قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ و شۆڕشی سەرکەوتن

قەلەمبازی ١٥ی تەباخ پێداگری و هیوا و بریارداری بوو. پێداگری لە ژیانێکی ئازاد و بەمرۆڤ بوون، پێداگری لە بەرخۆدان لە دژی دوژمن و قەڵەمبازی هیوا بە ژیانێکی ئازاد بوو.

کاتێک لە زیندانەکانی ئامەد لە بەرامبەر ئێرادەی خۆڕاگری هەڤاڵان لە هەموو بوارەکانی جەستەیی و دەروونی بۆ رادەست بونیان ئەشکەنجەیەکی نامرۆڤانە بەرێوە دەچوو. ئەوان بە جەستەی خۆیان بەرخۆدانێکی بێوەێنەیان نواند و رۆحی شۆڕشی ئاپۆییان نیشان دا. ئەو شۆڕشگێڕانە کە دەستیان دایە مانگرتن تا مردن کاتێک جەستەیان لە زیندان هێنرایە دەرەوە تەنیا پێست و هەستیان مابوو. لە بەرامبەر کودەتای فاشیزم کە بە هەموو شێوازێک ئێرادەی ئازادی گەلی کوردی بنپێ دەکرد دەبوایە وەڵامێکی بەهێز بدرایەتەوە. زیندان، دەستپێکردنی شەڕ دژی فاشیستی دەویست. گەلیش تۆڵەی ئەو هەموو کۆمەڵکووژیەی دەویست کە ساڵان بوو لەو پەڕی دەڕندەییەوە لەلایەن دەوڵەتی فاشیزمی تورکیە و بە هاوکاریی ناتۆ بەرێوە دەچوو. قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ وەڵامێک بوو بۆ هەموو ئەو بێ هیواییە کە فەرز دەکرا. زیندووکردنەوەی ئیرادەی ئازادی گەلێک بوو کە ئیرادەیان شکاندبوو.

قەڵەمبازی شۆڕشگێڕانەی ١٥ی تەباخ دوای ئەو ئامادەکاریانە روویدا کە لە گۆڕپانی رۆژهەڵاتی ناوین لە فەلەستین، لوبنان و دۆڵی بوقاع کرابوون. وەڵامدانەوەی بەرخۆدانی ئایدئۆلۆژی زیندانی ئامەد و هەموو ئەو کۆمەڵکووژییانە بوو کە لە مێژووی گەلی کوردا روویان دابوو. هەروەها ئەو تێکۆشانانەی کە رووبەڕووی شکست و لە ناو چوون هاتبوون. بۆیە پێویست بوو قەڵەمبازیێک کە دەست پێ دەکات خاوەن ئامادەکاریەک  لە ئاستێکی بەهێزدا بێت. قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ، یەکەم هەنگاوی شۆڕشگێڕی و چەکداری گەلی کوردە کە بە ئاگایی پێشکەوتوو و خاوەن هزر و ستراتێژی تەیبەت بەخۆیەتی. لە هەمان کاتدا هەنگاوێکی چەکدارییە، کە تاکتییکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەم تایبەتمەندییانە وەهای کردوە ببێت بە هێزی ژیانەوەی گەلێک و ببێت بە جەژی ڤەژین.

دوژمن داوی ئەو هەموو سەرکووتکاریە کە کردبووی، ئەو شۆڕشانەی کە تێکی بردبوو گەیشتبوو بەو قەناعەتەی کە کۆتایی بە پرسی کورد هێناوە و وەکوو خۆی دەیوت لە چیای ئاگری لە گۆڕی نابوو و بە شێوەیەکی سەمبولیک گۆڕێکی بۆ ساز کردبوو. یەکەم فیشەک کە لە مێژووی ١٥\٨\١٩٨٤ لە ئەرۆح و شەمزینان تەقێنرا کۆتایی هێنان بوو بەو خەیاڵە و پەردەی بێدەنگی پچڕاندبوو. کاتێک شەهید عەگید وەکوو یەکەم فەرماندەی گەریلای نوێ ئەو فیشەکەی تەقاند هەموو لایەک تەنانەت ئەوانەیش خۆیان وەکوو شۆڕشگێڕ پێناسە دەکرد حەپەسابوون. دوژمن بە هیچ شێوازێیک چاوەڕوانی ئەو قەڵەمبازیە نەبوو. لەم پێناوەدە هێڵی بەکرێگیراوی کورد لە سەرووی هەمووشیانەوە پەدەکە دژی ئەم هەنگاوە بوو و لە هەمانکاتدا وەکوو مەترسیێک بۆ خۆی دەیبینی.

هەرچەند پێویست بوو ئەم هەنگاوە زۆر زووتر دەست پێبکات بەڵام هێڵی تەسفیەی ناوخۆیی و بەکرێگیراوی پەدەکە ئاستەنگیان درووست دەکرد و دەیانویست وزەی گەریلا لە باشوور قەتیس بکەن و بیخەنە خزمەت سیاسەتەکانی خۆیانەوە و وەکوو هێزێکی جیرە خۆر بەکاری بێنن. هەڵمەتی ١٥ی تەباخ وەڵامێکی بەهێز بوو لە بەرامبەر هەموو ئەوانە و یەکەم هەنگاو بوو بۆ پێشخستنی ئەرتەشی نەتەوەیی گەلی کورد. دوای شەهید بوونی فەرماندەی ئەفسانەیی گەریلا، شەهیدی عەگید لە کۆنگرەی سێهەم هێزەکانی رزگاریی کوردستان(HRK) لە ساڵی ١٩٨٦ بوو بە ئەرتەشی رزگاری گەلی کورد(ERGK)  بەم جۆرە گەلی کورد بۆ یەکەم جار بووە خاوەنی ئەرتەشی تایبەت بە خۆی کە خاوەن ستراتژیە و بە پێ بەرژوەندی نەتەوەیی هەڵسووکەت دەکات و نابێتە ئەجندای داگیرکەران.

قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ تەنیا هەڵمەتێکی لەشکەری نەبوو، هەروەها هاوشێوەی ئەرتەشە کلاسیکەکان نەبوو. لە هەمان سەرەتاوە خاوەن هزری ئازادی بوو بۆ سڕینەوەی هەموو ستەمەکانی نەتەوەیی و رەگەزی. لەم پێناوەشدا هەنگاو بە هەنگاو چووەتە پێشەوە و کەسایەتی و فەرمانداری ژنی وەکوو شەهید بێریتان و شەهید زیلانی خۆلقاندووە، کە بوونە بناغەی داڕشتنی ئەرتەشی تایبەت بە ژنان و لە ساڵی ١٩٩٣ یەکینەکانی تایبەت بە ژنان درووست دەبن کە دواتر دەبنە بناخەی دامەزراندی (YJA- STAR)وەکوو هێزی لەشکری ژنان. شەهید بێریتان بوو بە ناسنامەی ئەو کەسانەی کە خۆیان فیدا دەکەن، بەڵام تەسلیم نابن. هەروەها شەهید زیلان ناسنامەی فیداییە  و کەسانی وەکوو ئاڤێستا خابوور لە دوای خۆی بەجێ دێڵێ. نابێت لەبیر کەین کاتێک باس لە بەشداری ژنان لە نێو پەکەکە دەکرێت تەنیا وەکوو هەبونێکی جەستەیی سەیر بکرێت. بە پێچەوەنەوە ئەم بەشداربوونە هەڵمەتێکی ئایدئۆلۆی رزگاری ژنی لە پشتە و هەنگاوێکی مەزن بوو بۆ رەواندنەوەی هزری پیاوسالاری و پیاوانە بوونی شۆڕش، ئەرتەش. ئەمە هەڵمەتێکی هزری بوو کە توانی ئەرتەش لەو چەمکە دەڕەندانەیە و پیاوسالارییە، کە تەنیا کاولکاری و فەتح و چەوسانەوە دەکات داماڵت بۆ هێزێک کە خاەن پەرەنسیبی ئەخلاقیە و لە چوارچێوەی پاراستنی رەوا بۆ بەرگریکردن و پاراستنی دەسکەوتەکانی کۆمەڵگای ئەخلاقی هەنگاو هەڵدەگرێت. هێزێک کە خۆی فیدا دەکات و بە دوای خۆیدا ئاوەدانی و ژیان جێدەهێڵێ.

لەم واتایەدا قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ دەبێتە هێزی ژیانەوەی کۆمەڵگا و پاراستنی دەسکەوتەکانی مرۆڤایەتی. رێبەر ئاپۆ بە وەرچەرخانی مەزن کە تووەکەی لە کۆنگرەی پێنجەمی پەکەکە چاندبوو بە رێگەی پارێزنامەکان و داڕشتنی هێڵی فەلسەفی و هزری ئەم ئایدئۆلۆژیە و فرمووڵە کردنی وەکوو پارادایمی (ئێکۆلۆژی _ دیمۆکراتیک و ئازادی ژن) سال 2001 لە کۆنفرانسی یەکەمی (HPG) لە ئەرتەشەوە بوو بە هێزی پاراستنی سیستەمی کۆنفدراڵیزمی دیمۆکراتک و ئافرێنەری نەتەوەی دیمۆکراتیک. ئەم بەرگریە بە شێوازێکی کارا و بە هاوکاری گەڵ و بە شێوازی پارتیزانی پێشدەکەوێت. ئەمە شەڕی گەلی شۆڕشگێرە کە کۆمەڵگا خۆی لە پێناوی پاراستنی دیمۆکراسی بەر پرس دەبینێ و تێکۆشان دەکات.

 لە دوای تێپەڕ بوونی سی و هەشت ساڵ بە سەر ئەم قەڵەم بازیە هێزی گەریلا توانیویەتی بە هێزتر لە جاران لە بەرامبەر هەموو هێزی تەکنەلۆژی و مرۆیی ناتۆ راوەستە بکات. ئەمە سەرباری هەموو هێزەکانی دیکەی هەرێمی کە لە چوارچێوەی شەڕی تایبەت و هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوەی دژی گەریلا شەڕ دەکەن.

ئێرادە و باوەڕی پۆڵاینی گەریلا ئەمڕۆ لە ئاڤاشین و زاپ چۆکی بە داگیرکاران هێناوە. هەر بەو رەنگە کە رێبەر ئاپۆ دەیوت: هێزی ئێنسان لە ئەتۆم بەهێزترە. گەریلا ئەم یەکە بە ئێرادەی خۆی سەلماندا و چەندین مانگە لە بەرچاوی نابینای جیهانەوە دژی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی تاکیتکیی ناتۆ شەڕدەکات و رۆژ نیە بە جەزا کردنی دەیان سەربازی داگیرکەر و خستنەخوارەوەی هێلێکۆپتەر و تێکشکاندنی زرێپۆش تەنگ بە دوژمنان هەڵنەچنێ.

قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ تەنیا لە پارچەیەکی کوردستان نەماوە بووەتە هێزی هەر چوار پارچە و سنوورەکانی لۆزانی تێکداوە و بووە هێزی بەرگری نرخەکانی مرۆڤایەتی و لە شەنگال و کۆبانی و کەرکووک دژی داعش جیهانی پاراست و ئەمڕۆش دژی فاشیسمی دەوڵەتی تورکیە دیمۆکراسی دەپارێزێت. لە هەمانکاتدا دژ بە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی شەڕ لە پێناوی سۆسیالیزمدا دەکات. لەم بوارەشدا توانیویەتی ببێتە کانگای شۆڕشگران و بە دەیان شەهیدی ئەنتەرناسیۆنالیست و سەدان و مێلیۆنان شەڕوان و لایەنگری ئەنتەرناسیۆنالیستی هەیە.

لەم قۆناخە هەستارەدا کە ئیدی گەریلا وەکوو هێزی پاراستنی گەل و دیمۆکراسی، لە بەرامبەر ئەرتەشی دەوڵەتەکان و پارێزەرانی دەسەڵاتی سەرمایەداری بووەتە هێز و هاوسەنگی درووستکردوە و سەلماندوویەتی دەتوانێت سسیستەمی ئەڵتەرناتیڤ درووست بکات. گەریلا کە تاکوو ئێستا زۆرتر پاڵی بە شاخەوە بوو. بۆ پێش خستنی گەریلای دەشت و شار و گووند هەروەها گەریلای نۆژەن، خۆ نوێکردنەوە گرینگە و گەریلای کوردستان ئەو یەکەی پێکهێناوە و لە بەرامبەر گەورەترین هێزیدا دژی پێشکەوتووترین تەکنەلۆژی بە کەمترین خەسار شەڕدەکات و تەنگاوی کردووە و زۆربەی تەکنیکەکانی بێکاریگەر کردوە. خاڵی دووەم، مژاری گەلە، چوون بە پێ دۆکتۆرینی شەڕی پارتیزانی گەل و گەریلا دووانەی لەیەک نە پساون. مخابن دوژمن بە رێگای شەڕی تایبەت و راگەیاندنەکانی خۆی و تۆڕە سیخۆڕیەکان دەریای مەلەوانی گەریلای لێڵ کردوە و ئەم یەکەش بە دژی گەل و گەریلا و لە بەرژوەندی دوژمن دەشکێتەوە. لەم لێڵ کردنەی دەریای کۆمەڵگا، ئەمڕۆکە زیاتر لە دوژمنی بینراو دوژمنی ناوخۆیی، کە لە چوار چێوەی جاش راگەیاندن، جاش قەڵەم و جاش هۆنەر  و جاش مەلا و جاش شێخ و جاش بازرگان و جاش حیزب... و هەموو جاشەکانی دیکە کە بەرگی نەتەوەییان لە بەر کراوە پارەیەکی زۆریان لێ خەرج دەکرێت و  لە بەرامبەر ئازادیی گەل و پێش خستنی گەریلای نێوشار بوونەتە ئاستەنگ.

لەم پێناوەدا و بۆ روونکردنەوە دەریای کۆمەڵگا و بنبڕکردنی جاشایەتی پێویست بە هەڵمەتێکی نەتەوەیی سەرتاسەری هەیە، کە هەر کەسەو و لە شوێنێ خۆی دژی جاشایەتی هەڵوێست بگرێت و پاک کردنەوەی کۆمەڵگا لەم هەموو جاشایەتییە بکاتە ئەرکی نەتەوەیی خۆی. چوونکا لەم دەریای پڕ لە قۆڕاوەدا هەموومان دەخنکێین.

سی نۆهەمین ساڵوەگەڕی قەلەمبازی ١٥ تەباخ پیرۆز بێت.

ف.ق