شکستی دەوڵەتی تورک، شکستی زیهنیەتی دەوڵەت_نەتەوەیە

ئامانجی دەوڵەتی تورک لە داگیرکردنی سوریا، لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و سەرخستنی داگیرکارییەکانێتی لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزەکانی سەر بە پەدەکە و گرووپە چەتەکانەوە.

شکستهێنان بە دەوڵەت_نەتەوە

لە دیمەشق چی دەقەومێت؟ دوای ١٣ ساڵ ڕژێمی ئەسەد پێداگری لەسەر پاراستنی دەسەڵاتی خۆی کرد، بۆچی لەناکاو دەستبەردابوو و هەڵات؟ بێگومان هەڵاتنی بەشار ئەسەد زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کرد و تا ئێستاش زۆر کەس باوەڕیان بەم ڕەوشە نەهێناوە. بەداخەوە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەخوێندنەوەی درووست بۆ ڕەوشی واقیعی-سیاسی ئەم سەردەمە.

لە هەندێک هەواڵدا دەگوترێت، "ڕژێمی بەعس ڕووخاوە"، ئەم ڕژێمە پێشتر لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕووخابوو و گەلانی هەرێمەکەش هێڵی خۆیان دیاری کردبوو. لە لایەکی ترەوە لە دەسپێکی "بەهاری عەرەبی"ـەوە تا ئێستا هیچ ڕاستییەک وەک ڕاستی شۆڕشی ڕۆژژئاوا دەوڵەتی تورک یان هێزە هەژموونگەرەکانی جیهانی نەترساندووە. ئەوەی ڕەوشی سوریای گۆڕی، شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو. چونکە ئەم شۆڕشە هی دەوڵەت و دەسەڵاتداران نەبوو، شۆڕشی گەل بوو. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئیدارەی جەوهەریی خۆیان دامەزراند و لەبری دەوڵەت، دیموکراسییان دامەزراند. شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەو شتە بوو کە ڕژێمی بەعسی ڕووخاند و لە کەسێتی ئەم ڕژێمەدا دژەکۆمەڵایەتیبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی نیشاندا.

لە ئێستادا لەگەڵ ڕۆیشتنی بەشار ئەسەد ئاڵۆزییەکان لە سوریا زیاتر بووە. بێ گومان ڕۆیشتنی ئەسەد دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گەلان، بەڵام بۆ ڕەوشی هەرێمەکە، جێهێشتنی دەسەڵات بۆ چەتەکان و دەوڵەتی تورک ئاڵۆزییەکانی زیاتر کرد. بە ڕۆیشتنی ئەسەد، لەبری ئارامی، شەڕ و ململانێی زیاتر لە سوریا ڕوودەدات. بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیویست ئەسەد بڕوات، نەوەک بۆ بەرژەوەندیی گەلان، بەڵکو بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا. ئەمە بێجگە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، سوودی بۆ هیچ هێزێک نەبوو. هێشتا ڕەوشی دەسەڵات لە دیمەشق ناڕوونە. بەڵام دەوڵەتی تورک بە هەموو هێزی خۆیەوە بەردەوامە لە هێرش بۆ سەر شارەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. چونکە ئەوەی ڕەوشی سوریا دیاری دەکات، شۆڕشی ڕۆژئاوا دەبێت. ئەمەش بۆ ئەوە دەکات، تاوەکو لە سوریا گۆڕانێکی ئەرێنی ڕوونەدات، دەیەوێت ڕەوشێکی لە جاران خراپتر لە ڕووبدات.

کوردەکان لە چەند شارێکی سوریا بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەژین و سیستەمی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەرییان هەیە. دەوڵەتی تورک پێی واتە کە دەستخستنی هەندێک شوێن و ناوچە دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی شۆڕشی ڕۆژئاوا. بەڵام لەوە تێ ناگات، ئیتر گەلانی هەرێمەکە بەشی خۆیان ئەزموون و تێگەیشتنیان هەیە. بۆیە هەرچەند شەڕ لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەختتر بێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێشتا سەرکەوتوو نابێت. ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە، شۆڕشی زیهنییە. چیتر کۆمەڵگە وەک جاران بیرناکاتەوە، وەک جاران ناژی و وەک جاران ڕەفتار ناکات. بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ئیدی داگیرکاری لە زیهنی کۆمەڵگەکاندا شکستی هێناوە و ئیدی مرۆڤی ئازاد هەیە.

بە چوونی ئەسەد، هێزە نێونەتەوەییەکان و دەوڵەتی تورک چاویان لە شتی جیا جیایە. هەم ڕوسیا و هەم ئەمریکا، لەگەڵ گرووپە چەتەکان و دەوڵەتی تورکدا دانوستان دەکەن. لێدوانی هەموو هێزەکان نیشانی دەدات کە چوونی ئەسەد بێ هۆکار نییە. هەموو بەرئەنجامی چەند ڕێککەوتنێکە. بۆیە ڕەوشی سوریا وەک میسڕ و لیبیا و تونس نەبوو. حکومەتی ڕژێمی بەعس لە شوێنی خۆی مایەوە و بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە هەوڵدان. ڕوسیا و ئەمریکا هەبوونی خۆیان لە سوریا درێژە پێ دەدەن. ئاشکرایە هەمووی بەرئەنجامی ڕێککەوتنە. ئەمریکا دەیویست لەڕێگەی ئیسرائیلەوە هەندێک دەستوەردان لە هەرێمەکەدا بکات. دەوڵەتی تورکیش لەپێناو سەپاندنی هەژموونی خۆی و ناچارکردنی هێزە نێونەتەوەییەکان بەم هەژموونە، لەڕێگەی گرووپە چەتەکانەوە لەسەر خاکی سوریا داگیرکاری ئەنجامدا. تا ئاستێکیش گەیشتە ئامانجەکەی. بۆیە ئەوەی چەند ساڵە دەوڵەتان نەیاتوانی بیکەن، دەوڵەتی تورک بە ماوەیەکی کەم بەدی هێنا و سوریای داگیر کرد.

دەوڵەتی تورک هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاندووە کە هەمیشە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و جگە لە هێزە هاوکارەکانی سەر بە پەدەکە و چەتەکان هیچ هێزێکی شەرعی لەوێ نابینن. ئامانجی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر سوریا شکستپێهێنانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و سەرخستنی داگیرکارییەکانێتی لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزەکانی سەر بە پەدەکە و گرووپە چەتەکانەوە. بۆیە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا ئەمڕۆ هەم لە هەموو لایەکەوە شەڕی چەکداری بەرامبەر چەتە داگیرکەرەکان دەکات، هەم لە ناوخۆ بەرامبەر هێزە خیانەتکار و هاوکارەکان تێدەکۆشێت و دەسکەوتەکانی دەپارێزێت.

لەلایەکی تر، دەوڵەتی تورک پاش شەهبا و تەل ڕەفعەت ڕوویکردە مەنبەج و دەیەوێت لەوێوە تا ڕەقە و دەیرەزۆر بگرێت و ڕادەستی چەتەکانی بکات. هەروەها دەیەوێت شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەستی هێزەکانی سەر بە پەدەکە بکات و وەک باشووری کوردستان بیلکێنێت بە خاکی خۆیەوە. بە کورتی پلانەکانی دەوڵەتی تورک فرە ڕەهەندن. بەڵام تاکە ئامانجی داگیرکارییە. بۆیە پێویستە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بپارێزرێت. ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هێڵی سووری دیموکراسییە. ئەگەر ڕێگە لە داگیرکاری دەوڵەتی تورک نەگیرێت، دەوڵەت_نەتەوەی یەک‌پارێز دیسانەوە دەبێتە بەڵای سەری گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. شکستهێنان بە دەوڵەتی تورک شکستهێنانە بە زیهنیەتی دەوڵەت_نەتەوە. بۆیە دەبێت ئەو بەهایانەی بە خوێن و ڕەنج و ماندووبوون ئافرێندراون، بپارێزرێن. بەتایبەت باکووری کوردستان، پێویستە هاوشێوەی قۆناغی ٢٠١٤، بەرامبەر ئەم داگیرکارییە ڕۆڵ بگێڕێت و هێڵی سووری خۆی بپارێزێت.