پەکەکە تاکە هێز کە پلانە داگیرکارییەکانی دەولەتی تورک پوچەڵدەکاتەوە

دامەزراندنی پەکەکە لە چوار پارچەی کوردستان هەستێکی جیاوازە بوو بۆ گەلی کورد، بە جۆرێک گەلی کورد دڵنیایە لەوەی کە لە لایەن پەکەکەوە دەپاڕێزرێت و خاوەنداری لە ناسنامەی نەتەوەی دەکرێت، گەلی باشووری کوردستانیش پەکەکە بە گەرەنتی پاراستنی خۆی دەبینێت.

پەکەکە هەر لە درووستبوونییەوە لە ساڵی ١٩٧٨ ئامانجی یەکجاری ڕزگارکردنی هەر چوار بەشی کوردستانی کردە بنەمای سەرەکیی خۆی. کاتێک ڕێبەر ئۆجالان لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠ەوە دەچێتە سوریا و لبنان، پەیوەندیی بە سەرکردەکانی باشووری کوردستانەوە دەکات و جەخت لەسەر هاوکاریی پەکەکە بۆ باشووری کوردستان دەکاتەوە.

کاتێک لە ساڵی ١٩٨٨دا ئاگربەست لە نێوان عێراق و ئێران ڕاگەیاندرا، ڕژێمی عێراق بە هەموو توانای سەربازیی و هەواڵگریی خۆیەوە هێرشی کردە سەر تەواوی باشووری کوردستان، تەڤگەری کورد لە باشووردا دووچاری شکستێکی مەزن هات، سەرکردایەتی پەکەکە مەزەندەی ئەوەی کردبوو بەشێکی زۆری گەلی باشوور ڕوو لە باکووری کوردستان بکات، بۆیە هەر زوو هاتنە ناوچەی حەفتانین و هەموو هاوکارییەکیان پێشکەش کردن.

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠دا سوپای عێراق کۆیت داگیردەکات، دوای چەند مانگێک هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سوپای عێراق بە تێکشکاوی لە کۆیت دەردەکەن، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئەوەی گەلی باشوور لە ساڵی ١٩٩١دا ڕاپەرین دژی دامودەزگا سەرکووتکەرانی ڕژێمی بەعس بکات و بەشێکی زۆری خاکی کوردستان ئازاد بکەن، لەو کاتەشدا پەکەکە وەک هێزێکی کوردستانیی هاوکاری و پشتیوانی بۆ باشووری کوردستان ڕاگەیاند.

هەر لەو دەمەدا ڕێبەر ئۆجالان لە "ڕاپۆرتی سیاسی" کۆنگرەی چوارەمی پەکەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر گەلی کورد لە باشوور بتوانن یەکێتی خۆیان پێکبێنن، ئەوا دەرفەتی ئەوە دێتەدی کە ستاتۆیەکی سەربەخۆش ئاوابکەن، ئەگەر ئەمەش نەبێت، دەتوانن فیدراڵیش بۆ خۆیان بونیاد بنێن.

بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢ تورکیا و ڕژێمی عێراق پێکهاتن و ڕایانگەیاند: بەو مەرجە فیدراسیۆن لە باشووری کوردساندا قەبوڵ دەکەین، دەبێت لە دژی پەکەکە سیاسەتی خۆی بنیات بنێت، بۆیە پەرلەمانی هەرێمیش یەکەم بڕیاری ئەوەبوو کە چۆن پەکەکە لە باشوور دەربکەن، شەڕی کوردانیش لەسەر ئەو بڕیارە بوو.

بەم شێوەیەش ئەگەر پەکەکە لە خاکی باشووری کوردستان نەبووایە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دانی نەدەنا بە ستاتۆی باشووری کوردستان.

لە ساڵانی دوای ١٩٩٢ەوە سەرباری ئەوەی هێزەکانی باشووری کوردستان بە سەرکردایەتی پەدەکە لە شەڕێکی بەردەوامدا بوون دژی پەکەکە، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان بانگی لە یەکڕیزی و یەکێتی کوردان دەکرد، و داوای دەکرد گەریلا و پێشمەرگە ببنە یەک سووپا و هێزی سیاسیی و سەربازیی کوردستانیی درووست بکەن بۆ ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزە داگیرکەرانی دیکەی ناوچەکە لە خاکی کوردستان دەربکەن.

جگە لەمانە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ساڵانێکە هەوڵی ئەوە دەدات هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و گرووپە توندڕەوەکان لەوێ بەجێ بکات، پاشان بەتەواوی باشوری کوردستان داگیربکات، بەڵام ئەوەی تاکو ئێستا ئەو هەوڵانەی پوچەڵ کردووەتەوە تەنها و تەنها پەکەکەیە.

لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا کاتێک مەترسی هاتە سەر باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێم نەیتوانی سنورەکانی لە داعش بپارێزێت، داوایان لە پەکەکە کرد گەریلاکان شانبەشانی پێشمەرگە هەرێمی کوردستان بپارێزن.

 هەر لەو کاتەدا پەدەکە بێ تەقاندنی فیشەکێک بە هەزاران هاوڵاتی شەنگالی تەسلیمی داعش کرد و هێزەکانی کشاندەوە، بەڵام پەکەکە لەگەڵ ئەوەی سەرقاڵی شەڕی باکوور بوو و بەشێکی زۆری هێزەکەیشی لە ڕۆژئاوای کوردستان بوو، خۆی بە بەرپرسیار بینی و هێزی ڕەوانەی شەنگال کرد، تەواوی شەنگالی لە چەتەکانی داعش پاک کردەوە.

له لایەكی دیكەشەوه کاتێک داعش هێرشی بۆ کەرکووک، هەولێر، دوزخورماتوو و جەلەولا کرد، پەکەکە لە قەندیلەوە هێزی ڕەوانەی ئەو سنوورانە کرد و بە بەرخۆدانییەکی بێوێنەوە بەرپەچی ئەو هێرشانەی دایەوە و تا کۆتایی باشووری کوردستانی پاراست.

جگە لەمانە بۆ هەموو وڵاتپارێزێک ئەوە ڕوونە کە پەکەکە بۆ ڕزگاریی کوردستان یەکڕیزی و یەکێتی کوردانی کردووە بە بنەمای سەرەکیی خەباتی خۆی، بۆیە بەردەوام داوا لە هێز و لایەنەکان دەکات کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن.