توڕەیی تاوس

دیمەنی باڵندەیەکی تاوس، کە لە بۆردومانی دەوڵەتی تورک دا لە شەنگال کوژرا چەند ڕۆژێکە لە بەر چاومان ناڕوات. لە هەر پەڕێکیدا ڕەنگێک، واتایەک، شکۆدارێک، سەربوردەیەک، هیوایەک، ئارەزوویەک و هەزاران خەون هەیە...

 

دیمەنی باڵندەیەکی تاوس، کە لە بۆردومانی دەوڵەتی تورک دا لە شەنگال کوژرا چەند ڕۆژێکە لە بەر چاومان ناڕوات. لە هەر پەڕێکیدا ڕەنگێک، واتایەک، شکۆدارێک، سەربوردەیەک، هیوایەک، ئارەزوویەک و هەزاران  خەون لە دوای باڵندە تاوسە بێ گیانەکە بەجێماوە، هەر ڕۆژێک پێش ئەوە هێلانە و هەبوون و پارێزراوبوون و ئارامیی هەبوو، پارچەکانی بینایەکی سەربازی، کە بۆدرومانکرا بوو، بە ناوچەیەکی بەرفراواندا پەرشوبڵاو ببوو.

ڕۆڵەکانی رۆژ ئەوە ٧ ساڵە ئیدی خۆیان بە رەخت و چەک بەستووە و باڵندەکانی تاوس، مەزار و گۆڕەکانیان، جەژن و وتەکانیان، هەموو پیرۆزییەکانی خۆیان دەپارێزن. بۆ خۆیان مەکان و پێگەیەکیان دروست کردووە، لە هەموو سەرچاوە و کانەکاندا، لە ژێر هەموو بەردێکی شاخی شەنگالدا ئاسایش و ئارامییان چەسپاندووە. یەکێک لەو شوێنانەش شوێنی باڵندەی تاوس بوو، کە پێشتر لەگەڵ زەویدا تەخت کرابوو. باڵندەی تاوس پێش ئەوەی بکوژرێت بە سەربەرزی، بە شانازی و بە پارێزراوی و ئارامی بە حەوشەکەدا  دەسوڕایەوە. لە نێو سەدان باڵندەی جۆراوجۆری تردا، بە تەواوی شکۆ و هەیبەتی خۆیەوە دیار بوو. شەڕڤانانی ئازادی لە ژێر شکۆ و هەیبەتەکەیدا کاروباری پاراستن و ئاسایشی خەڵکەکەی خۆیان بەڕێوەدەبرد.

ئەوە بووە دڕکی چاوی دوژمنان. چۆن دەبێت نەوەکانی ئێزی و تاوسی مەلەک بە ئیرادە و هێزی خۆیان ژیانیان بونیاد بنێن! عوسمانییەکان، کە فێر بە داگیرکەری بوون، هەشت سەد ساڵ لەوە پێش لەسەر پشتی ئەسپەکان دەستیان کرد بە داگیرکردن و تاڵانکردنی دەوروبەری خۆیان. ئیدی ئەوەیان چۆن پێ هەرس دەکرێت؟ بەڵام کاتێک بیری ئازادی وەک نەوەکانی ئێزدی بچێتە مێشکی گەلانی دەوروبەرەوە چی دەبێت؟ لەو کاتەدا چۆن دەتوانن درێژە بە داگیرکەرییەکانیان بدەن؟ لەبەر ئەوە دەبێت هێرش بکەن، داگیر بکەن، تاڵان بکەن، بچووکی بکەنەوە، بیتوێننەوە و لە ناوی ببەن.... بێ ئەوەی سنوورەکان بناسن، خاکیان، ئاویان، دار و دارستانەکانیان، باڵندەکانیان و پەلەوەرەکانیان بە چاو سورکردنەوە و هەڕەشە و کوشتار لە ناو دەبەن.

ئەو شەوەش، کە ئەو هۆشە لە مێشکی مرۆڤایەتیدا نەما، دەیان فڕۆکەیان بۆ سەر سەری شەڕڤانان و باڵندەکانی تاوس هەستاند. لە تاریکیدا ئاگری دۆزەخیان باراند. باڵندەی تاوس و هەموو باڵندەکانی تر ئەو شەوە خۆیان کردە قوربانی و فیدایی، بەس تەنها بۆ ئەوەی هیچ زیانێک بە شەڕڤانانی ئازادی نەگات. چونکا ئەگەر ئەوان نەبن نەوەی ئێزی ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە، پەرتەوازە و بڵاو دەبنەوە، نەناسراو دەمێننەوە، لە کەنارەکانی دەریاکان دا بێ ڕۆح دەمێننەوە. بەڵێ ئەو شەوەش وەک چەند جارێکی تری ساڵانی پێشوو  هیچ زیانێک بە شەڕڤانانی ئازادی نەگەیشت. ئیدی ئەوان رووی ڕاستەقینەی دوژمنی خۆیان باش دەناسن، هەموو ڕێوشوێنەکانیان گرتووەتە بەر، بەڵام دیمەنی تاوسە بێ گیانەکە لە بەرچاوماندا مایەوە.

ئەو دیمەنە ئاگرێکی خراپتر لە ئاگری دۆزەخی بەردایە دڵ و مێشکی ئێزدییەکان. باڵندەی تاوس بۆ ئێزدییەکان هێمایەکی پیرۆزە. لە هەمان کاتدا هێمای ئەخلاقە. هەم باڵندەیەکی جوانە و هەم نوێنەرایەتیی ڕەوشت و ئەخلاقی پاک، پاکی و دروستی و راستگۆییە. سیمبول و هێمای کۆمەڵگای سروشتییە و تا ئەمڕۆش نوێنەرایەتیی چەندین بەهای کۆکراوەی هەزاران ساڵە لە خۆیدا دەکات. هاوکات پێکەوە  بەهای ئەخلاقی و جوانی و ستاتیکا لە خۆیدا دەحەوێنێتەوە. لەو ڕۆژەدا دوژمنانی ئێزدی هێرشیان کردە سەر پیرۆزباییەکانیان (ئێزدییەکان لە کاتی پیرۆزبایی جەژنی چلەى زستانەدا بوون، کە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک ئەو ھێرشەی کردە سەریان).  دەستدرێژیکردنە سەر پیرۆزییەکان تاوانە. کێ ئەو تاوانە ئەنجام بدات، هەم لەم دونیایەدا و هەم لە دونیاکەی تر دا ریسوا و شەرمەزار دەبێت. ئەو تاوانە بەبێ سزادانی تاوانباران تێپناپەڕێت، چونکە پیرۆزییەکان لەلای ئێزدییەکان سەرچاوەی ورە و موراڵ و مەعنەوێتن.

ئەو ڕۆحیەت و ورە و موراڵە هەزاران ساڵە لە ناو ئیزدییەکاندا بەردەوامە و دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش. ئەو دەستانەی، کە درێژ دەکرێنە سەر ئەو پیرۆزییانە دەبڕێندرێن و دەشکێندرێن. ئەو دایکانەی، کە هاتبوون بۆ سەردانی شوێنی هێرشی فڕۆکەکان ئەوەیان بۆ روون بوویەوە، کە شەڕڤانانی ئازادی هیچ زیانێکی گیانییان پێنەگەیشتووە، بەڵام کاتێک باڵندەی تاوس و باڵندە بێ گیانەکانی تریان بینی، تووڕەییان بەرامبەر بە دوژمن هەزاران جار زیاتر بوو. ئەزموون و سەربوردەی هەزاران ساڵی بۆ دەگواستنەوە و پێی دەوتن. کێ دەستدرێژی دەکاتە سەر پیرۆزییەکانمان، ئەوەی ئێمە و هەبوونمان دەکاتە ئامانج هەرگیز لە توڕەیی و غەزەب رزگاری نابێت.

ئەردۆغان و هاوکارەکانی، خائینان و خۆفرۆشان، دەست لەو هێرشە پیسانە هەڵگرن! بە دڵنیاییەوە لە هیچ چیایەکی کوردستان دا بە هیچ یەک لە  ئامانجە پیسەکانتان ناگەن و هەرگیزیش بە هیچ ئەنجامێک ناگەن. ئێوە بوونە بکوژی باڵندەی تاوس. ئەوەتان بە سەرەوە ناچێت، زوو، یان درەنگ غەزەبەکەى بەسەرتاندا دەبارێ!...

ژ.ت