ئەردۆغان وەک بەڕێوەبەرێک کە لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕابێت مامەڵە ناکات. بەپێی نەریت و ئەخلاقی سیاسی و یاسا هەڵسوکەوت ناکات. هەموو ئامراز و سیاسەتەکانی لەسەر بەدەستهێنانی دەسەڵات و مانەوەی لە دەسەڵاتە. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی لەناوبردنی هەموو دەستکەوتە دیموکراسیەکان دەدات و دیسان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بەردەوامە لەوەی وڵات لە شەڕدا بمێنێتەوە. وەک ئەوەی وڵات تووشی هیچ کارەساتێک نەهاتبێ مامەڵە دەکات. هێز، سەروەت و سامانێکە قەد خەونی پێیەوە نەدەبینی بەدەستی هێناوە. لە ترسی ئەوەی ئەگەر دەسەڵات لەدەست بدات، هەموو شتێک لەدەست دەدات، لەسەر عەقڵیەتێکی لەو شێوە هەموو شتێک دەکاتە قوربانی.
ئەردۆغان دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕووی دۆخێک بکاتەوە کە نەتوانێت سیاسەت بکات. هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر پارتەکانی تر بەتایبەت جەهەپە. وەک ئەوە وایە ئەوەی لە هەڵبژاردندا دۆڕا حیزبەکەی نەبێت، ئۆپۆزسیۆنی تووشی کێشە کردووە، دەیەوێت بە گورزی دادگا ئۆپۆزسیۆن بێلایەن بکات. ئەردۆغان دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامرازێک لەدەستی خۆیدا لە دژی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنێت. یانێ خۆسەری دادگای نەهێشتووە.
تورکیا تا دێت بەرەو هەژاری دەچێت. بە هیچ شێوەیەک ئابوورییەکەی ناگەڕێتەوە سەر قوامی پێشوو. هێشتا هەڵاوسانەکان بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە کۆمەڵگا و دەیچەوسێنێتەوە. جوگرافیا و سامانە سروشتییەکانی وڵات بە تاڵان دەبات. تا دێت دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن، هەژارەکان هەژارتر دەبن. کێشە و گرفتەکان ڕیشەدارتر و بەردەوام تر دەبێت. لەهەمووی زیاتر کێشەی پرسی کورد هەیە کە سەرچاوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگایە. بە هۆی چارەسەرنەکراوی ئەم پرسەو بەردەوام لە سنووری سوریا و عێراقدا ململانێ و شەڕ بەردەوامە. حکومەت هەوڵدەدات باس لەمانە نەکرێت و ببێتە ڕۆژەڤ بەڵکوو دەیەوێت ڕۆژەڤی خۆی بەسەر گەل و ئۆپۆزسیۆندا بسەپێنێ.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕاندایە. تورکیا لە سەرتاسەری ناوچەکە هێرش دەکاتە سەر کوردان و شەڕەکەش بۆ وڵاتانی دیکەش تەشەنەی کردووە. بەدەیان بنکەی سەربازی لە سنوورەکانی عێراق دروست کردووە. بە بەردەوامی باشووری کوردستان بوردومان دەکات. بە هەمان شێوە بەشێکی زۆی لە خاکی ڕۆژاوای لە سوریا داگیر کردووە و سیاسەتی پاکتاوکاری نەتەوەیی لە دژی کورد جێبەجێ دەکات. سوپای تورکیا بە بەردەوامی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە سوریا بۆردومان دەکات و هەوڵی داگیرکردنی دەدات. هەروەها دەیەوێت کۆبانێ گەمارۆ بدات و دەستکەوتەکانی کورد لەناوببەن. ئێستا جیا لە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گەلانی هەرێمەکانی ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەگشتی شەڕ لە سوریا نەماوە. هەموو جیهان داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەری سیاسی لە سوریا دەکات، بەڵام ئەردۆغان پێداگری لەسەر شەڕ دەکات.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی ئاسایشی ئیسرائیلدا سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە. ئەمریکا و ئەوروپا چالاکانە بەشدارن لەو پرۆسەیە. بێگومان گۆڕانکارییەکان تورکیاش دەگرێتەوە. لەسەر بنەمای ئەم پێشهاتانە، ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەیەکی پێشکەش کردووە. کەسانی وەک باخچەلی بە هەستکردن بە مەترسییەکان، روویان لە ئیمرالی کرد و تیان دەبێت پرۆسەکە چارەسەر بکرێت. هەروەها شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالییان کرد و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە و دواتر سەردانی سەرجەم لایەنەکانی ناو پەرلەمانیان کرد و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ و ڕێکارەکانیان لە گەڵ باس کردن و وەک لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو کرایەوە ئەنجامەکانیان بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاند.
ئەردۆغان بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکات. هەمووان دەزانن لە چوارچێوەی دەسەڵاتداری خۆیدا پەرەسەندنەکان هەڵدەسەنگێنێت. ئەگەر دەسەڵاتی بەردەوام بێت و تا مردن لە سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە، لەوانەیە هێچ ڕێگریەک لە پرۆسەکە نەکات. بەڵام ئەگەر خزمەت بە دەسەڵاتەکەی نەکات، پێدەچێت هەوڵەکان بە بێهودە دەرچن، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەمان کاری کردووە. کاتێک مرۆڤ پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە سیاسەتی ئەردۆغان چییە، هیچ وەڵامێکی ئەرێنی نادۆزێتەوە. ئەوان بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە پرۆسەکە دەکەن، بەڵام پێشەنگایەتی ناکەن. خاوەنداری لێناکەن. جەهەپە ناڵێت بۆچی هێرش دەکرێتە سەر تشرین، یان تا کەی ئەم بۆردومانانە لە عێراق بەردەوام دەبێت. کاتێک شەڕ لە دەرەوە بەڕێوە دەچێت، ئایا لەناوەوە ئارامی دەمێنێت؟ ئەگەر ئارامی ڕوودەدات پێویستە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە.
ئەردۆغان لە سوریا و عێراق هێرش دەکاتە سەر کورد و دژایەتیان دەکات، بەڵام لە تورکیا بانگەوازی بۆ "خوشک و برایەتی تورک و کورد" دەکات. شتی بەو شێوە مەحاڵە. ئەوانەی داوای خوشک و برایەتی گەلی کورد و تورک دەکەن، لە ناوخۆی سوریا دژی گەلی کورد کۆمەڵکوژی دەکەن. ئەمە فریودانی کورد لە ناوخۆدا بەڵام بەئامانج گرتن و کۆمەڵکوژییە لە دەرەوە. بۆیە پێویستە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن خاوەنداری لە پرۆسەی چارەسەری خوشک و برایەتی گەلی کورد و تورک بکەن و لەم بوارەدا پێشەنگایەتی بنوێنن و بەتەنها گۆڕەپانەکە بۆ ئاکەپە بەجێنەهێڵن.
جەهەپە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بوو بە پارتی یەکەم. بەڵام ئێستا لەبەرامبەر ئەردۆغاندا وەک لایەنێکی دەستەمۆە. دەست بەسەر شارەوانیەکاندا دەگرێت و قەیوم لە شوێنیان دادەنیت و جەهەپە و لایەنەکانی تر رووبەڕووی دادگا دەکاتەوە. لە کۆریدۆرەکانی دادگادا سیاسەتەکانی جێبەجێ دەکات. بۆیە دەبێت ئۆپۆزسیۆن هەنگاوێکی ستراتیژی بنێت و ڕێگە نەدات ڕۆژەڤ لەلایەن ئەردۆغانەوە دەست نیشان بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت بۆ پرسی کورد هەڵوێستێکی دروست جێبەجێ بکرێت. هەروەها پێویست بە هاوکاریەکی جددی هێزە دیموکراتیکەکان هەیە. ئەگەر ئەمە نەکرێت تورکیا دیسان سیاسەتەکانی پێشوو لە چارەسەر نەکردنی پرۆسەکە دووبارە دەکاتەوە و لە ئەنجامدا ئۆپۆزسیۆن هێزی خۆی لەدەست دەدات.
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا.