لەسەردانی رایەدارانی ئێران و تورك هەرێم ئاگری تێبەردەدرێت

دەوڵەتی تورك ماوەیەكی درێژە دەیەوێت و هەوڵدەدات رژێمی ئێران راكێشی شەڕی دژ بەكوردان بەتایبەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بەڕێبەرایەتی"پەكەكە" بكات و بۆ جێبەجێكردنی مەرامەكانیشی هەوڵی بێوچانی دا.

محمەد عەلی باقری كەنی لەسەرناوی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی پێنج شەممە و هەینی"١٣-١٤"مانگی شەشی ٢٠٢٤ بەسەردانێك چووە بەغدا و پاشان لەوێوە خۆی كردە هەولێر و سلێمانیدا. بەگوێرەی لێدوانە رۆژنامەوانیەكان لەبەغدا و هەولێرەوە سەردانەكەی باقری بەمەبەستی تەواوكردن و جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانەی بە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و ئیبراهیم رەئیسی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەستیان پێكردبوو و جەختكردنەوە و سووربوونەوە لەسەر رێككەوتنەكانیان و بەندەكانی ئەو لێتێگەیشتنانە بەتایبەتی، ئەو بیست و سێ رێككەوتنەی لەكاتی سەردانی نێچیرڤان بارزانی و وەفدەكەی بۆ ئێران لەمانگی رابردوودایە.

ئەوەی سەرنجڕاكێشە پێش دوو رۆژ لەسەردانەكەی باقری بۆ هەولێر و سلێمانی؛ لەگوێر و لەنێو شاری هەولێر كۆگایەكی پاڵاوگەی نەوت و باڵەخانەیەكی چەند نهۆمی ئاگریان تێبەردرا. هەرچەندە پاڵاوگەكان لەهەرێمی كوردستان و پرۆژە زەبەلاحەكانی خانوبەرە و تاوەرەكان نایاسایین و سەر بە كەسانی بڕیاربەدەست و دەستڕوێشووی نێو حیزبە دەسەڵاتدارەكانە و قازانجێكی بۆ خەڵكی هەرێمی باشوری كوردستان تێدا نییە و بەدەر لە چەند مشەخۆر و چینێكی سەروی كۆمەڵگە كە تێیدا قازانج دەكەن و تەپۆتۆزەكەشی دەچێتە قوڕگی خەڵكی بەش مەینەتی هەرێمەوە، بەڵام جارێكی تر بەهۆی ئەوەی ئەو موڵك و ماڵانەش لەلایەن داگیركەرانەوە ئاگریان تێبەردەدرێت، بەشێكن لەدەوڵەمەندی و سەرچاوەی گەل كە مافیاكان دەستیان بەسەرداگرتووە، سووتاندن و ئاگرتێبەردانیان رەوا ناكات. لەمانگی دووی ئەمساڵەوە هەر لەبازاری كۆنی دهۆكەوە بگرە تا بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاری كوتاڵفرۆشان و زێڕنگەران و بازاڕی قەیسەری قەڵای كەركوك ئاگریان تێبەردرا و حكومەت و بڕیاربەدەستانی هەرێمیش فزەیان لێوە نەهات و هۆكارەكانیان خستە ئەستۆی شۆرتی كارەبا و بیانو هێنانەوە بۆ رەوایەتی پێدان بەخستنەوەی ئاگرەكان لەلایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستانەوە. ئەو شێوە رەوایەتیدانانە دەرخەی ئەو راستینەیەن كە دەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان بەتایبەتی دەوڵەتی داگیركەری تورك و رژێمی ئێران دەستێكی باڵایان لەنێو كاروباری هەرێمی باشوری كوردستاندا هەیە و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەش بەهۆی سیاسەتی نانەتەوەیی و نادیموكراتیان بەتایبەتی سیاسەتی نالۆژیكی و ملكەچ و تەسلیم بوو و بەكرێگیراوی پەدەكە بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك و هێزە هەژمۆنپارێزەكانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی وای كردوە كە چارەنووسی گەلەكەمان و داهاتووی باشوری كوردستان لەبەر رەحمی هێزە داگیركەرەكان بێ و ئەو هێزانەش كەی بیانەوێت ئاگر لەماڵ و موڵكی گەل و ژێرخان و سەرخانی هەرێمەكەمان بەردەدەن.

ئەم ئاگر تێبەردان و تیرۆر و تۆقاندنانەی لەهەرێمی كوردستان تەنیا بەسەردانەكەی باقریش كورت ناكرێتەوە؛ بەڵكو پێش سەردانەكەی هاكان فیدان و ئەردۆغانیش بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان هێرش كرایە سەر پاڵاوگەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە كۆرمۆر و دەرچواندنی چەند بڕیارێك لەلایەن دادگای فیدڕاڵی دەوڵەتی عێراق و تیرۆری سیاسەتمەدارانی باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم.

دەوڵەتی داگیركەری تورك بەهۆی ئەو منافەسە و كێبڕكێیەی لەگەڵ رژێمی ئێران لەمەڕ داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی عێراق و تەسلیم وەرگرتنی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و تمۆحی هەژمۆنپارێزیان و باڵادەستی لەناوچەكە، كوردستان وەك گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێیەكانیان بەكاردێنن. بەتایبەتی دەوڵەتی داگیركەری تورك دوای بێ ئەنجامبوونی سەردانەكانی هاكان فیدان و ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر و پاش سەردانی نێچیرڤان و وەفدەكەی بۆ ئێران، ئیدی دەیەوێت ئاگری گڕگرتووی هەناوی بەئاگر تێبەردان لەشارەكانی هەرێمی كوردستان و موڵك و ماڵی هاوڵاتیان دامركێنێت و رەنگە بۆ سارێژی برینەكان و شكستەكانی لەسەردەستی گەریلاكانی ئازادی كوردستان و بزوتنەوەی مەدەنی لەباكوری كوردستان و شكستی لەهەڵبژاردنە هەرێمیەكانی سی و یەكی ئاداری ئەمساڵ بیەوێت بەرێگەی هاندانی گروپە چەتەكانی داعش و بەرەی نوسرە و توركمانەكانی هەولێر و كەركوك و تەلەعفەر و تەكنەلۆجیای سەربازی و بەرێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئاگرەكەی باشوری كوردستان گوڕتر بكات و بەوشێوەیەش ئاسایشی هەرێمی باشوری كوردستان لەسایەی سیاسەتەكانی پەدەكەوە تێكبدات و ئاگری پشێوی و نائارامی و تیرۆر لەهەرێمەكە خۆش بكات.

دەوڵەتی تورك ماوەیەكی درێژە دەیەوێت و هەوڵدەدات رژێمی ئێران راكێشی شەڕی دژ بەكوردان بەتایبەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بەڕێبەرایەتی"پەكەكە" بكات و بۆ جێبەجێكردنی مەرامەكانیشی هەوڵی بێوچانی دا، بەتایبەتی بەرێگەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەندێ لەوڵاتانی عەرەبی و هاندانی پەدەكە و چەند پارتێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ختوكەی رژێمی ئێرانی دا.

ئێستاش كە رژێمی ئێران پەرە بە پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ پەدەكە و هەرێمی كوردستان دەدات بۆ تەسفیەكردنی ئەو هێزانەی دەوڵەتی تورك پشتی پێ بەستوون و راگرتنی باڵانسی پەیوەندی سیاسی و ئابوری و ئیستخباراتی لەگەڵ دەوڵەتی تورك و داخستنی بنكە و سنورداركردنی هەندێ وڵاتی ئیقلیمی و دژبەری رژێمی ئێران لەهەولێر، كێچ كەوتووەتە كەوڵی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان و باخچەلی؛ چونكە ئەو هەوڵانە لەدژی سیاسەتە داگیركەریەكانی خۆیان لەسەر كوردان و بەرژەوەندیەكانیان لەعێراقدا دەبینن، هەر بۆیەش لەم چەند رۆژەدا و پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێ بۆ ئێران، رەنگە دەوڵەتی داگیركەری تورك ئاگرتێبەردانی هەرێمی كوردستان گەشتر بكات و تەگەرە لەبەردەم هەڵبژاردنە پەرلەمانی و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات و رێگە نەدات پارێزگاری كەركوك دیاری بكرێت.

هـ . ب