دەوڵەتی تورک بێ پسانەوە بەردەوامە لە جێبەجێ کردنی پلانی سەدەی خۆی لەناوبردنی گەلی کورد. ئەگەر ئەوە لەبەرچاوبگرێت کە ئیتر شەڕ بە چوار لای کوردستاندا بڵاوبووەتەوە و دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان هەوڵ دەدات لەگەڵ هەموو کەس هاوپەیمانی بکات، هەموو راستیەکە درکی پێناکرێت. لەمڕۆدا شەڕ لەئارادایە. ئەوانەی دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەبەن بە وتنی 'ئێمە بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە' هەوڵ دەدەن پرس و کێشەیەکی مێژوویی نەبینرێت.. پرۆسەی جینۆسایدی کوردان ١٠٠ ساڵە بەڕێوەدەچێت. دەڵێن "دوێنێ لە دژی دز و چەتەکان، ئەمڕۆش لە دژی تیرۆر شەڕ دەکەین". بەڵام جەوهەری کار، سەرکوت، تۆقاندن، تواندنەوەی کولتوری و لەمێژوو دابڕینی گەلی کوردە.
هەموو ئەوانەی گرنگی بە پرسی کورد دەدەن با بزانن کە کشەکە پرسی تیرۆریزم یا خود پرسی دیکە نییە. ریشەی کێشەکە جینۆسایدکردنی گەلی کوردە. سەرباری ئەوەی لە تەواوی مێژووی کۆماردا گەڕ و سەفەربەری لە دژی کورد ئەنجامدراون، کۆمەڵکوژی و دوورخستنەوە نەوەستاون. ئەوانە لە تورکیا گرنگی بە سیاسەت دەدەن کەم تا زۆر ئەوە دەزانن. بەڵام دیارە لە ناو ئەو سنوورانەی دەوڵەت کێشاویەتی بیردەکەنەوە و هەوڵ دەدەن سیاسەت بکەن، بەشێک لە چارەسەری نین، بەشێک لە کێشەکەن. بە راستیش لە تورکیا لەو رووەوە کەشێکی سیاسی زۆر دواکەوتوانە و دەوڵەتپارێز هەیە. هەندێک پارت و رێکخستن کە دەڵێن ئێمە چەپ و سۆسیالیستین، ئێستاش زیاتر لە دەوڵەت هەوڵ دەدەن کوردان و رێکخراوەکانیان بە ناڕەوا نیشان بدەن.
گەڕان بە دوای ماف و تێکۆشانی کورد لە لایەن هێزە ئیمپرایالیستیەکانەوە وەک تیرۆر ناودێرکرا و لە سیاسەتی جیهان دوورخرایەوە. تورکیا سودی لەو کەشە وەرگرت، هەموو جۆرە تاوانێکی مرۆڤایەتی لە دژی کوردان بەڕێوەبرد. لەبەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داون لە هیچ سەکۆیەکدا لێپرسینەوەی لێنەکراوە، کەسیش هەوڵی نەداوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات. لە هێزە راستگرەکانی ژێر کاریگەری هێزە ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەتی تورک، تا هێزە سۆسیالیستەکان، زۆر لایەن لە لە دژی ئەم بەربەستە بەرامبەر کورد، وەستاون. ئەوان خۆیان نەک لە تەنیشت خاوەن مافەکان، بەڵکوو لەلای ناڕەواکان و پێشێلکاران ماف یەکلا کردەوە.
لەو گەمەیەدا لایەنێکی کوردی هەیە. بە بێ بینین و بێ کاریگەرکردنی ئەو لایەنە کوردیە ئەو گەمە خوێنمژانە کە لە دژی گەلی کورد پلانی بۆ دانراوە، کۆتایی بەو تراژیدیایە نایات. لە هەموو سەرهەڵدان و شەڕەکانی کورددا بەردەوام گروپێکی خیانەتکار و داردەست بوونی هەبووە. ئەگەر کورد یەکبگرن و پێکەوە هەنگاو بنێن، هەرگیز شکست ناهێنن. لەبەر ئەوەی دوژمنی کوردان ئەوە بە باشی دەزانن، بەردەوام بە پێویستی دەزانن پشت بە هەندێک گروپی داردەست ببەستن. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ دەدەن ناکۆکی و ناتەبایی ناوخۆیی کوردان بقۆزنەوە و بە گژ یەکیاندا بکەن. لە ساڵانی ١٩٨٠ەوە دەوڵەتی تورک هەموو رێگە و شێوازێکی تاقیکردووەتەوە. جەردەوانیی رێکخست، حزبول-کۆنترای وەک تۆڕێکی کوشتن بە کارهێنا، هەندێک کوردی لە رووی ئابووریەوە بەهێز کرد، بەخۆیەوە بەستنەوە و هتد. سەرباری هەموو ئەوانەش نەیتوانی بزوتنەوەی کورد سەرکوت بکات.
دەوڵەتی تورک هەوڵیدا کوردان لە دەرەوەی سنوورەکانیشی بکاتە بەشێک لەم شەڕە. بەتایبەتیش کاریان لەسەر پەدەکە لە باشووری کوردستان کرد. لەلایەکەوە بە سوکایەتیان پێکردن و هەڕەشەیان لێکردن، لەلایەکی دیکەشەوە لە دژی پەکەکە و گەریلا بەکاریان هێنان. بە هەوڵی دوور و درێژ و بە شێوازی جیاجیا توانی پەدەکە بباتە پاڵ خۆی. هێڵی سیاسی پەدەکەش مەیلی بەرەو ئەوە هەبوو. پەدەکە لە راستیدا بە واتای بنەماڵەی بارزانییە. پەدەکە خاوەنی کاراکتەرێکی سیاسی دیموکراتیک، ئازادیخواز نەبوو. لەو پارتەدا هێڵێکی سیاسی کە بە گشتی بنەماڵەپەرست و دەسەڵاتدارە، باڵادەست بوو. کاتێک بەم جۆرە بێت، دەتوانن پارچەکانی تر بکەنە قوربانی و لە تێکشکاندنیاندا رۆڵیان هەبێت.
لە ساڵیادی ١٥ی ئابدا فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە موراد قەرەیلان داوای لەگەلی کورد، رۆشنبیران و پارتە کوردییەکان کرد. پێشتریش زۆرجار بانگەواز ئاراستەی پەدەکە کرابوو. لەناو گەلیشدا هەستیارییەک ئافرێنرا. بەڵام پەدەکە لە ئەنجامی رێککەوتن و دانوستانەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک، تادێت زیاتر رۆدەچێتە ناو شەڕەکەوە. قەرەیلانیش سەرنجی بۆ سەر ئەو مەترسیە نیشاندا. ئیتر دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستی پێکدادان، دەبێت گەلی کورد لایەنە بەرپرسیارەکان ئەوە بزانن، ئەگەر شتێکیان پێدەکرێت با بیکەن. هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە نایانەوێت لەگەڵ پەدەکەدا تووشی شەڕ بن و ئەوەش خرایەڕوو کە پێویستە کوردان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورک یەکتر نەکوژن.
کاتێک پەکەکە و فەرماندەکانی گەریلا ئەو بانگەوازانەیان دەکرد و هەوڵیان دەدا رێگە لەبەردەم ناکۆکی نێوان کوردان بگرن، لەلای پەدەکەوە لێدوانی پێچەوانە دەدران. یەک لە سەرکردەکانی پەدەکە عەلی عەونی هاتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنی بنەماڵەی بارزانی و داوایەکی ئاراستەی دەوڵەتی تورک کرد. بە وتنی "سوپای تورک و میت بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان چۆن بیانەوێت پەکەکەییەکان دەکەنە ئامانج. بۆچی سوپای تورک و میت بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەڕێوەبەرانی باڵای پەکەکە ناکەنە ئامانج"کەوتە بەرباس. ناتوانین ئەوە تەنیا وەک گێرەشێوێنییەکی عەلی عەونی ببینین. ئەگر بەو جۆرە بوایە، کاریگەرییەکەی بەم رادەیە خراپ نەدەبوون. دەبێت ئەوە وەک بانگەوازی بارزانییەکان دابنرێت. ئەگەر بەو جۆرە نەبوایە بنەماڵەی بارزانی ئەو لێدوانەیان لە تەلەڤزیۆنەکەیانەوە بڵاونەدەکردەوە، یاخو ئەگەر بەو جۆرە نەبوایە دژی دەوەستانەوە و رایاندەگەیاند کە ئەو گوزارشت لە رای ئەوان ناکات. بەڵام شتێکی لەو جۆرە رووی نەدا. هەروەها لە راگەیاندن و پەڕەکانی پەدەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا لە دژی پەکەکە و گەریلا شەڕێکی قورسی دەرونی بەڕێوەدەبرێت. بەو جۆرە دەردەکەوێت کە پەدەکە کەشێک بۆ بەشداریکردن لە شەڕ دژی گەریلا بخوڵقێنێت.
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا
هـ . ب