موقتەدا سەدر بەدوای چیدا دەگەڕێ؟

لەم رۆژانەدا بەغدا نە تەنیا لە بەر گەرمای هاوین دەکۆڵێت، لە بواری سیاسیشدا ئاگری گرتووە و ئەگەر وەها بڕوات لەگەڵ خۆی زۆر شتی دیکەش دەسووتێنێ.

لەم رۆژانەدا بەغدا نە تەنیا لە بەر گەرمای هاوین دەکۆڵێت، لە بواری سیاسیشدا ئاگری گرتووە و ئەگەر وەها بڕوات لەگەڵ خۆی زۆر شتی دیکەش دەسووتێنێ. چاوروان دەکرا دوای رووداوەکەی «زاخۆ» و ئەو هێرشەی لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرایە سەر گەشتیارانی عەرەب و هەمووشیان شیعەبوون و بە زۆریش خەڵکی کەربەلا بوون، دەوڵەتی ناوەندی عێراق هەڵوێستێکی تووند بگرێت. جووڵانی شەقامی عێراق بە تایبەت لە باشووری ئەم وڵاتە  و داگیرکردنی کۆنسۆلخانەکانی تورکیە لە لایەن خەڵکی نارازیەوە هەموو بەرپرسان و سەرۆکی کوتلە سیاسیەکانی هێنایە دەنگ و بە پێ پێویست لێدوان دژی دەڵەتی تورکیە دەرکران و پێویست بوو ئەم کاردانەوانە لە لایەن پارلەمانەوە ببوونایە بە یاسا و بە شێوازێکی کرداری پێش بە هەژموون خوازیەکانی تورکیە بگیردرێ، شتێ کە تا ئێستا بە کردار نەکراوە.

ئەوی لە بەغدا روو دەدات ئاڵۆزتر بوونی نێوماڵی شیعەکان و داگیر کردنی پەلەرمان بوو لە لایەن رەوتی سەدرەوە. ئێستا نە تەنیا بەغدایێکی بەهێز وێنا ناکرێت کە بتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێ بە پێچەوانەوە ناسەقامگریێکی زۆر دەبینرێ.

دوای هەڵبژاردنەکانی ئێراق پێویست بوو دەوڵەت پێک بێت هەرچەن «رەوتی سەدر» بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر هەوڵیدا  و بریار بوو بە هاوپەیمانی سەدر – حەلبووسی – بارزانی ئەم حکوومەت پێک بێنێت، بەڵام بە دەستێوەردانی ئێران  سەرکەتوو نەبوو و هەماهەنگی نێوان ئەو سێیانە هەلوەشایەوە. بەم شێوەیە دەرفەتێک درووست بوو «نوری مالیکی» بۆ پێک هێنانی حکومەت هەنگاو هەڵگرێت. چاوەروان دەکرا مالیکی بتوانێت حکوومەت درووست بکات، چوون کەسایەتیێکی نزیک بە ئێرانە. بە پێ مێژووی سیاسەت لە بەغداد دوای رووخانی بەعس لە سالی ٢٠٠٣ بێ رێکەوتینی ئێران و ئامریکا هیچ حکومەتێک لە بەغدا نەیتوانیوە بێتە سەر کار. لە راستیدا هۆکاری سەرەکیی شکەستهێنانی هەماهەنگی سێ قۆڵی سەدر – حەلبووسی – بارزانی لە دەرەوە هێشتنەوەی ئێران بوو لەو بازنەیەدا، هەر ئەمەش وەهای کرد بە ئەنجام نەگات.

ئەوەی بەدی دەکرێت «چوار چێوەی هەماهەنگی» بەو شێوازە کە پێوسیت دەکات نەیتوانی لەم دەرفەتە کەڵک وەرگرێت و لە دامەزراندنی دەوڵەتدا دەستی دەستی کرد و دەرفەتەکە کەوتە دەستی سەدر تاکوو بە رێگای شەقام بتوانێت بەرامبەر ئەم یەکەدا ئاستەنگی درووست بکات.

موقتەدا سەدر کە لە رەچەڵەکی سەدریەکان هاتووەو و خاوەن ماڵباتێکە بە رابردوویێکی سیاسی  و باوکیان «محەمەد باقر سەدر» دژی رژیمی «بەعس» خاوەن هەڵوێست بوو و لە هەمان کاتدا لەگەڵ رژیمی ئێسلامی ئێران بە تایبەت خومەینی پەیوەندیێکی پتەویان هەبوو. بەڵام ئێستا ئەوەی کە دەبینرێت موقتەدا سەدر هەوڵ دەدات خۆی وەکوو مەرجەعێکی دینی نیشان بدات. بەم شێوەیە لە گەڵ مەرجەعیەتی قوم تووشی ناکۆکی بووە و خاوەن روانگەیێکی نەتەویی عەرەبیە کە زۆرتر بەرەو «ریاز» دەکێشرێت تاکوو «تاران» و بەم جۆرە لە سیاسەتەکانی ئەمریکاش نزیک بووەتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا مەیلی سەدر بۆ گەیشتن بەو ئاواتەی گەشەی سەندووە بە تایبەت دوای سیستانی لەو باوەڕەدایە کە لەمپەرەکانی پێش بە مەرجع بوونی کەمتر بوونەتەوە.

  سەدر زۆرتر لەوەی خاوەن سیاسەتێکی پێگەیشتوانە بێت و وەکوو سیاسیێکی کرچ و کاڵ دێتە بەرچاو و رووی لە سیاسەتێکی پۆپۆلیستی کردوە کە لە سەر بنەمای درووشم و ورووژاندنی شەقام راوەستاوە، ساڵانێکە خاوەن باڵی چاکداریەو لە نێو پێکهاتەی سیاسیدا جێگای گرتووە و ئەویش بێبەش نەبووە لەو گەندەڵیانەی کە لە بەغداو و لە هەرێمی سەوز روودەدەن، هەمان گرفتانەی کە ئێستا کردوونی بە درووشمی سەرشەقام و خەڵکیان پێ هان دەدات بێ ئەوی کە هێزی چارەسەری گرفتەکانی هەبێت. کۆمەڵگای عێراقیش ساڵەنە بە هۆی نەبوونی سەقامگیری سیاسی و هەروەها رێوەبەریێکی تۆکمە لە نێو گەمەی کوتلە سیاسیەکاندا تووشی داڕمان بووەو و ئەو گەندەڵیەی کە هەیە کۆمەڵگای تووشی داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کردوە. شەقامی بێ هیوا و داخوازی بنبڕکردنی گەندەڵی و فراوانکردنی خزمەتگوزاریەکانە و بەدوای درووشمە رادیکاڵەکاندا دەڕژێتە شەقام. لەم بارەدا سەدر توانیویەتی زۆرتر لە هەمووان گۆڕەپانەکە لە دەستی خۆیدا بگرێت. لە لایێکەوە خاوەن درووشمی رادیکاڵە و لە لایێکی دیکەشەوە وەکوو پێشەنگی دینی توانیویەتی لە روانگەی مەزهەبیەوە  سۆزی باوەڕمەندانی شیعە بۆ لای خۆی راکێشێت. بەتایبەت ئەگەر سەیرمان کردبێ لەم ماوەی دواییەدا ئەو وێنانەی کە لە سەدر دەردەکەون ئامانجایان نیشان دانی موقتەدا سەدرە وەکوو کەسایەتیێکی ئاینی کە دەست لە ماڵی دوونیا و دەسەلات شۆردووەتەوە. لە وێنەکاندا سەدر لە گۆشەی ماڵێکی خاڵی و سادەدا بەدی دەکرێت کە بە عابا و مێزەرەیێکەوە دانیشتوە، یان خەریکی دۆعا کردن و نوێژ خوێندنە، ئەمانە سیمای کەسایەتیگەلی وەکوو خومەینی و سیستانیمان وەبیر دێنێتەوە. هەرچەندە خۆی خاوەنی میدیایێکی تایبەت نییە، بەڵام  دەتوانێ بە تیووتێک چەند رۆژ جارێک خۆی بکاتە رۆژەڤی هەموو راگەیاندنەکان.

لە کاتێکدا سەدر دوای ساڵی ٢٠٠٣و رووخانی رژیمی بەعس بە رێگای هێزە لەشکەریەکانەو وەکوو «جیش المهدی» و «سرایا السلام» کەوتە نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق دواتر توانی بە رێکخستن کردنی شەقام بۆ گەیشتن بە ئارمانجەکانی هەنگاو بنێت و ببێتە هۆکاری دەس لە کار کێشانەوە حکوومەتی عادل ئەلمەهدی و ئێستاش بە داگیرکردنی پەرلەمان لە رێگای لایەنگرانیەوە توانیویەتی بەغداد ئیفلیج بکات.

رەوتی سەدر پێکهاتەکەی لە سێ بەش پێک هاتوو خودی سەدر لە سەرووی هەموان دێت و دوای ئەو لایەنگرانی کە بە کڵاو شینەکان ناودەنگن و دوای هەمووانیش خەڵکی رەش و رووت نێو شەقامن. ئەم جۆرە سیاسەت کردنە کە روانگەیێکی پۆپۆلیستی هەیە لە ئاستی هەرێمەکە و جیهاندا زۆر جار کەسەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان بەکاری دێنن و سواری شەپۆلی خەڵکی ناڕازی دەبن، بێ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی لەگەڵ خۆی بێنێ. ئەوی کە دیارە سەدریش بە هەمان ئامانج سیاسەت دەکات.

 هەڵمەتەکانی سەدر و نانەوەی ئاستەنگی لە بەرامبەر درووست بوونی حکوومەت بە سەرۆکایەتی مالیکی زۆرتر لەوەی لە بەرژەوەندی عێراق دابێت لە بەرژوەندی دەوڵەتی تورکیە و لە هەمان کاتدا هێڵی عەربستان – ئیسرائیلدا شکاوەتەوە و زۆرێکیش پێیان وایە کازمی بە پلان دەستی سەدری بۆ ورووژاندنی شەقام و گرتنی پەرلەمان ئاواڵا کردوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەوڵەتی داهاتوودا وەکو سەرۆک وەزیران مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. تەنانەت بڵاو کردنەوەی فایلە دەنگیەکەی نوری مالیکی دەکرێت لە چوارچێوەی هەمان پلاندا بێت. لەسەر ئەم بنەمایە پێدەچێت ئەمانە پلانی دەزگای هەواڵگێری بن و چوون کازمی خۆی خاوەن پاشخانێکی موخابراتیە شتێکی دوور لە راستی نابێت. بەم شێوەیە هەم خۆی بە ئامانجەکانی دەگات؛ کە مانەوەیەتی وەکوو سەرۆک وەزیران و هەمیش سەدر وەکوو مەرجەعێکی سیاسی بە ئاواتەکانی خۆی دەگات.

ئەوەی لەم نێوەدا تووشی زیان دەبێت خەڵکی عێراق دەبن. لە هەمان کاتدا ئەو بوویەرانە بە هیچ شێوازێک لە بەرژوەندی ئێراندا نابن و پێ دەچێت لەم بوارەدا ئێران بێدەنگ نەمێنێت. هەر چەند تاکوو ئێستا وەکوو بوویەرێکی ناوخۆیی عێراق سەیری کردوەو لایەنەکانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری ناوخۆیی هانداوە بەڵام پێ ناچێت لە ئەگەری هەر رووداوێکدا کە دژی بەرژوەندیەکانی راوەستێتەوە بێدەنگیەکانی بەردەوام بکات. پێشتریش لە هاوپەیمانیەکەی سەدر – حەلبووسی – بارزانی ئەم یەکەی نیشانداوە. چوون زۆرێک لە بەرپرسانی تاران لە سەر ئەو بڕوایەدان ئەو هەنگاوانەی کە سەدر هەڵیان دەگرێت بادانەوەی بەغدایە بەرەو بەرەیێک کە لە بەرژوەندی ئێراندا نابێت و دەستی ئێسرائیل لە هەرێمەکە بەهێزتر دەکات.

لە هەمانکاتدا دەکرێت باس لە چەن ئەگەری دیکە بکرێت. سەدر سوورە لە سەر درووست کردنی عێراقێکی ناوەندی، ئەمەش بە واتای هەلوەشانەوەی حکومەتە لە سەر بنەمای تەوافۆق کە هەر یەک لە پێکهاتەکانی نێو عێراق وەکوو کورد، سوننە و شیعە دەسەڵات لە نێو خۆیاندا دابەش دەکەن. ناوەندگەرایی بوون و دووست کردنی حکومەت لە سەر بنەمای زۆرینە ئەگەری گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی بەعس بەڵام بە ناوەندگەرایی شیعە. دیارە ئەم جۆرە روانگەیە کە زۆرینە حکومەت پێک بێنێ و کەمینە ئۆپۆزسیۆن بێت لەگەڵ واقێعی عێراقدا ناگوونجێ. هەروەها بەردەوام کردنی ئەم دۆخەی ئێستا لە بەغداد ئەگەری پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆیی لێ دەکەوێتەوە.

کورد بە حۆکمی ئەوی دابەش بوو بە سەر هەردوو بەرەکەدا، ئەگەر لە نێو خۆیدا سەبارەت بە بەرژوەندیەکانی  رێک نەکەوێ ئەگەری هەیە بکەوێتە بەر پریشکی ئەو ئاگرەوە.

ژ.ت