نزیكەی نۆ مانگە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و سی و نۆ هەزار فەلەستینی كژراون و بەهەزارانیش بریندار بوون. لەشەڕی نێوان هەردوولا زۆر هەوڵدرا بەرەی شەڕەكە بەرفراوان بكرێتەوە، بەتایبەتی لەسوریا و عێراق و یەمەن ەوە ویستیان بەشێوەیەك لەشێوەكان رژێمی ئێران لەو شەڕە تێوە بگلێنن. تەنانەت بۆ ئەو مەبەستەش ئیسرائیل باڵەخانەی باڵوێزخانەی ئێرانی لەدیمەشق كردە ئامانج و چەند پلە باڵایەكی ئەو رژێمەی كوشت و دوابەدوای ئەوەش رژێمی ئێران و ئیسرائیلیش بەشێوەیەكی كۆنترۆڵكراو و نمایشی بەڕێگەی درۆن و چەند موشەكێك وەڵامی یەكدیان دایەوە و تۆانای یەكدیان بەشێوەیەك لەشێوەكان تاقی كردەوە. بەڵام نە رژێمی ئێران و نە ئیسرائیل نەیانوویست ئاگری ململانێیەكەیان گوڕتر بێت.
هەرچەندە ماوەماوە لەگەڵ بەرپابوونی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە موشەك ئاراستەی ئیسرائیل دەكرا و ئیسرائیلیش بەڕێگەی درۆن و تۆپخانەوە پێگەكانی حیزبوڵڵای لەسەرسنور دەكردە ئامانج، بەڵام ئەوە ماوەی دە رۆژە شەڕی نێوان هەردوولایان پەرەی سەندوە و بە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، درۆنەكانی ئیسرائیل سەركردەو پێگە هەستیارەكانی حیزبوڵڵا دەكەنە ئامانج و لەبەرامبەریشدا حیزبوڵڵا بەدرۆنی تەوقیتكراو و موشەك وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە. ئەمریكا هەر زوو نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر بەهەڵكشانی ململانێ و ناكۆكییەكانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا راگەیاندو هوشیاری دا نابێت شەڕ و ململانێ لەهەردوو سنور تەشەنە بستێنێت و بایدنیش بەو مەبەستە یەك لەراوێژكارەكانی خۆی بۆ هێوركردنەوەی دۆخی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل رەوانەی ئیسرائیل كرد. ئاخۆ ئەمریكا وەك لەراگەیاندنەكاندا دژایەتی خۆی نیشاندا، ئایا بەڕاستی وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكات، لایەنگری ئاشتی و تەبایی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلە، یاخود دەیانەوێت حیزبوڵڵاش هاوشێوەی حەماس لەسنورەكان دوور بخەنەوە ئەوە ئیدی بەشەڕ بێت یا بەخۆشی.
لە شەڕی سی و چوار رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا كە لە ٢٠٠٦دا روویدا، تا ئەم كاتە شەڕێكی ئەوتۆ لەنێوان هەردوولایاندا رووی نەداوە، تا ئەو كاتەی لەساڵی ٢٠١١ كە شۆڕشی گەلانی سوریا دەستی پێكرد، حیزبوڵڵاش وەك هاوپەیمانێكی سوریا هاوشان لەگەڵ رژێمی ئێران بەهەزاران ئەندامی بزوتنەوەكەی رەوانەی بەرەكانی شەڕ لەو وڵاتە كرد و جاروبار ئیسرائیل بەڕێگەی فرۆكەی بێ فرۆكەوان ئەو هێزانەی لەلایەن ئێران و حیزبوڵڵاوە شانبەشانی سەربازانی سوری دەجەنگان دەكردە ئامانج و لەململانێیە نێوخۆیەكانی سوریا بەسەدانیان لێ كوژراو و بریندار بوون. ئەم دۆخە تا شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل درێژەی كێشا و بەهێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و كوشتن و بەبارمتەگرتنی سەدان ئیسرائیلی بوو بەكارتێك بەدەستی دەوڵەتی ئیسرائیلیەوە بۆ ئەوەی ئەو دەستانەی لەپشت حەماسەوە بێت بكرێنە ئامانج. لەلایەكی تر هاوپەیمانی ئەمریكا ـ ئیسرائیل ـ عەرەبستانی سعودی پاش ئەوەی لەكۆبوونەوەی وڵاتانی جی حەوتدا كەساڵی پار بڕیاریان لەسەر راكێشانی رێڕەوێكی نوێی بازرگانی و وزە لەهیندستانەوە بۆ ئیماڕات و لەوێوە بۆ ئیسرائیل و یۆنان دا بوو بەفاكتەرێكی دیكە كە ئەو هێزانەی لەسەر ئەو رێڕەوەن و رەنگە لەداهاتوودا ببنە كێشە و بەربەست لەبەردەم هاتووچۆی كەشتی و پاپۆڕە بارزگانیەكان و وزە؛ دەبێت بەهەرنرخێك بێ یا ئەوەتا پاكتاو یاخود بێ كاریگەر بكرێن. یەك لەو هێزانەش حەماس و ئەوەی دیكەش لەبەرچاوانە وا دیارە حیزبوڵڵای لۆبنان بێت.
بەهاندانی حەماس لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە، حەماس لەبەرامبەر بەئیسرائیل خرایە جووڵە و بەو شێوەیەش ئەوەتا ماوەی نۆ مانگە ئەو شەڕە بەهەموو وەحشیەتێكەوە بەردەوامە و بەهەزاران رۆڵەی فەلەستینی كراونەتە سووتەمەنی ئەو شەڕە نەخوازراوەی وا بەفیتی دەوڵەتەكانی داگیركەر و نۆكەری سیستەمی سەرمایەداری لەناوچەكە هەڵگیرساوە. ئێستاش هەستیان بەوە كردوە كە تا ئاستێك حەماس بێ كاریگەر كراوە، و دەتوانن بە رێگەی راگەیاندنی ئاگربەست و دابەزاندنی زەخت و گوشاری ئەو شەڕەی لەگەڵ حەماس، رووی چەكەكان لەحیزبوڵڵای لوبنان بكەن و ئەمریكا و توركیاش پشتیوانی ئەو شەڕە دەبێ و بگرە سعودیەی عەرەبستانیش بەدەست پێ كردنی شەڕەكە لاری نەبێت لە، لەناو بردنی حیزبوڵڵا.
ئێستاكە هێدی هێدی زەمینە ماددی و مەعنەوی و سەربازی و سیاسیەكان بۆ زەبر وەشان لەحیزبوڵڵا تا ئاستێك ئامادە كراوە، بەتایبەتی كە نزیكەی بیست و پێنج وڵاتیش حیزبوڵڵا وەك بزوتنەوەیەكی قەدەغەكراو پێناسە دەكەن و دەناسن. لەنێو ئەو وڵاتانەش، یەكێتی وڵاتانی عەرەبی و ئەنجوومەنی هاوكاری کەنداوی فارس و ناتۆ و ئەوروپا و ئەمریكا دژی حیزبوڵڵان و رەنگە هاوشێوەی عەرەبستان، میسریش هاوڕا بێت لەوەی كە حیزبوڵڵا دەمكوت بكرێت، چونكە لەساڵی ٢٠٠٩دا دادگای میسر حیزبوڵڵای بەوە تاوانبار كرد بەڕێگەی قاچاخ چەك و چۆڵ بۆ ناسەقامگیر كردنی میسر هاوردە دەكات و لەو كاتەدا ئەندامێكی پلە باڵای حیزبوڵڵا بەناوی"سامی شەهاب" دانی بەوەدا نابوو كە لەلایەن حەسەن نەسروڵاوە ئەركدار كراوە بۆ ئەوەی دۆخی میسر بشێوێنن. بۆیە ئەمجارە ئیدی گۆڕەپانی شەڕەكە بۆ حیزبوڵڵا هاوشێوەی ساڵانی"٢٠٠٠ و ٢٠٠٦" نابێت؛ چونكە هەم هاوسەنگی سەربازی و هەم هاوسەنگییە سیاسی و هەرێمیایەتی و جیهانیەكان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و ئەمەش بێگومان لەبەرژەوەندی حیزبوڵلا تەواو نابێت.
لەو شەڕانەی پێشووتر هەر هیچ نەبێت زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی بەشێوەیەك لەشێوەكان دژ بەقەوارەی ئیسرائیلی بوون، تەنانەت دەوڵەتی لوبنان و سوریا و ئێران و روسیا و چین بەشێوەیەكی ئاكتیڤ پشتیوانیان لە حیزبوڵڵا دەكرد، بەڵام ئێستاكە وڵاتانی ناتۆ و ئەمریكا و ئیسرائیل و توركیا دەیانەوێت بەهەڵگیرساندنی شەڕی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و ئۆتۆماتیكی رژێمی ئێرانیش پەلكێشی نێو شەڕەكە بكەن. لەلایەكی تر نە رژێمەكەی بەشار ئەسەد و نە وڵاتی لوبنان لەدۆخێكی وەهادا نین و رەوشی ناوخۆیان وەها شێواوە كە ناپەرژێنەسەر پشتیوانی كردن لەحیزبوڵڵا، تەنانەت دۆخی پۆتین و روسیاش لە ئێران و سوریا باشتر نییە.
لە هەژدەی پووشپەڕ"سێ شەممە١٨ی ژۆئن"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بزوتنەوەی ئەنسارۆڵای لەعێراق خستە لیستی بزوتنەوە قەدەغەكراوەكان و ئەمەش وەك ئامادەكاریەك لێكدرایەوە كە ئەگەر بێت و رژێمی ئێران بیەوێت بەڕێگەی ئەو بزوتنەوەیە پەلاماری ئیسرائیل بدات، ئەوە ئەنسارۆڵا بكەنە ئامانجی هێرشەكانیان و بەو شێوەیە رژێمی ئێران لەنێوان دوو رێیانێكدا بهێڵنەوە، یا ئەوەتا راستەوخۆ هاوشانی حیزبوڵڵا لەبەرامبەر بەئیسرائیل بكەوێتە شەڕ كە ئەوە ئامانجی ئەساسی دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئیسرائیل و ئەمریكایە یا ئەوەتا خۆی لەو شەڕە بێدەنگ بكات، كە ئەمەش بەواتای دەستبەردانە لەحیزبۆڵا و لەنیوەی رێگە بەتەنیا بهێڵێتەوە، هەرچۆن بۆ حەماسیش وەها بوو.
دەوڵەتی داگیركەری تورك لەبابەتی حیزبوڵڵادا هاوشێوەی حەماس تەنیا لەراگەیاندنەكانەوە هەندێ هات و هاواری نەكات و نزیكبوونەوەی پڕ جیاوازتر بێت، بۆ ئەوەی لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەوروپاوە لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و كوردان پشتیوانی لێ بكرێت، بەشێوەیەكی ئاكتیڤ لەبەرامبەر حیزبوڵڵاوە پشتیوانی لە ئیسرائیل بكات؛ چونكە دەوڵەتی داگیركەری تورك، دەیەوێت شەڕ و ناكۆكیەكان لەرۆژهەڵاتی ناوین قووڵ بكاتەوە و بەو رێگەیەش بیەوێت هەم پەرە بەسیاسەتی قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادی كوردان بدات و هەم ناڕەزایەتیەكانی نێوخۆی توركیاش سەركوت و چاوترسێن بكات و بەو شێوەیەش ئاگری شەڕ لەرۆژهەڵاتی ناوین گوڕ بكرێت.