وتار

پەکەکە، یەکەمین فیشەکی ئازادیی و هەنگاوهەڵهێنان بەرەو کۆماری دیموکراتیی

کاتێک هەلومەرجی ستەم و چەپۆکی خوێناوی دەوڵەت – نەتەوە گەشتە سەر ئێسکی کورد، پەکەکە دامەزرا، ڕێبەر ئاپۆ واتەنی: ''کوردێکیان نەهێشتبووەوە نەکەوتبێتە نێو خیانەت لە خۆی.''

پاش کەوتنی ئیپمراتۆرییەتی عوسمانیی، فەڕەنسا و بەریتانیا نەخشەی ناوچەکەیان کێشایەوە و کۆمەڵێک دەوڵەت – نەتەوەیان بەپێی قازانجپەرەستیی خۆیان داتاشی، کورد کەوتە نێو بەرداشێکی تۆقێنەری ئەم دەوڵەت نەتەوانە، جا لەم هەلومەرجەدا و بەپێی وتەی : 'کوردستان داگیر کراوە'ـی ڕێبەر ئاپۆ پەکەکە دامەزرا.

ساڵی ١٩٧٣ و کاتێک هەلومەرجی ستەم و چەپۆکی خوێناوی دەوڵەت – نەتەوە گەشتە سەر ئێسکی کورد، پەکەکە دامەزرا، ڕێبەر ئاپۆ واتەنی: ''کوردێکیان نەهێشتبووەوە نەکەوتبێتە نێو خیانەت لە خۆی.'' ڕەگوڕیشەکانی ئەم پێواژۆ فیکرییەی دامەزراندنی پەکەکەش دەگەڕێنەوە بۆ پرسیارەکانی منداڵی ئەم ڕێبەرە کوردە لەمەڕ ڕاستینەی دەوڵەت و قەدەری بندەستی کوردان.

گرووپی یەکەمی ئاپۆچییەکان لە کەناراوی بەنداوی چووبووک

پاش حەوت مانگ مانەوە لە زیندانی ماماکی ئەنقەرە، ڕێبەر ئاپۆ لە نێوان ساڵانی ١٩٧٢ – ١٩٧٣ دەکەوێتە نێو لێگەڕینێکی قووڵ لەمەڕ ڕاستینەی بندەستی کوردستان. هاوڕێ لەگەڵ هەقی قەرار و کەمال پیر، کاتێك ڕێبەرێتیی دەگاتە ئەو ڕاستییە تاڵەی بێژێت: کوردستان داگیر کراوە، وەک بڵێی لە هۆش دەچێت. پاشان لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە یەکەمین گرووپی ئاپۆچییەکان لە سەر بەنداوی چووبووک یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان گرێ دەدەن.

پاش ئەمانەش گرووپی ئاپۆیی لە ٢٧ – ٢٨ـی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر شارۆچکەی لیجەی ئامەد، یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی ئەنجام دا و بەم ڕەنگە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە کێشمەکێش و قووڵبوونەوەیەکی تیۆریی و فیکریی و ئایدۆلۆژیی لەم چەشنەدا ڕەنگڕێژ بوو.

لەسەر بنەمای (مێژوو لەمڕۆدا شاراوەیە)ـی ڕێبەر ئاپۆ، شاپرسیاری ئەم تەڤگەرە لەم ٥٣ ساڵەدا بوو بە شەنوکەو و خساتنە ژێر پرسیاری مێژوو و ئایدۆلۆژیای پێنجهەزارساڵەی دەسەڵاتگەرە ناوەندییەکان، ئەویش لە سۆنگەی توێکاریی بۆ کەسێتیی دەوڵەت – نەتەوە هاوچەرخەکانی سەر ڕاسەری کورد.

پاش ئەم سەرهەڵدانە ئایدۆلۆژیی و فیکرییە، لەسەر دوو ئاست دژایەتیی تەڤگەریی ئاپۆیی دەستی پێ کرد:

١_ هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە پاساوی تێکدان دژ بە خاک و خەڵکی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کۆمەڵکوژیی بەم بیانووە

٢_دەرەبەگ و ناسیۆنالیزمی بەرایی کورد شانەوشانی دەوڵەت – نەتەوەی تورک ڕۆڵێکی پانوپۆڕی دژ بە تەڤگەریی ئاپۆیی و کۆمەڵی کوردەواریی گێڕا

لەم بارەوە جەمیل بایک لە پەڕتووکی (مێژوویە لە ئاگر)ـدا پێی وایە یەکێک لە جیاوازییەکانی پەکەکە لەگەڵ بزوووتنەوەکانی پێشووتری کورد ئەوە بوو پاشخانی دەرەبەگ و چینی ناوەڕاستیان نەبوو، بەڵکوو یەکەمین شەڕیان ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ چینی دەرەبەگ و فیوداڵە کوردەکان بو، وەک شێخەکانی بوجاغ.

کەنعان ئیڤرەن و پزیسکەی خەباتی گەریلایی

لە ١٢ـی ئەیلوولی ١٩٨٠ کودەتایەکی سەربازیی سەرپێ خرا و هەوڵی تیرۆری کەنعان ئیڤرەن درا. جا دەوڵەت ویستی بەم ڕێکارە کوشتارێکی نامرۆیی لە دژی کورد بەڕێوە ببات. بەڵام بە بەرخۆدانی زیندان و دەستپێکی خەباتی گەریلایی لە ساڵی ١٩٨٢ ئەم پیلانگێڕییە پووچەڵ کرایەوە.

هەنگاوێك بۆ دواوە، دوو هەنگاو بۆ پێشەوە

لە ١ـی تەمووزی ١٩٧٩ ڕێبەر ئۆجالان دەرچوونی مێژووی خۆی بەرەو ڕۆژئاوا و لوبنان و فەڵەستین دەست پێ کرد. جا پاش پەروەردەیەکی تیۆریی و سەربازیی قووڵ و فراوان، هەنگاو بۆ 'گەڕانەوە بۆ وڵات' دەهاوێژردرێت و یەکینە گەریلاییەکانی پەکەکە لەسەر سنوورە دەستکردەکانی (باکوور و باشوور)ـی کوردستان جێگیر دەبن.

ساڵی ١٩٨٢ کۆنگرەی دووەمی پەکەکە بەسترا و بڕیاری شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی درا و “ھێزی ڕزگاریی کوردستان” HRKـی دامەزرا، لە ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـیش بە تەقاندنی یەکەمین فیشەک، بڕیاری ژیانی ئازادی گەیاندە چڵەپۆپە.

پەکەکە ساڵی ١٩٨٦ سێیەمین کۆنگرەی خۆی لە لوبنان گرێ دەدات و ڕیزێک بڕیاری گرنگ دەدات: لەو کۆنگرەیەدا “ھێزی ڕزگاریی کوردستان” HRK ھەڵوەشێندرایەوە و “سوپای ڕزگاریی گەلی کوردستان ARGK دامەزرا.

بەم چەشنە کۆنگرە دوای کۆنگرە پەکەکە گۆڕانکاریی لە شێوازی خەبات و تێکۆشان، چ لەسەر ئاستی ئایدۆلۆژیی و چ لەسەر ئاستی سەربازیی و کۆمەڵایەتیی ئەنجام داوە.

ئاوێتەبوونی گەل و گەریلا

لە ساڵی ١٩٩٠ـشەوە ئیتر تێکۆشان لە شێوازی تاکەکەسیی و گەریلاییەوە پێی بۆ بەرخۆدانێکی فراوانی گەل لە سەرپاکی مەیدانەکاندا هاوێشت و گەل وەڵامی قەڵەمبازی گەریلای دایەوە.

ڕێبەر ئاپۆ  لە کەسێتیی پەکەکەدا بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی کرد بە جێگرەوە و بە پێودانگی ئازادی ژن و ژینگە و ئابووری دیموکرات نوێبوونەوەی پەکەکەی لە سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵاتگەریی ترازاند و ئەم پارادایمەش لە پارت و ڕیکخستنەکانی پاشتری وەک (پاژک و یەژا ستار و هەپەگە و هتد) لە بزاوتێکی نەبڕاوەدا هەمیشە نوێ دەبێتەوە.

پەکەکە لە لەدایکبوونییەوە تا ئێستا، خەباتی کلاسیکی کوردی هەڵگێڕایەوە و لەسەر هەموو ئاستەکان و لە ماوەی تەمەنی خۆیدا، نوێبوونەوەیەکی تیۆریی و ئایدۆلۆژیی و سەربازیی و کۆمەڵایەتیی نەپساوەی سەرپێ خست و ڕێبەرەکەشی داهێنەری سۆسۆلۆژیایەکی کوردانەیە بۆ کوردان. لە دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆشیدا، وەک وەڵام بۆ بانگەوازی 'ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی' ڕێبەری گەلان، ڕێبەر ئاپۆ، بڕیاری کۆتایی تێکۆشانی چەکداریی و پێهەڵهێنانی بۆ سەردەمێکی نوێ دا.