دیارە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەو بەکرێگیراوانی، لە مانگی نیسانەوە لە هەرێمەکانی بادینان بەردەوامن، بەهەمانشێوە ئامادەکاری دەکات تاکو لە رۆژئاواش هێرشەکانی دەستپێبکات. لەبەرامبەر ئەو هێرشانەش، گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەلی کوردستان، لەناو شەڕێکی مێژوویدان. لەگەڵ ئەوەی توانیویانە لەماوەی سێ مانگی شەڕدا نزیکەی ١٦٠٠ سەرباز و چەتە و بەکرێگیراو کۆنترا و فەرمانداری دوژمن بە سزای گەل بگەێنن، هەمانکات لەبەرامبەر هەموو جۆرە چەکە قەدەخە کراوە نێودەوڵەتیەکانیش خۆیان بپارێزن. هەپەگە ئەوەی ئاشکرا کردووە لە ماوەی سێ مانگی شەڕدا دوژمن زیاتر لە ٢٠٠٠هەزار جار زیاتر، بە بۆمبا و ناپاڵم و هەموو جۆرەکانی چەکی کیمیاوی تا دەگات بۆمبای تاکتیکی ئەتۆمی و فسفۆڕی بەکارهێناوە.
بۆ ئەوەی شەڕی جیهانی سێیەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان زیاتر پەرەپێبدەن، بۆیە ماوەی مانگێکە هەموو جموجۆڵە دیبلۆماسیەکان لەسەر هەرێمەکەی ئێمەن. لەبنەمادا دەیانەوێت گەلی کوردستان هیچ دەرفەتێکی بۆ ئازادی و خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیانە لەدەستدا نەمێنێت. کۆبوونەوەکانی ناتۆ لە ٢٨ی حوزیران لە مەدرید و یاداشتنامە شەرمهێنەکەیان و واژۆکردنیان لەگەڵ تورکیا، دەسپێکردنی قۆناخێکی نوێبوو لە پیلانگێڕ نێودەوڵەتی لەسەر تەڤگەری ئازادی کوردستان.
لەئێستا هاتنی جۆ بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارێکیتر خستنەوە رۆژەڤی ناتۆی عەرەبی، لەبنەمادا جڵەو کردنی رووسیا و ئێرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهەمان شێوە بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل و تورکیایە لە ناوچەکە. بۆیە ئاگری شەڕ لەناوچەکە خۆشکردنە، ئەوەش بەو واتایە دێت کە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە دەرەوەی خۆش کردنی ئاگری شەڕ لەناوچەکە، هیچ چارەیەکیتری پێ نییە.
چاوەڕێ دەکرێ لە ١٩ی تەمموز لە تاران لە نێوان "رووسیا و ئێران و تورکیا" کۆبوونەوەیەک ساز بکرێت، بێگومان ئەویش بەشێکیترە لە پیلانی شەڕ لە ناوچەکە. رووسیا و ئێران بەو خەیاڵەی بتوانن تورکیا لە بەرەی ناتۆ دوور بخەنەوە، بۆیە بەردەوام لەگەڵی خەریکن. تورکیاش وەک ئەو گایەییە لە هەردوو ئاخوڕان دەلەوەڕێت، دەیەوێت ئەوەی لە مەدریدی بەدەست کەوت بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوا، بەهەمانشێوە لە کۆبوونەوەی تارانیش بەدەستی بخات!! بۆیە لەئێستا چاوی کوردان لەسەر کۆبوونەوەی تارانە. ئایا رووسیا و ئێران هەمان سیناریۆیی داگیرکردنی عەفرین دووبارە دەکەنەوە، یان ئەزمونیان لە هەڵەکانیان وەرگرتووە؟؟
گەلی کوردستان و خەڵکی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز لە ناوچەکە، ئەوانیش لەگەڵ ئەوەی لەناو شەڕێکی سەخت و دژواردان و هەموو رۆژێک لەلایەن داگیرکەران راپێچی کونجی زیندان و دوور خستنەوە دەکرێنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان لەپێناو خۆبەڕێکخستن کردن و گوڕدان بە خەباتی سیاسی و دیموکراتی لە ئاستێکی بڵندا بەڕێوە دەچێت. ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئاستی هۆشیاری و زانا بوونی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئاستێکدایە کە دەتوانێت وەڵامی قۆناخەکە بداتەوە.
لەو کاتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوانی پەدەکە هێرشیان دەکردە سەر هەڤاڵ فەرهاد دێرک و هاوڕێیانی و لە کەلار شەهیدیان خستن، هەمان رۆژ پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە لە شاری حەسەکە لە نۆیەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆیدا بوو. بە بەشداربوونی زیاتر لە ٧٠٠ ئەندام ئاستێکی بڵندی لە تێکۆشانی رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نیشاندا. بە هەڵبژاردنەوەی هەڤاڵان ئاسیا عەبدوڵا و ساڵح موسلیم وەک هاوسەرۆک، ئیدی پەیەدە چووە قۆناخێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان. لەگەڵ ئەوەی رۆژئاوای کوردستان و باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەهێزی پەیەدەش گرەنتی سەرکەوتنی خۆبەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە، بۆیە سەرکەوتنی کۆنگرەی پەیەدە موژدەیەکی دڵخۆشکەربوو بۆ تەواوی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان.
لە ٣ی تەمموزیش پێنجەمین کۆنگرەی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە ناوەندی پایتەختی داگیرکەری لە ئەنقەرە بەسترا. بەشداری دەیان هەزار کەس لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی لە کۆنگرە، هەموو کەسێکی سەرسام کردبوو. لەگەڵ بەشداربوونی زۆربەی رەنگ و باوەڕی و گەل و نەتەوەکانی تورکیا، هەمانکات لە سەرتاسەری جیهانیش میوان بەشداریان کردبوو. دروشمی "چارەسەری لای ئێمەیە" هێندەیتر گڕوجۆشی دابووە کۆنگرەکە. ئەنجام دووبارە بە هەڵبژاردنەوەی دوو کەسی بە ئەزموون و خاوەن هەڵوێست و ئیرادە، بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە، ئەوانیش بەڕێزان "پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار" ئەوەندیتر باوەڕی ئەوەی دروست کرد کە هەدەپە ئەگەر بەو جۆش و خرۆشەوە کاربکات، ئەوا بەدەست خستنی رێژەی ٪٢٠ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ شتێکی مەحاڵ نییە. واتا ئەو جۆشەی هەدەپە لە کۆنگرە نیشانیدا، ئەوەمان پێدەڵێت، کە لە سەروویاندا خەڵکی باکوری کوردستان، ئەوا هەدەپە دەتوانێت ببێتە جێگەی متمانەی سەرجەم گەل و نەتەوەو باوەڕی و خەڵکی پەراوێزخراوی تورکیا. بۆیە سەرکەوتنی هەدەپە لەلایەک ئیرادەی چارەسەری پرسی کورد بەرەو پێشەوە دەبات، لەلایەکتریش تورکیایەکی دیموکراتی مسگۆر دەکات. بۆیە گەلی کورد و تەواوی گەلانی تورکیا تەنها بەسەرکەوتنی هەدەپە، دەتوانن ئارام و ئاسودەبن.
لەباشووری کوردستانیش سەرەڕای هەموو قەیران و رێگریەکان، بەڵام دیسانیش بە پێداگریەکی مەزن، رۆژی ١٥ی تەمموز تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە شاری سلێمانی، سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بە بەشداری ٧٠٠ ئەندام و رێژەیەکی زۆری میوان ئەنجامدا. لەگەڵ هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرایتیەکی نوێ، هەمانکات هەڤاڵان تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا وەک هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێردران. سەرکەوتنی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی لە باشووری کوردستان، ئیدی سەردەمێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی باشووری کوردستان دەستپێدەکات.
پەیەدە و هەدەپە و تەڤگەری ئازادی، بە کۆنگرەکانیان چەند پەیامێکیان دایە رای گشتی؛ لەهەرسێ کۆنگرەکەش رێبازی دیموکراتی و ئازادی ژن و ژینگە پارێزی نیشاندرابوو، هەمانکات ئازادی جەستەی رێبەر ئاپۆ یەک لە خاڵە سەرکیەکانیان بوو، لەگەڵ پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بۆ تێکۆشان ئازادی، هەمانکات ئەوەشیان سەلماند کە هێرش و پەلامارەکانی داگیرکەران چەندە زیاتربن، ئەوان هێز و ئیرادەی تێکۆشانی دیموکراتی و خۆبەڕێکخستنی جەماوەری هێشتا بڵندتر دەکەن. پەیامی زۆر ئاشکراشیان ئەویش ئەوە بوو کە ئێمە وەک کورد و دۆستانی گەلی کورد هەموومان یەک دڵ و یەک جەستەین بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانمان و سەرخستنی پارادایم و رێبازی ئازادی رێبەر ئاپۆ. ئەو کۆنگرانە ئەوەشیان پێگووتین کە هێزەکانی پاراستنی کوردستان بەتەنها نین، بەڵکو گەلی کوردستان و ئازادیخوازان لەگەڵ ئەوان هاوسەنگەر و پشتیوانن.
ژ.ت