رۆژهەڵاتی ناوین و پێویستی بە نوێ کردنەوەی پەیوەندییەکان

" دەوڵەت- نەتەوە بە هزری ناوەندگەرایی پەیوەندی دیموکراتیکی گەلانی تووشی گرفت کردووە. بە درێژایی مێژوو راستە شەڕ و پێکدادان دروست بووە بەڵام وەکوو ئەم سەدەیە ئامانجی سڕینەوە و پاکتاوکردنی ئەوی دیکە نەبووە."

لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاکوو ئێستا دۆزەخێکی گەورە لە هەرێمەکە بەرپا بووە. ئەگەر بێت و پێشی پێ نەگیردرێ چارەنووسی مرۆڤایەتی بەرەو کام ئاقار ببات دیار نییە. هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بۆ سەر گەلی کورد سەد ساڵە بەردەوام دەکات، هەر وەها هێرش و چەوساندنەوەی گەلی فەلەستین لە لایەن دەوڵەتی زایوونی ئێسراییل دەچێت بۆ زیاتر لە حەفتا ساڵە نەیهێشتووە ئاوێکی رەحەت لە قۆرگی گەلانی هەرێمەکە بچێتە خوارەوە.

بە تایبەت لە سەرەتاکانی ئەم مانگە بە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری و پەروەردە و تەندروستی ئامانجی قڕکردنی یەکجارەکی گەلی کوردە. لە هەمان کاتدا و بە هەمان ئاراستە دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئێسراییل ئەم وڵاتە بێ لە بەر چاو گرتنی هیچ بنەمایەکی ئینسانی هێرشێکی چڕی کردە سەر غەزە، کە دوای لێدانی خەستەخانەکە بە جارێک زیاتر لە ٥٠٠ کەس ژیانی خۆیان لە دەستدا. هەرچەند لە بەر تراژدیک بوونی ئەم بوویەرە هەر کام  لەو لایەنانە بە شێوەیەکی ترسنۆکانە حاشای لێدەکەن.

مژاری گرنگ لەم بوارەدا چڕ بوونەوەی شەڕێکە کە دەسەڵاتداران لە سەر ناوی پیرۆزی نەتەوە و ئایین بەرپایان کردووە. کاتێک سەیری بەرپرسانی بەرەکانی شەڕ دەکەیت لە ئەردۆغان و ماڵباتەکەی بگرە تاکوو ماڵباتی ناتانیاهۆ و بەرپرسە ئێسراییلیەکان، هەر وەها بەرپرسانی پارتە سیاسی و ئیسلامیە جیهادییەکان. بە باشی بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەمانە چەندە لە یەک دەچن. هەموویان لە باشترین و پارێزراو ترین شوێندا دەژین. ئەمانە هیچ کات نەچوونەتە بەرەکانی شەڕەوە و بە چاوی خۆیان شەڕیان نەبینیوە.

ئەم شێوازە لە ئاستی جیهاندا بەردەوام وەها بووە. لە رۆژهەڵاتی ناویندا بە هۆی گەندەڵی سیاسی و پۆپۆلیستی بووەتە دیاردەیەکی سیاسی  و تەنانەت وەکوو واقیعێک بە سەر کۆمەڵگەدا دەیسەپێنن. لە ئێران منداڵێکی بچووک وەکوو ئارمیتا گراوەندی و لە بەر دەرکەوتنی قژی لێ دەدرێت و ماوەی مانگێک دەبێت، لە کۆمادایە و کەس نازانێت ماوە یان زیندوو. بڵاو کردنەوەی هەر چەشنە هەواڵێک بووەتە تابۆ. هەر وەها گەلی ئێران لە پێناو مافەکانیان لە شۆڕشێکی گەورەی ژن ژیان ئازادیدان و رۆژانە قوربانی دەدەن و بە بیانووی جاسووسی و هەڵخلەتاوی لە لایەن ئەمریکا و رۆژئاوا بە دیل گرتووە. کەچی منداڵی بەرپرسان تەنانەت بۆ لە دایک بوونیان دەیانبەنە بەریتانیا و لە باشترین زانکۆکانی ئەمریکا، بێ گوێدان بە حیجابی زۆرەملێ دەخوێنن و ژیان بەسەر دەبەن.

لە باشووری کوردستان دوای سی و سێ ساڵ دەسەڵاتداری کوردی و فووتێکردن لە هەستی ناسیۆنالیزم، ئێستا نە تەنیا ئێنتمای نەتەوەیی نەماوە بەڵکوو جاشایەتی بۆ داگیرکەران ئاسایی بووەتەوە و پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت. بە رۆژی ئاشکرا میتی تورکی لە ئۆپەراسیۆنی دژی گەریلا بەشدار دەبێت. چەند رۆژ پێش دەرکەت چۆن میت لە بەرگی پێشمەرگە دێتە سەر کەمپی شەهید رۆستەم جوودی لە مەخموور. هەر وەها سوپای قۆدس شان بەشانی پێشمەرگە دێتە ناو ئۆردوگاکانی زەرگوێز و کۆیە، کە شوێنی مانەوەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دیموکراتە و بە ئاشکرا داوای تەسلیم بوون دەکەن.

دوای ئەم هەموو قوربانییەی ئەنفال و کیمیاباران لە سایەی ناسیۆنالیزمی کوردی و بە ناوی دەوڵەتی کوردی مامۆستا و کارگێڕانی بەشی خزمەتگوزاری لەبەر نەدانی مووچە مانیان گرتووە و کەسیش خۆی ناکاتە خاوەنی. دەسەڵات وەکوو بڵێیت لە گوێ گادا خەوتبێت تەنانەت هەڕەشەی مانگرتووانیش دەکات. بە تووژ کردنەوە دەڵێت بودجە نییە کەچی بودجەی کاناڵێکی راگەیاندنی یەک لە سەرۆکی هەرێم لە بودجەی هەموو مامۆستایان زۆرتر. لە هەمان کاتدا کە گەل لە نێو هەژاریدا دەژیت، بەڵام بەرپرسان خۆیان و بنەماڵەکانیان ژیانێکی شاهانە دەکەن.

کەجەکە لە دوایین لێدوانی خۆیدا ئاماژەی بە چەند خاڵی گرنگ داوە، لەبارەی چۆنیەتی گرژ تربوونی ناکۆکی نێوان گەلان و باوەڕمەندانی هەرێمەکە بۆ برەودان بە فاشیزمی دینی و نەتەوەییی کە ئەم دەسەڵاتدارانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنرێت.

دەوڵەت- نەتەوە بە هزری ناوەندگەرایی پەیوەندی دیموکراتیکی گەلانی تووشی گرفت کردووە. بە درێژایی مێژوو راستە شەڕ و پێکدادان دروست بووە بەڵام وەکوو ئەم سەدەیە ئامانجی سڕینەوە و پاکتاوکردنی ئەوی دیکە نەبووە. ئیمپراتۆری لە پێناو بەرفراوان کردنی دەسەڵاتی ئابووری خۆیەوە هێرشی کردووە و نەبووەتە هۆکاری پاکتاوکاری ناسنامەیی. تەنانەت ئەسکەندەری مەکەدۆنی و چەنگیزخانی مەغۆل کە هێرشیان کرد و دەڕەندەییان نواند. بەڵام وەک ئەمڕۆ نەیان توانی زمان و ناسنامەی گەلان قەدەخە بکەن و نەبوونە هۆی دژمەنکاری نێوان نەتەوەکان. تەنانەت خۆشیان لە نێو ئەو گەلانەدا توانەوە و زمان و ناسنامەی ئەوانیان قبووڵ کرد. نموونەی بەر چاو؛ هلێنیەکان وسلۆکیەکان و دواییش خوارەزمشاهیەکان و مەلەکشاهیەکان و سەلجووقیەکان بوون.

 لە سەدەی رابردوودا دەوڵەت- نەتەوە بە تایبەت دوای دامەزراندنی تورکیای نوێ بۆ پەیوەندی دیموکراتیکی گەلان بەرەو دژبەری و قووڵبوونەوەی فاشیزم رۆیشتووە. لەم بوارەدا گرنگە رەخنە بگیرێت لە رووناکبیران و شۆڕشگێڕانی گەلی تورک، ئەم رەخنەیە هاوکات رەخنەیەکی توندە بۆ نووسەران و رووناکبیران و شۆڕشگێڕانی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت؛ گەلی فارس،عەرەب یەهوود و کورد و گەلانی دیکەی هەرێمەکە بە تایبەت ئەو گەلانەی کە بوونەتە خاوەن دەوڵەت- نەتەوە و لە ژوورەوە سەیری نەتەوەکانی دیکەیان کردووە و نەبوونەتە بەشێک لە پرۆسەی دیموکراتیک کردنی هەرێمەکە.

لەم بوارەدا پێویست بە جەسارەتی شۆڕشگێڕی هەیە کە لە دەرەوەی دەوڵەت – نەتەوە کە لە سەر بنەمای فاشیزمی نەتەوەیی و ئایینی راوەستاوە، پێکەوە لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیک کۆ ببنەوە. دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی گەلان لە فۆبیای سڕینەوە یەکدی دوور بن. ئەم سیاسەتە بەرهەمی دەوڵەت- نەتەوەیە و سەرچاوەی قووڵ کردنەوەی شەڕەکانە.

دەسەڵاتداران بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان شەڕەکان پەرە پێ دەدەن و پێش بە ئاشتی دەگرن کە دەبێت لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانی گەلان دروست بێت.  لێرەدا رۆڵی رووناکبیران و هونەرمەنددان و نووسەران چالاکانی سیاسی و بزاڤی چەپی نوێ، ئانارشیستەکان، فیمینیستەکان و ئێکۆلۆژیستەکانە کە ببنە پردێک بۆ پێکەوە ژیانی گەلانی هەرێمەکە و دژی دەوڵەت – نەتەوەکان هەڵوێست نیشان بدەن.