تورکیا حەوت ساڵە باکووری سووریای داگیر کردووە

حەوت ساڵ بەسەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە سوریا تێدەپەڕێت، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە هەرێمانە ڕۆژانە تاوانی نامرۆڤانە ئەنجام دەدەن، ڕەوشی هەرێمە داگیرکراوەکان تا دێت ڕوو لە خراپبوونە.

ساڵێکی تر بە سەر داگیرکاریی باکووری سووریا (ئەو هەرێمانەی لە ڕووباری فووراتەوە تا عەزاز و حەڵەب و ئیدلیب درێژ دەبنەوە)، تێ دەپەڕێت، ئەم داگیرکاریییە بۆ دانیشتووانی ئەو هەرێمانە وەک کابووس بوو، حەوت ساڵی خایاند تا باکووری سووریا ببێتە هەرێمێک وەک پارێزگاکانی تورکیا.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک درێژە بە پیلانەکانی و بەهێزکردنی ڕەهەندی داگیرکاریی و دەسەڵاتگەریی خۆی لە سەر هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت ئێراق و سووریا و کۆمەڵکوژی گەلان دەدات.

بەپێی پەیمانی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣ سنووری تورکیا بەرتەسک کرایەوە، تا گەیشتە سنووری ئێستای، کە لە ئەنادۆڵەوە تا بەشێکی گەورەی کوردستانی دەگرتەوە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووریی و جەستەیی دژی گەلان پەیڕەو دەکات. لە زۆر بۆنەدا کەڵکەڵەی داگیرکردنی موسڵ و حەڵەبی هەڵڕێژاوە، تورکیا پێی وایە ئەم دوو شارە دەکەونە سنووری میساقی میللییەوە.

ئەردۆگان لە ٢٩ـی ئەیلوولی ٢٠١٦ وتبووی: ''پەیمانی لۆزان بۆ ئێمە تێکشکان بوو.'' مەبەستی لەم قسەیە ئەوە بوو کە هێرش بکاتە سەر باکووری سووریا و ئێراق و داگیری بکات.

پاش ماوەیەک لەم لێدوانە، دیمەنی شانۆیەک بڵاو بوویەوە، کە سوپای داگیرکەری تورکیا لە ٢٤ـی ئابی ٢٠١٦ گەمەکەری شانۆکە بوو دەبینین وا داعش جەرابلووس و باب و مارێ و عەزاز و باکووری حەڵەب ڕادەستی دەوڵەتی تورک دەکات.

پێش ئەوەی قەسەدە ئەو هەرێمانە ڕزگار بکات، دەوڵەتی تورک دەیویست داگیریان بکات، لەبەر ئەوەی لەوێ دەمێدا هەڵمەتی ڕزگارکردنی مەنبەج بە خێرایی بەڕێوە دەچوو، کە لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا دەستی پێ کردبوو، دەوڵەتی تورک سەنگەرەکانی قەسەدە و مەجلیسی سەربازیی مەنبەجی لە گوندەوارەکانی مەنبەج و ڕۆژهەڵاتی باب، کە هێشتا ئازاد نەکرابوون، دەکردە ئامانج.

ئەحمەد داودئۆغڵۆی سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا  بۆ کەناڵی  Haberturkپێداگریی لە لێکتێگەشتنێک کرد لە نێوان ڕووسیا و داگیرکاریی تورکیا. بەپێی قسەکانی ئەو 'سوپای ئازاد'ـی  سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گەڕەکەکانی حەڵەب دەکشێنەوە، بەڵام لە بەرانبەر ئەوەدا ڕێ بە تورکیا دەدەن تا ئۆپەراسیۆنی 'قەڵغانی فورات' دەست پێ بکات، کە لە ئەنجامی ئەمەدا جەرابلووس و باب و عەزازیان داگیر کرد.

بۆچی ٢٤ـی ئاب؟

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژی ٢٤ـی ئابی هەڵبژارد تا هاشاوڵی باکوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا بدات و هەرێمەکانی نێوان جەرابلووس تا عەزاز داگیر بکات، ٢٤ـی ئاب بۆ تورکەکان ڕۆژی سەرکەوتنە، چونکە لە ٨ـی ئابی ١٥١٦ شەڕی مەرج دابقیان دەست پێ کرد و پاش شەڕێکی دژوار سوڵتان سەلیمی یەکەم قانسوا ئەلخوەریی فەرماندەی مەمالیکی لە ٢٤ـی ئابی هەمان ساڵدا لە هەرێمی دابق بەزاند.

دابق گوندێکی عەزازە و لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە سەر بە ناوچەی ئەختەرێنە، ٣٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی حەڵەبەوە دوورە.

جووڵە دیبلۆماتییەکان

هاوڕێ لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر جەرابلووس و باب و عەزاز لە ٢٤ـی ئابی ٢٠١٦، جۆن بایدنی جێگری سەرکۆماری ئەودەمەی ئەمریکا سەردانی تورکیای کرد، لەو کاتەدا پشتگیریی ڕاستەوخۆی لە جووڵەکانی تورکیا کرد لە سووریا

لە ٢٣ـی ئابدا نێچیرڤان بارزانی لەلایەن ئەردۆگانەوە بانگهێشت کرا و سەردانی ئەنقەرەی کرد.

نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی هیرشەکانی دەوڵەتی تورکی کرد و هیرشی کردە سەر پەکەکە. هەروەها ساڵی ٢٠١٣ مەسعوود بارزانی بانگەشەی ئەوەی دەکرد گوایە لە ڕۆژاوا شۆڕش لە گۆڕێ نییە و چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک 'سوپای ئازاد' و هیچ  کۆمەڵکوژییەکیان دژی کوردان لە تل عەڕان و تل حاسڵ ئەنجام نەداوە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشەکانیدا بۆ سەر هەرێمەکانی بەرانبەر هێڵی سنووری باکووری سووریا، بە تایبەت شاری باب گەڕەکەکانی بە تەواوەتیی وێران کرد و لە جێگایان بارەگای سەربازیی دامەزراند. دانیشتووانی گەڕەکی ئەقیلی شاری باب زۆر جار دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕابوونە سەر پێیان، لێ چەتەکانی دەوڵەتی تورک خۆپیشاندانەکانی گەلیان دادەمرکاندەوە.

ئوردوگا

دەوڵەتی داگیرکەری تورک پاش ئەوەی هەرێمەکانی جەرابلووس تا عەزازی داگیر کرد، یەکەوجێ دەستی کرد بە ئاواکردنی ئۆردوگا، پتر لە ٥٥ ئوردوگای لە باب درووست کرد، ئەمانەش لە سەر ئەو ئەو شاڕێیەی وا بۆ جەرابلووس و عەزاز دەچێت، بڵاو دەبنەوە.

لە جەرابلووسیش لە قۆناغی یەکەمدا پتر لە ٣٠٠ یەکینەی داگیرکارییان چێ کرد، لە هەنگاوی دووەمدا نزیکەی ٤٥٠ یەکە و لە قۆناغی سێیەمدا پتر لە ٨٠٠ یەکینەی داگیرکەرییان درووست کرد

بەپێی قسەی ئەنجوومەنی خۆجێی دەسکەلای دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، لە جەرابلووس ٣ هەزار ٧٨٢ یەکە و لە عەزاز ٤٠٠ یەکەی ئۆردوگا درووست کراون.

تاوان

لەگەڵ درووستکردنی ئۆردوگا و تاڵانکاریی و وێرانکاریی، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لایەنی پەروەردەشی کردە ئامانج و زمانی تورکیی بەسەر ئەو هەرێمانەی داگیری کردوون، داسەپاند، بەپێی سەرچاوەکان، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر خاکی سووریادا بسەپێنێت، هەروەها داگیرکاریی خۆی لە سوورییا بکاتە شتێکی هەمیشەیی و هەرێمەکانی سووریا تێکەڵی تورکیا بکات. بەپێی مادەی ٤٢ و ٥٦ـی پەیمانی لاهای لە ساڵی ١٩٧٠ و مادەکانی ٢٧ و ٤٧ تا ٧٨ نابێت هیچ هێزێکی داگیرکەر سەروەری خۆی بەسەر خاکێکی تردا بسەپینێت، 

هەرێمە داگیرکراوەکان وەک هەرێمی تورکیان لێ کراوە

دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئەو هەرێمانەی وا داگیریان دەکات، وەک هەرێمێکی تورکی لێ دەکات، ئاڵای تورکیا و وێنەکانی ئەردۆگان لە تێکڕای دامەزراوە و ناوەندەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە خوێندنگە و شوێنی گشتیی و کۆڵانەکاندا هەڵدەواسن، هەروەها ناوی کۆڵان و گوند و ناوچە و شارەکانیان گۆڕیوە بۆ ناوی تورکی. نموونەی هەرە بەرجەستەش، گۆڕینی ناوی شاری ڕای بۆ کۆبانی.

چارەنووسی کوردان

لە ناوچەکانی جەرابلووس و عەزاز پتر لە ١٢٥ گوندی کوردیی هەن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک فشار لە دانیشتووانی ئەو هەرێمانە دەکات تا ناسنامەی خۆیان بگۆڕن.

بە قسەی کوردانی شاری بابی داگیرکراو، تورک سڤیلی باکووری سووریای داگیرکراو وەک تورکمان دەداتە قەڵەم تا بچنە ناو پارتە تورکمانییەکانی سەر بە خۆی و ڕێ نادات هاووڵاتییان بە زمانی کوردیی بخوێنن و ناچاریان دەکات بە تورکی بخوێنن، هەروەها پارت و گرووپە چەتە تورکمانەکان فشار دەخەنە سەر کوردان تا کار بۆ دەزگای هەواڵگریی تورکیا بکەن.

دەوڵيتی تورک مرخی لە حەلەب خۆش کردووە

سەبارەت بەم پرسە ئەحمەد ئەلعەریج سکرتێری گشتیی پارتی هاوبەندیی دیموکراتیی سووریا وتی: ''پاش پێشڕەوییەکانی قەسەدە بە ئامانجی ڕزگارکردنی مەنبەج و جەرابلووس و باب، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بە پاساوی شەڕ دژی چەتەکانی داعش باکووری سووریای داگیر کرد.

ئەلئەریج ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورک لە بری وەکیلەکەی خۆی کە داعشە، باکووری سووریای داگیر کرد و وتی: ''داعش بە جلێکی نوێوە چووە ناو 'سوپای ئازاد'

هەروەها ئەلئەریج تیشکی خستە سەر ئەوەی؛ کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت میساقی میللی جێبەجێ بکات و مرخی لە حەلەب و تێکڕای ‌هێڵە سنوورییەکان خۆش کردووە.

ئەحمەد ئەلئەریج ئاماژەی بەوە دا کە سووریا پێویستیی بە هێز و ئیرادەیەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە و گفتوگۆی ناوخۆییە تا کۆتایی بە ئاڵۆزیی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بهێنێت و وتی، پێویستە گەلی سووریا خۆیان ڕادەستی کۆبوونەوەی ئاستانە و مۆسکۆ نەکەن، چونکە خزمەتی ئەوان ناکات.

سکرتێری گشتیی پارتی هاوبەندیی دیموکراتیی سورییا داوای لە دەوڵەتی سووریا کرد تا پێداگریی لە سەر دەرکردنی تورکیا لە خاکی سووریا بکات.

پارێزەر عەلادین خالیدیش گوتی: ''سووریا ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە و یاسا نێودەنەتەوەییەکان ڕێ نادەن تا تورکیا ئاوا باکووری سووریا داگیر بکات.

خالید ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورک چەک و پارە دەداتە چەتەکان و وتی: ''هەموو ڕێگا و دەروازە سنوورییەکان بە سەر چەتەکاندا خراونەتە سەر پشت، تورکیا چۆنچۆنی بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە شەڕی داعش دەکات!''

عەلادین خالید تیشکی خستە سەر ئەوەی؛ کە داگیرکردنی باکووری سووریا کڕین و فرۆشێکی نێوان فیدراسیۆنی ڕووسیا تورکیا بوو، بەم پێیەش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی حەڵەب ڕادەستی حکومەتی دیمەشق کرا، تا لە بەرانبەردا تورکیا باکووری سووریا داگیر بکات.

پارێزەر خالید ئاماژەی بەوەش دا کە لە سۆنگەی بوونی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانییەوە ئارامیی و ئاساییش نەماوە و بانگەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ درووستکردنی 'ناوچەی ئارام' ڕاست نییە. هەروەها وتی؛ جووڵەکانی تورکیا لە باکووری سووریا تا ماوەیەکی درێژ داگیرکاریی بە بەهێزیی دەهێڵێتەوە.