تێگەی ژیانی ئازاد

ئەو دەمەی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزەکانی پارێزەری ئەمری واقیع لە هەرێمەکە و کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین، شەڕی قڕکردن دژی گەلانی بندەست ئەنجام دەدەن، ئاخۆ تێگەیەکی وەک "ئاشتی" بەسە بۆ تێگەیشتن لە قۆناغەکە؟

ڕۆشنبیر و نوسەر و پارێزەر و وەرزشوان و هونەرمەند و دەستبەژێرانی فەرەنسا، لە ١٣ ی کانوونی دووەم بانگەوازیان کرد لە کۆنفرانسی فەرەنسا و مارسیلیا بۆ ئاشتی لە کوردستان کۆببنەوە، ئەو کاتە دەوڵەتی تورکی فاشیست باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و باشوری کوردستانی بۆردوومان کرد.

هەڵبەتە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەیەکی وەها گرنگە؛ چونکە ڕژێمی فاشیستی تورک پێداگرە لەسەر بەردەوامیدان بە قڕکردنی کوردان لەپێشچاوی جیهاندا. دەوڵەتی تورک شەڕی جیهانی سێهەم کە تا د‌ێت زیاتر و زیاتر لە هەرێمەکەدا بەرفراوانتر دەبێت بەکاردەهێنێت و ڕۆژانە درێژە بە پلانەکەی دەدات بۆ قڕکردن و کۆچبەرکردنی گەلی کورد.

سەرەڕای ئەمەش دۆستانی گەلی کورد بە مەبەستی ئاشکراکردنی ئەم پلانە قێزەونەی دەوڵەتی فاشیستی تورک بڕیاریان دا لە ١٣ی کانوونی دووەم لە مارسیلیا کۆنفرانسێک بە بانگەوازی 'با دەنگی ئاشتی بین بۆ کوردستان' ئەنجام بدەن. بێگومان بانگەواز و کردەیەکی لەو شێوەیە زۆر گرنگە. پێویستە دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە ڕاگەیاندراوەکەیان واژۆ کردووە لەسەر هەڵوێستی بەرزیان. چونکە لەبەردەم چاوی هەموو جیهاندا گەلێکی دێرین قڕ دەکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا گەلی کورد بە چالاکییەکانی تێکۆشانی خۆی فراوانتر دەکات، هەروەها دۆستانی گەلی کورد لە هەموو جیهاندا بەشداری چالاکییەکان دەکەن و لە دەوری فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبنەوە. تا زیاتر ڕێبەر ئاپۆ بناسرێت، گەلی کورد و کوردستان زیاتر دەناسرێن، جگە لەوەش ئەو پرسەی بە پرسی کورد دەناسرێت، کێشەی بنەڕەتی مرۆڤایەتییە و باشتر تێی دەگەین. دۆستانی گەلی کورد تا دێت زیاتر دەبن، ئەمەش بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان تێکۆشانێکی ڕەوایە. هەرچەندە ئەوانەی کێشەی کوردیان وروژاند بە هەموو توانایانەوە هەوڵی تیرۆریزەکردن و تاوانبارکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەدەن، بەڵام ئەو تادێت بێهودتر دەبن، هەرچەندە هەوڵی سنووردارکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەدەن، بەڵام ڕەوشێکی پێچەوانە دێتەپێش. مرۆڤایەتی بندەستی جیهان و سۆسیالیست و ڕۆشنبیران ئێستا تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە تێکۆشانی خۆیان دەزانن، بەشێوەیەکی ڕەوا دژی فاشیزم و میلیتاریزم دەوەستنەوە، هێرشی سەر گەلی کورد، وەک هێرش بۆ سەر خۆیان دەبینن.

یەک لە بابەتە گرنگەکان ئەوەیە: لە سەردەمی ئێستادا پێویستە مرۆڤایەتی قووڵتر ڕابمێنێت. چونکە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بیرنەکردنەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەسەپێنێت. ئاسانترین ڕێگا بۆ ئەوەی مرۆڤ تووشی چەوسانەوەی بەرفراوان بێت، بیرنەکردنەوەی مرۆڤەکانە. بەم شێوەیە بونیادی ڕێکخستنی جڤاک هەڵدەوەشێتەوە. چەوساندنەوەی جڤاکێکی بەم شێوەیە زۆر ئاسانە. ئەوان دەیانەوێت جڤاکێکی کپ و خاڵی لە تێکۆشان بئافرێنن. بەم شێوەیە سیستەمی سەردەست دەیەوێت بە تەواوی هێزی ڕامان کۆنتڕۆڵ بکات. ئەوان بەم کارە دەیانەوێت گەل و ژنان و گەنجان و کرێکاران و هەموو چین و توێژە چەوساوەکان بێ ڕوانین و تێڕامان بهێڵنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا زۆر گرنگە ئەو بیرۆکەیە ڕوون بکەینەوە کە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەیەوێت لەگەڵ مرۆڤەکاندا بیئافرێنێت. چونکە سیستەمی سەرمایەداری تێگەیەکی زۆر قووڵ دەئافرێنێت بۆ ئەوەی جڤاکەکان پەلکێش و ژێردەستە بکات، جڤاک دەخرێتە بەردەم پڕوپاگەندەی توندوتیژ و قێزەون. ئەگینا مرۆڤە تێگەیشتووەکان خاوەنی ئەرکی ڕۆشنبیریین. تا ئەو ئەرکانە جێبەجێ نەکەن، ناتوانن ڕێگری لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بکەن. ئەگەر ئەو ئەرکانەش جێبەجێ نەکرێن، ئاشکراکردن و لەناوبردنی ئەم سیستەمە مەحاڵە.

لەم قۆناغەدا، ئاخۆ ئەو تێگانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ شرۆڤەکردنی شەڕ و فاشیزم و تێکۆشان دژی شەڕ و فاشیزم بە بەکاردێن، دەتوانن بە تەواوی قۆناغەکەمان بۆ ڕوون بکەنەوە؟ یان دەتوانێت تیشک بخاتە سەر ئاستی مەترسیداری شەڕ؟

بۆ نموونە ئەوکاتەی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزەکانی پارێزەری ئەمری واقیع لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین هێرشی قڕکردن دژی گەلان جێبەجێ دەکەن، ئاخۆ تێگەی "ئاشتی" بەسە بۆ تێگەیشتن لە قۆناغەکە؟

یاخود بە پێشخستنی تێگەی 'ئاشتی' دەتوانین داوای 'جێبەجێکردنی ئاشتی' لەو کەسانە بکەین کە شەڕی قڕکردن بەسەر جڤاکەکاندا دەسەپێنن؟

ئەگەر ئامانجیان 'ئاشتی' بێت، بۆچی سیاسەتی شەڕ پەیڕەو دەکەن؟ ئاخۆ هێزە قڕکەرەکان ئامانجێکی وەک ئاشتیان هەیە؟

ئەو دەمەی لەگەڵ قۆناغی قڕکردندا شەڕی ناڕەوا بەسەر گەلاندا دەسەپێنرێت و ڕۆژانە سەدان کەس گیان لەدەست دەدەن؛ ئایا باسی 'ئاشتی' بکەین یان باسی 'بەرخۆدانی ڕەوا" بکەین دژی ستەمکار و قڕکەران؟.

ئاخۆ تێگەیەک بە ناوی ئاشتی هەیە؟

وەک ئەوەی تێگەیەکی وەها نییە، بۆ فریودانی گەلانی بندەستە کە پێویستیان بە ڕەوا هەیە، تاوەکو پێی بڵێین: ئەوە تێگەی ئاشتی، بۆ خۆت پێیەوە مەشغوڵ بە، ئێمەش سیاسەتەکانی خۆمان بۆ ژێردەستەکردنت بەڕێوە دەبەین. واتە وەک ئەوەی بڵێن، بۆ ئەوەی لەناوتان ببەین وەرن با شەڕبکەین.

ئەو دەمەی شەڕ بە هەموو توندوتیژییەکەیەوە بەردەوامە، ئایا گوتە و داوای 'ئاشتی' بە مانای شکست و تەسلیمبوون دێت؟

ئەوە سەد ساڵە ڕاستی تێکۆشان دژی لەناوبردنی گەلی کورد هەیە. لە مێژوودا هیچ کاتێک دوژمنایەتیکردنی کوردان نەگەیشتۆتە ئەم ئاستە.

ئەودەمەی ڕوونبوونەوەی ڕەوشی ئێستا دەبینین، هەروەها ستراتیژی تێکۆشانی ئازادی کوردستان وەک ڕاستی 'شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی' دەبینین، ئاخۆ لەم قۆناغەدا پیشاندانی هەڵوێست، وەک شەڕێکی ڕەوا و هەم وەک دژایەتی ئەمە، چەندێک ڕاستە؟

پێویستە مرۆڤ لەم قۆناغەدا زیاتر وریا بێ، چونکە بەلای هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە تێگەیەکی وەک "ئارامی" و 'جیهانێکی بێ شەڕ'  بوونی نییە. لە سایەی شەڕەوە خۆی دەئافرێنێت. سیستەمێکە بە خوێن خۆی بنیات دەنێت.

ئایا جیهانێک بەبێ شەڕ ڕێی تێ دەچێت؟ ئایا ئەمە تەنها بە داخوازی 'ئاشتی' دێتە دی؟

ئەمە بەڕوونی مەحاڵە. تێگەی 'ئاشتی' بۆ فریودان و بێکاریگەری کردنی مرۆڤەکان بەکاردەهێنرێت. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەیگوت: "لەژێر دەسەڵاتداری و سیستەمی دەوڵەتدا تەنها ئاگربەست مومکینە، بەڵام ئاشتی ڕەوشی خاڵی لە شەڕە. نەبوونی شەڕ کاتێک دێتە دی، ئەم دەسەڵاتداری و سیستەمی دەوڵەتە نەمێنێت". ئەگینا کاتێک شەڕ نەما، پێویست بە ئاشتی ناکات. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕاستییەک نییە بە ناوی ئاشتی. لە ڕاستیدا تێگەیەکی دەستکرد و ساختەیە. دەشێت وەک تێگەی فریودان و هێرشکردن نرخاندنی بۆ بکرێت.

مەسەلەن سیاسەتی دیموکراتیک لەڕێگەی ئاگربەستەوە مومکینە. ئەمە بە مانای وەستاندنی شەڕە. ئەگینا "سیاسەتی دیموکراتیک" سیاسەتێک نییە لە سایەی ئاشتیدا بەدی بهێنرێت. دەتوانین ئەو شێوە هەوڵەی لە قۆناغی ئاگربەستدا دراوە بە 'سیاسەتی دیموکراتیک' ناوببەین. هەروەها دەتوانین بڵێین دوالیزمی شەڕ- ئاشتی یان گەڕان بەدوای ئاشتی لە ڕووی تیۆریەوە هەڵەیە و لەڕووی پراکتیکیشەوە زیانبەخشە. لەمڕۆدا هیچ مانا و دەستکەوتێکی نییە و دەکرێت بۆ فریودان بەکاربهێنرێت. لەبری ئەوە شەڕی بێ‌شەڕبوون مومکینە، واتە ئاگربەست.

کەوایە ئاگربەست چییە؟

ئەگەر شەڕ ساتەوەختی پێکدادان بێت، ئاگربەست وەستانی ئەم پێکدادانەیە. کۆتایی شەڕ نییە، بەڵکو وەستانی پێکدادانە، لە ڕەوشێکی لەم جۆرەدا دەتوانرێت هەموو جۆرە ئامادەکارییەک بۆ شەڕەکە بکرێت، بەڵام پێکدادان ڕێی تێ ناچێت. هەر ئەوەندەیە. ئەمەش پێی دەوترێت 'ئاگربەست'. هەموو کاتێک ئەگەری شکاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنی پێکدادان لەگۆڕێیە.

بۆیە ڕەوشی ئاشتی ڕێی تێ ناچێت. ڕاستییەک نییە بە ناوی بەدەستهێنانی ئاشتی. دیموکراسی بە ئاشتی بونیاد نانرێت، ڕەنگە بە ئاگربەست بنیات بنرێت. دیموکراسی ڕەوشێکی جیاوازە. دیموکراسی پەیوەندی بە ئاشتیەوە نییە.

بۆیە ئاشتی تا ئەو دەسەڵاتداری و دەوڵەت هەبێت، ئاشتی لە جیهاندا مەحاڵە. شەڕەکان ڕوودەدەن. ئاشتی لە ڕێگەی شەڕەوە بەدی نایەت. ئەگەر ئەم جیهان و سیستەمە سەردەستانە بگۆڕدرێن و شەڕەکان نەمێنن، پێویستمان بە ئاشتی نابێت.

ڕێکخستن و پلاندانان بۆ شەڕ بەگوێرەی چ دەبێت؟ ئامانجەکان بەگوێرەی چی یەکلادەبنەوە؟

ئەوە تەواو ڕوونە کە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەرهەم و بەهاکانی ئەوانیتر، بەکارهێنانی توندوتیژیی پلانداڕێژراو و ڕێکخراو شکڵ دەگرێت. دەستبەسەرداگرتنی بەهاکانی ئەویتر واتە لەناوبردنی ئەویتر. بۆیە بە مانا سەربازییەکەی، جەوهەری شەڕ بریتییە لە لەناوبردنی نەیار. ئەم لەناوچوونە ڕەنگە جەستەیی بێت، ڕەنگە شکاندن و ملکەچکردنی ئیرادەی نەیارەکە بێت، یان بیخاتە ڕەوشی خزمەتکارەوە. ئەمانە شێوەی جیاوازی لەناوچوونن. بۆچی نەیار لەناو دەبرێت؟

مەبەست لە لەناوبردنی نەیار چییە؟ مەبەست چەوساندنەوە و کۆیلەکردنە.

دەستبەسەرداگرتنی بەهای بەرامبەر، خواستێکە بۆ بەکارهێنانی لە خزمەتی خۆتدا، بۆیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕ و چەوسانەوە و دەسەڵاتداری و پەرەسەندنی سیستەمی دەوڵەتی و  دابەشبوونی شارستانیەتەوە. ئەم جۆرە پێشهاتە فیکری و پراکتیکییانە دەبێتە سەرچاوەی شەڕ. پێچەوانەکەشی ڕاستە. فشاری ئێستا و سیستەمی ستەم و دەسەڵاتداری و دەوڵەت لە بنەڕەتدا بە شێوازی شەڕ و هێزی سەربازی لە دەوری سوپا داڕێژراون. شەڕ و سوپا سیستەمی دەسەڵاتداری و دەوڵەت دەئافرێنێت. ئەو ڕەوشەی دەبێتە هۆی شەڕ پێی دەوترێت ڕەوشی عەسکەرتاریەت. ئەو ڕێکخستنەی شەڕ دەئافرێنێت پێی دەگوترێت سوپا. شەڕ و سوپا لەنێو یەکدان و تەواوکەری یەکن. ئەو کەسەی پێویستە لەناوبچێت، ناودەبرێت بە دوژمن. دوژمن واتە ئەو ئامانجەی کە پێویستە لەناو ببرێت. بۆیە نەیارێتی شەڕ لە ئاستی دوژمنایەتیدا ڕوودەدات. ئاستی دوژمنایەتی لە ئاستی لەناوبردنی یەکتردایە.

ئەگەر هێزێک هەندێکی تر بە دوژمن بناسێنێت، چ ڕوودەدات؟ یان ئەوەی بە دوژمن ناودەبرێت، پێویستە چ بکات؟

ئەوەی بە ناچاری وەک دوژمن ناسێنراوە، پێویستە بزانێت دوژمنایەتی بکات. ئەگەر ئەوە نەکات بە هێرشێکی یەکلایەنە لە ڕووی جەستەییەوە لەناو دەچێت، یان بەهاکانی زەوت دەکرێن و تەسلیم دەکرێن و کۆیلە دەکرێن. بۆیە کاتێک زیهنیەتی دەستبەسەرداگرتنی بەهای ئەویتر و سیاسەت و ڕێکخستن و هێزی هێرشکردن دێتەپێش، کاتێک کەسانێک هەندێک کەسی تر لە دەرەوەی خۆیان وەک دوژمن دەبینن، ئەوە مانای ئەوەیە کە بووەتە دوژمنی جڤاک. بۆیە بۆ ئەوەی هەرکەس ئاگاداری ئەم ڕەوشە بێت و ئازادی خۆی بپارێزێت، پێویستە بزانێت دوژمنایەتی بکات.

گرنگە مرۆڤ لەم ڕووەوە هۆشیار بێت. نابێت مرۆڤ بخەڵەتێت و بڵێت من بە ئاشتی دوژمنایەتی چارەسەر دەکەم، هیچ شتێکی وەها نییە. لە نزیکایەتی وەهادا مرۆڤ خۆی دەکاتە قوربانی جەلادەکەی، واتە ملی خۆی دەخاتە ژێر چەقۆی جەلادەکەی. هێزێک هەیە لەم ئاستەدا تۆی بە دوژمن ناساندووە و سوێندی خواردووە کە هەبوونێک بە ناوی کورد لەم جیهانەدا نەهێڵێت، واتە تۆ ڕووبەڕووی هێزێکی وەها وەستاویت. نابێت مرۆڤ فریو بخوات: "نا، هەرچەندە سەدان ساڵە دوژمن ئەم کارە دەکات، بەڵام ڕەنگە بتوانم بە شێوەیەکی دۆستانە چارەسەری بکەم". نزیکایەتییەکی وەها، واتە تەسلیمبوون، ئەنجامی تەسلیمبوون هەر کۆیلایەتییە. ئەوەش نەمانی ئازادییە، خۆ بەبێ ئازادیش هەبوون و بونیادنان نامێنێتەوە.