شه‌ڕی گه‌لی شۆڕشگێڕی پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌ییه‌

شه‌ڕی چه‌كداری له‌ ساڵی ٢٠١٢وه‌ ده‌ربازی قۆناخێكی نوێ بووه،‌ ئه‌ویش پێی ده‌گوترێت ” شه‌ڕی گه‌لی شۆڕشگیڕی”، واتا ئیتر شه‌ڕ ته‌نها له‌سه‌رشانی گه‌ریلا و هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ شاخه‌كان به‌ڕێوه‌ناچێت، به‌ڵكو گه‌ل و گه‌ریلا پێكه‌وه‌ شەڕ و بەرخۆدان دەکن.

گه‌لی كوردستان و ته‌ڤگه‌ره‌ شۆڕشگێڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی زۆر ده‌سكه‌وتی مێژووی و به‌نرخه‌، هه‌مانكات‌ به‌ قۆناخێكی سه‌ختدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌و هێرش و داگیركاریه‌یی كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا به‌پشتیوانی و هاوكاری ناتۆ و په‌ده‌كه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌بن له‌ ئاسمان و زه‌ویه‌وه،‌ به‌ڵكو ویستبێتیان هه‌ندێك له‌ هاوسه‌نگی شه‌ڕ بگۆڕن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌ده‌ستی بخه‌ن. ئه‌و شه‌ڕه‌ پێشه‌نگانی شۆڕشی ئازادی پێناسه‌یان كردووه‌ “به‌ شه‌ڕی مان و نه‌مان”، واتا یان ده‌بێ له‌و شه‌ڕدا سه‌ركه‌وین یان ئه‌وه‌تا گه‌لی كورد رووبه‌ڕووی لۆزانێكی تر ده‌بێته‌وه‌ له‌ ١٠٠ ساڵه‌یدا. بۆیه‌ به‌ هه‌موو وشیاریه‌ك و هه‌وڵ و هیمه‌تێك گه‌ریلاكانی ئازادی شه‌ڕی سه‌ركه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن و دوژمنیشیان شۆك كردووه‌.

شیرۆڤه‌كار و گه‌نه‌ڕاڵه‌كانی داگیركه‌ر ئه‌وان ده‌ڵێن، كه‌ ” گه‌ریلای ئازادی له‌ ئاستێكی بڵندا خۆی نوێ كردۆته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌و تاكتیك و لێهاتووه‌ی گه‌ریلا نه‌بوون”، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ناتۆ له‌ ئاسمان و په‌ده‌كه‌ش له‌ زه‌وی هه‌موو ده‌رفه‌تێكێان پێشكه‌ش كردووه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانرێت كه‌ شه‌ڕی چه‌كداری له‌ ساڵی ٢٠١٢وه‌ ده‌ربازی قۆناخێكی نوێ بووه،‌ ئه‌ویش پێی ده‌گوترێت ” شه‌ڕی گه‌لی شۆڕشگیڕی”، واتا ئیتر شه‌ڕ ته‌نها له‌سه‌رشانی گه‌ریلا و هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ شاخه‌كان به‌ڕێوه‌ناچێت، به‌ڵكو گه‌ل و گه‌ریلا پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ر له‌ شاخ و له‌شار رووبه‌ڕووی دوژمن ده‌بنه‌وه‌، له‌ مێژوودا نمونه‌ی شه‌ڕی گه‌لی شۆڕشگێڕی له‌ چین، ڤێتنام و كوبامان هه‌یه كه‌ به‌شه‌ڕی گه‌لی شۆڕشگیڕی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام. له ‌كوردستان تا ئاستێك له‌ ٢٠١٢ له‌ هه‌رێمه‌ سنووریه‌كانی باكور و باشور، پاشانیش له‌ ٢٠١٦ ‌له‌ شه‌ڕی خۆسه‌ری له‌ شاره‌كانی باكور، هه‌روه‌ها كه‌میشبێ له ٢٠١٤ له‌ شه‌ڕی دژی داعش له‌‌ ٢٠١٨ و ٢٠١٩ له‌ رۆژئاوا له‌ شه‌ڕی دژی داگیركه‌ری توركیا به‌ڕێوه‌چووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پره‌نسیب و پێوانه‌كانی به‌باشی په‌یڕه‌و نه‌كرا، بۆیه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی پێویست بوو، به‌ده‌ست نه‌خرا.

دوای پێداچوونه‌وه‌و راوه‌ستان له‌سه‌ر لاوازیه‌كانی و به‌ده‌ست خستنی ئه‌زمونی نوێ له‌ شه‌ڕی حه‌وت ساڵی رابردوو، بۆیه‌ فه‌رمانداریه‌تی ناوه‌ندی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل، هێزه‌كانی پاراستنی كوردستانی به‌ قۆناخی سه‌رله‌نوێ ئاواكردنه‌وه‌ تێپه‌ڕاند و به‌ناوی گه‌ریلای نۆژه‌ن واتا گه‌ریلای “سه‌رده‌می مۆدێرنیته‌ی دیموكراتی” به‌ پلان و تاكتیكی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتیژی شه‌ڕی گه‌لی شۆڕشگێڕی له‌ ئاستێكی به‌رزی تێكۆشاندایه‌. واتا شێوازی مۆدێلی گه‌ریلایه‌تی كلاسیكی تێپه‌ڕاندوه‌، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین، ئه‌نجامی نوێ و چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌م قۆناخه‌دا به‌ده‌ست ده‌كه‌ون.

له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو گه‌ریلای ئازادی كوردستان ئه‌و شێوازه‌ی له‌ شه‌ڕ كه‌ به‌ڕێوه‌ی بردووه‌ زۆر كه‌س و لایه‌نی تووشی شۆك كردووه‌، چونكه‌ له‌ كوردستان تائێستا شه‌ڕی تونێل و تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كان له‌ یه‌ك كاتدا پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌نه‌چووه‌، یان له‌ گۆڕه‌پانێكی سنوورداری وه‌ك هه‌رێمه‌كانی زاپ – مه‌تینان و ئاڤه‌شین گه‌ریلا و سوپای داگیركه‌ر و به‌كرێگیراوان رووبه‌ڕووی یه‌كتری نه‌بوونه‌ته‌وه‌. به‌ قسه‌ی فه‌رمی خۆیان ئه‌ردۆغان گووتی “له‌ ئۆپه‌راسیۆنی گارا “شوباتی٢٠٢١” سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین”، دیسان به‌ قسه‌ی گه‌نه‌ڕاڵی خانه‌نشینی خۆیان له‌ ته‌له‌ڤزیۆنێكی ده‌وڵه‌تی تورك گووتی ” ئێمه‌ ئێستا و ساڵانی نۆوه‌ته‌كانیش چه‌كی كیمیاویمان له‌ دژی گه‌ریلا به‌كارهێناوه‌ و ئێستاش چه‌كی ئه‌تۆمی سنورداری تاكتیكی به‌كارده‌هێنین”. هه‌مان ئه‌و گه‌نه‌ڕاڵانه‌ ده‌ڵێن، نه‌مانده‌زانی گه‌ریلا له‌وئاسته‌دا خۆی نوێ كردۆته‌وه‌. بۆیه‌ كاتێك ئه‌و راستیانه‌ هه‌مووی ده‌بینین، ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێ، راسته‌ دوژمن به‌پشتیوانی چه‌ك و ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیای ناتۆ و به‌پشتیوانی و سیخوڕایه‌تی په‌ده‌كه‌ هێرشێكی ئاسمانی و زه‌مینیان له‌گه‌ڵ تانك و تۆپ و هه‌مووجۆره‌ فڕۆكه‌ و كۆپته‌ره‌كان ده‌ستپێكردووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌واتای سه‌ركه‌وتنی ئه‌وان و شكانی گه‌ریلا نایه‌ت.

 له‌لایه‌كیتریش شانبه‌شانی ئه‌م شه‌ڕ و هێرش وئۆپه‌راسیۆنانه‌، شه‌ڕێكی چه‌په‌ڵی ره‌شكردن و به‌سیخوڕیكردن و راگه‌یاندنیان له‌ دژی شۆڕشی كوردستانیان ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی فه‌رمانگه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی ١٩٥٢وه‌وه‌ له‌ توركیا دامه‌زراوه‌ به‌ناوی فه‌رمانگه‌ی شه‌ڕی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌و شه‌ڕه‌ له رابردوو له‌‌ دژی بزووتنه‌وه‌و رێكخستنه‌ چه‌پ و سۆسیالیست و كوردستانیه‌ شۆڕشگێڕیه‌كان بوو، له‌ دوای ده‌ركه‌وتنی په‌كه‌كه‌ و ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی چه‌كداریش به‌ چڕی ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بن. له‌ ساڵی ١٩٩٢وه‌وه‌ راگه‌یاندنه‌كانی په‌ده‌كه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌م فه‌رمانگیه‌، واتا رێنمای و شێوازی داڕشتنی هه‌واڵ و به‌ده‌ستخستنی زانیاری و چۆنیه‌تی كاركردن له‌ رێگه‌ی ئه‌م فه‌رمانگه‌یه‌وه‌ به‌ده‌ستیان ده‌كه‌وێت، له‌ ئێستا ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی میت – پاراستنه‌وه‌ له‌ باشوور كاره‌كانی ده‌كات و ئه‌وانیش له‌ رێگه‌ی چه‌ند ناوه‌ندێكی هه‌واڵگری و راگه‌یاندنی ئه‌و شه‌ڕه‌ تایبه‌ته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بن. له‌گه‌ڵ راگه‌یاندن و كه‌سه‌ فه‌رمیه‌كانی په‌ده‌كه‌ سه‌یر بكه‌ین، به‌شێك به‌ناوی مه‌لا و كه‌سایه‌تی ئیسلامی سه‌له‌فی، به‌شێك به‌ناو عه‌لمانی و ئه‌نارشیست، به‌شێك به‌ناو حیزبه‌كانی تر، وه‌ك مه‌كینێكی ره‌ش كردن و دژایه‌تی كردنی په‌كه‌كه‌، شه‌ڕێكی تایبه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان خستۆته‌گه‌ڕ.

 بۆیه‌ نابێ وابزانرێ ئه‌مه‌ رێككه‌وته‌ یان بیروبۆچوونی خۆیانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن، نه‌خێر ئه‌مانه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن، ئه‌و شوێنه‌ش له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری ناتۆوه‌ به‌ڕێكخستن كراوه‌ به‌ناوی گلادیۆ كه‌ ناوه‌ندی فه‌رمانگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕی تایبه‌ته‌. بۆیه‌ ده‌بێ بزانرێت سه‌خترین قۆناخی شه‌ڕ، ئه‌وكاته‌یه‌ كاتێك داگیركه‌ر و به‌كرێگیراوان و ناوه‌ندی شه‌ڕی تایبه‌ت پێكه‌وه‌ ده‌بن به‌ یه‌ك، بۆیه‌ ناكرێ ئه‌و قۆناخه‌ هه‌روا به‌سووك و ئاسان وه‌ربگرین، به‌ڵام ناشبێ وه‌ك هه‌ندێك كه‌س به‌چۆك دابێین و رۆح و هێزی به‌رخودان و تیكۆشانمان نه‌مێنێ.

له‌ ٣٩ ساڵه‌ی شه‌ڕی ئازادی كوردستاندا، دوای ئه‌وه‌ی كۆمپلۆ و پیلانگێڕه‌كان بۆ دواین جار له‌ كۆتای حوزیرانی ئه‌مساڵ له‌ ئیسپانیا به‌كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆ خۆیان نوێ كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه‌ كه‌ ئه‌م ته‌ڤگه‌ره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی و گه‌له‌كه‌ی و هزر و باوه‌ڕی و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی پشتی به‌هیچ هێز و لایه‌ن و ده‌وڵه‌تێك نه‌به‌ستوه‌و نابه‌ستێ. ئه‌مه‌ش بۆته‌ نهێنی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م شۆڕشه‌، هه‌روه‌ها له‌ دیرۆكی ٥٠ ساڵه‌ی ئه‌م ته‌ڤگه‌ره‌ خاڵێكیتریشی سه‌لماندوه‌ ئه‌ویش وێنه‌ی پۆڵایه‌ تا لێی بدرێت به‌هێزتر ده‌بێت، تا خوێن ببخشێت ئاستی بڕیار و هێزی تێكۆشانی زیاتر ده‌بێت. بۆیه‌ ده‌بێ سه‌خت و به‌ قوربانی بێ، به‌ڵام له‌ئێستاوه‌ ئاسۆ روونه‌ ئه‌م تێكۆشانه‌ ئه‌مڕۆ نا سبه‌ی ده‌گا به‌ سه‌ركه‌وتن. بۆیه‌ مه‌رجه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ركه‌وتن و تێكشكاندنی داگیركه‌ر و نۆكه‌رانی، پێویسته‌ ده‌كات به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پرنسیب و پێوانه‌كانی شه‌ڕی گه‌لی شۆڕشگێڕی جێبه‌جێ بكرێن و گه‌ل و گه‌ریلا هاوسه‌نگه‌ر، شانبه‌شانی یه‌كتر ده‌بێ له‌م شه‌ڕه‌دا به‌شداربن.

ف.ق