پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەكەی دژ بەئۆجالان و بزوتنەوەكەی نوێ دەكرێتەوە

هێزە ستاتۆپارێزەكانی ناوچەكە و هەژمۆنخوازە جیهانیەكان ئەم فكر و فەلسەفەیە بەمەترسی بۆسەر خۆیان و دەسەڵاتەکەیان دەزانن، بۆیە دەیانەوێت بەنوێ كردنەوەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی 1999 زەبر لەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و كوردان بەگشتی بوەشێنن.

تەنیا لەماوەی پانزدە رۆژدا، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەردانی هەولێر و توركیای كرد، دوابەدوای ئەو سەردانە سەرۆكوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع السودانی بەپەلە چووە توركیا و بڕیارە هەر لەم ماوەیەدا سەردانی هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراوی هەولێر و سلێمانی بكات و لەم نێوەندەدا وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێبەر ئەحمەد و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان"هیوا ئەحمەد" و قاسم ئەعرەجی جارێكی تر بەسەردانێكی چاوەڕواننەكراو گەیشتنە پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە و هاوكات وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك لەریازی پایتەختی سعودییە لەگەڵ هاوپیشەكەی فوئاد حۆسین و جێگرەكەی كۆبوویەوە. ئەم ترافیكە دیبلۆماسیە ژمارەیەك لەبەرپرسانی حكۆمی هێزە دەسەڵاتدارەكانی ناوچەكە، بەرێگەی پیاوانی ئیستخبارات و ئاسایش و ئەمنی دەوڵەت و حكومەتە خۆجییەكەی كورد لەهەرێمی باشوری كوردستان بەرێوە دەچن. ناوەڕۆكی دیدارەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا ناكرێن و هەر ئەمەش پرسیار و گۆمانەكان لەو سەردانانە دێنێتە گۆڕێ. بۆچی لەم كاتەدا بەپێویست دەبینرێت كە گەڕێكی وەها لەنێوان هەرسێ دەوڵەتی داگیركەری تورك و بەهاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستاندا بەرێوە ببردرێت. ئاخۆ لەم گەڕانەدا بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و رێبەرانی ئەم بزوتنەوەیە لەكوێ گفتوگۆ و پەڕاوی پیلانەكانیاندایە. ئەم پۆلە پیاوە ئیستخباراتی و ئەمنیە چییان بەدەستەوەیە و سەرقاڵی داڕشتنی چ پیلانێكن لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان مایەی تێڕامان و پرسیارن.

ئەم هاتووچە ئیستخباراتی و ئەمنیانە هاوكاتە لەگەڵ چەند پێشهاتێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی. رژێمی داگیركەری ئێران دەبوایە بەپێ كاردانەوە و بانگەشەكانی خۆی بێت، تۆڵەی لەهێرشە ئاسمانیەكەی ئیسرائیل بكردبایاتەوە كە لەم ماوەیەدا كردیە سەر ناوەندە سەربازی و سەكۆەكانی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە و دەبوایە بەرێگەی گروپە نیابەتیەكانی لەعێراقەوە گۆرزی كەمەرشكێن لەئیسرائیل بەوەشاندبا، بەڵام بەهاتنەوەی ترامپ ئەو دەنگۆیانە تا ئاستێك كز و بگرە كاڵ بووەتەوە و باس لەدانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا جێگای هەڕەشە و گۆڕەشەكانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی گرتووەتەوە.

دەوڵەتی داگیركەری تورك و حكومەتی هاوپەیمانی ئاكەپە ـ مەهەپە سەرقاڵی پیلانێكە و گۆایە دەیەوێت پرسی كورد لەباكوری كوردستان و توركیا بەرەو چارەسەری ببات و لەو چوارچێوەیەشدا شەڕێكی تایبەتی بە دەستەوەیە و لەلایەك بەبانگەشەی چارەسەری و لەلایەكی تر دەستی بەسەر چەند شارەوانیەكی كورداندا دانا و داگیریان كرد. لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕی بەئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنور لەسەر رۆژئاوا و شەنگاڵ و هەرێمەكانی پاراستنی مێدیا داوە. لەعێراقی بەناو فدڕاڵیشدا لەگەڵ ئەوەی كە هەڵبژاردنی خۆلی دەیەمی پەرلەمانی هەرێمی باشوری كوردستان بەرێوە چوو و هێشتا ئاسۆەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دیار نییە كەچی دەوڵەتی عێراق سەرقاڵی پرۆسەی سەرژمێری گشتییە لەعێراق و هەرێم.

لەسەرئاستی نێودەوڵەتیش جارێكی تر لەهەڵبژاردنەكانی خۆڵی چل و حەوتەمینی ئەمریكا كۆماریەكان سەركەوتنیان قازانج كرد و ترامپ بەچل و حەوتەمین سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرایەوە و دەنگۆی ئەوە هەیە كە گۆایە ترامپ كۆتایی بەشەڕ و ململانێ لەنێوان ئۆكرانیا و روسیا بهێنێت و بەهەمانشێوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبۆڵڵا و حەماسیش بەرەو ساردبوونەوە ببات. بەڵام تا گرتنە دەستی سەرۆكایەتی و رادەستكردنی كۆشكی سپی دوو مانگێكی ماوە و دیار نییە ئاخۆ ئەم بانگەشانەی ترامپیش لەسەر ئەرزی واقیع چۆن پێكدێت و میكانیزمەی پێكهێنانی وەستاندنی شەڕ چی دەبێت.

لەم كەین و بەینەدا كێ لەپشتی كێیە بەتەواوەتی دیار نییە، بەڵام ئەوەی دیارە و بەرچاوە ئەم هێزە كۆنەپارێزانەی ناوچەكە سەرقاڵی داڕشتنی پیلانگێڕیەكن لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و كوردان بەگشتی. زۆرینەی پیاوانی ئیستخباراتی ئەم حكومەتانەی ئێستای دەسەڵاتدار لەناوچەكە لەپیاوانی گڕگنی كوردی دەستەمۆكراو پێكهاتوون، مەترسیە جددیەكەش لەوەدایە كە ئەم پیاوانەی تینۆی دەسەڵات و كۆشتەی پلە و پایە چ رۆڵێكیان پێدراوە، ئەمجارەیان لەم پیلانگێڕییە هەرێمیەی دژ بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان. وا بڕیارە هاكان فیدان بەرپرسی پێشووی میت و وەزیری ئێستای حكومەتەی ئاكەپە ـ مەهەپە سەردانی بریتانیا بكات و هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەكان لەلایەن ئەو وڵاتەوە گلۆپی سەوزیان لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و بەرێوەبەرانی و گەلی كورد بۆ پێبخرێت و پشتیوانیان بكەن. لەساڵانی نەوەدەكاندا بریتانیا گلۆپی سەوزی بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك پێخست و بەهەزاران گۆندییان لە كوردان چۆڵ كران و سووتێندران و بەهەزاران كەس لە شوێن و واریان وەدەرنران و كۆچی مترۆپۆلەكانی توركیا و وڵاتانی ئەوروپا بوون و بەسەدان كەسیش كۆژران و بریندار بوون و بەهەزارانیش بێ سەرۆشوێن كران. ئێستاش دۆخێكی هاوشێوەی ئەو كاتە لەئارادایە و مەترسی گەورە رووبەرووی گەلی كورد و بزوتنەوەكەی بووەتەوە. پیلانگێڕە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان دەستیان داوەتەوە یەك و لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان لەنێو هاوپەیمانی و نوێكردنەوەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەدژی رێبەر ئۆجالان و بزوتنەوەكەی دان.

لە بیست و شەشەمین ساڵێادی گەلەكۆمەی نێونەتەوەیی دژ بە رێبەری گەلی كورد و بزوتنەوەكەی، ئەردۆغان شارەوانیەكانی گەل كە بەدەنگ و ئێرادەی گەل هەڵبژێردراون داگیر دەكات و پەدەكە نوێنەرانی دەمپارتی"هەدەپە" لەهەولێر ئاودێوی سلێمانی كرد و نوێنەرایەتی هۆدا ـ پار"كۆنترا گەریلا" لەشاری هەولێر دەكاتەوە و چەتەكانی ئەنەكەسە و گروپە چەتەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتی تورك و گۆایە دژ بەرژێمی بەشار ئەسەد لەهەولێر كۆدەكاتەوە. بەملدان بۆ سەرژمێری لەناوچە جێ ناكۆكەكان"مادەی سەد و چل"، حكومەتی ناوەند"عێراق"هەژماری من كە سەر بەبنەماڵەی بارزانیە قەبوڵ دەكەن و رەنگە لەبەرامبەر بە پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی مۆڵك و ماڵ لەو هەرێمانەی بەزۆر لەلایەن رژێمی پێشووەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، لایەنی كوردی لەپەرلەمانی عێراقیش دەنگ بەپرۆژەی هەمواری یاسای باری كەسێتی بدەن و بەو شێوەیەش لەدژی ژنان و ئێرادەی ئازادی كۆمەڵگە هەنگاو بنێن. ئەمانە هەموو مەترسییە هەم لەسەر بەرخۆدانی ژنان و ئازادیخوازان لەناوچەكە و هەم مەترسیەكەی جددیە لەبەرامبەر بە هزر و فەلسەفەی ئازادیخوازانەی ئەندازیاری فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لەناوچەكە و جیهان كە ئەمڕۆكە لەسایەی تێكۆشانی بزوتنەوەی ئازادی و ئازادیخوازانی جیهانی بووەتە رۆژەڤی سەرەكی لەسەر ئاستی جیهان. هێزە ستاتۆپارێزەكانی ناوچەكە بەپلەی یەكەم و هێزە هەژەمۆنخوازە جیهانیەكان ئەم فكر و فەلسەفەیە بۆ خۆیان و دەسەڵاتەكەیان بەرێگر و مەترسی دەزانن لەبەرامبەر بەخۆیان، بۆیە دەیانەوێت بەنوێ كردنەوەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ساڵی 1999 زەبر لەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و كوردان بەگشتی بوەشێنن.

قۆناخێكی هەستیارە بۆ گەلی كورد و ئازادیخوازان لەناوچەكە و جیهان بۆیە پێداگری لەسەر ئازادی جەستەیی رێبەر ئۆجالان و چارەسەری دیموكراسیانەی پرسی كورد و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تاكە گەرەنتیە بۆ مسۆگەركردنی بەرخۆدانی گەلان لەناوچەكە وسەركەوتن و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و گەلانی هەرێمەكە.