتەی کورد و تورکمان زەرەرمەندن، هەموومان پێکەوە دەتوانین لەڕێگەی خەباتی دیموکراتی، مانگرتن خۆپیشاندان و سکاڵا تۆمار کردن پێش لەو پێشێلکاریانە بگرین کە دژی جووتیارانی کورد و تورکمانی شارەکە دەکرێت، بۆیە پێویستە هەموومان بە یەک دەنگ لەدژی ستەم و پێشێلکردنی مافەکانمان بوەستینەوە".
"عەرەبی هاوردە بە زۆرداری زەوی جووتیارانی کورد داگیر دەکەن"
هەروەها دکتۆر حەسەن گەرمیانی، لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر داگیرکردنی زەوییەکانی کورد لە ناوچەکانی داقوق لە باشوری کەرکوک و ئاشکرای کرد: "لەئێستادا لە ناوچەکانی قەزای داقوق-ی سەر بە پارێزگای کەرکوک، عەرەبی هاوردە بە زۆر و زۆرداری زەوی جووتیارانی کورد داگیر دەکەن و بیری ئاو لەناو زەوی کوردان لێدەدەن، ئێمەش وەکو نوێنەری جووتیاران و خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو ستەمەی لە کورد و تورکمانی شارەکە دەکرێت لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە".
"خاک بۆ ئێمە پیرۆزە و داکۆکی لێ دەکەین"
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو نوێنەرەی جووتیارانی کەرکوک، ڕایگەیاند: "هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار و نوێنەرانی شارەکەمان لە بەغدا بەدەنگی ئێمەوە بێن و کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن نەک بەشێوەیەکی کاتی وەکو هەمووجار، بۆ ئێمەی کورد خاک پیرۆزی خۆی هەیە ئەگەر خاک نەبێت ئەوە خەڵک و ژیانیش نامینێت، هەموومان بە یەک دەنگ و یەک دەست داکۆکی لە مافی جووتیاران و خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر دەکەین".