ڕەوشی سووریا بەرەو کوێ؟

" لە نێو کۆمەڵگەدا ناکۆکیی ڕەگئاژۆ لەمەڕ جوگرافیای سووریا و پێواژۆی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان و ئاواکردنی دەوڵەتی سووریا دەرگای هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەخرایە سەر پشت."

 ڕەوشی سووریا و دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکەی ئێستای، پێویستی بە تاوتوێیە، تا لانی کەم مرۆڤ بتوانێت بە شێوەیەکی زانستیی ڕەگەزەکانی ئێستا و بانەڕۆژی سیاسیی و گریمانە هەنووکەییەکان تەتەڵە بکات.

لەگەڵ 'بەهاری گەلان' دەرفەتێکی باش بۆ خەڵکی هەرێمەکە هەڵکەوت، لێ مخابن کای کۆنیان بە با کرد و ئەو ژینگە تازەیە بەرەو ئەو ڕەگەزە ئەرێنییانە نەبران وا ئامانجەکەی بۆ شۆڕشێکی هەمەلایەنە دەچێت. هەمووان دەزانن لە پێواژۆی ئەم یانزە ساڵەدا چی ڕووی دا، ناوچەکە و بە تایبەت سووریا کەوتە ژێر کاریگەریی ئەجێندای دەوڵەتە زلهێزەکان و هەندێک دەوڵەتی هەرێمیی، بەبێ خاوەنێکی ڕاستەقینە، ئیسلامییە توندڕەو و شۆڤێنییەکان سواری شەپۆلەکە بوون و سەرپاک پرسەکەیان ڕادەستی دەوڵەتی وەک تورکیا و سعوودییە و قەتەر و ئێران کرد، لە پشتی پەردەشەوە ئیسڕائیل.

لە نێو کۆمەڵگەدا ناکۆکیی ڕەگئاژۆ لەمەڕ جوگرافیای سووریا و پێواژۆی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان و ئاواکردنی دەوڵەتی سووریا دەرگای هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەخرایە سەر پشت. نە ئۆپۆزسیۆن و نە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان لەم پرسە نزیک نەبوونەوە.

 ئەم ئازار و دژبەرێتییە کەڵەکە بوو تا بەرەیەکی ئەقڵانیی و کاریگەر، بتوانێت هەموو لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و چاندییەکان بخاتە خزمەتی ئاییندەی سووریا، ئەمە دیوارێکی پتەوی ئاودێرکردنی هەموو ئەو ناکۆکییانەیە.

من پێم وایە بەپێی کێشمەکێشە سیاسییەکان، بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری لێ بترازی، سەرپاکی هێزەکان خاوەنی نەخشەڕێیەکی چارەسەریی پرسی سیاسیی سووریا نین، هەڕەشەکانی سەر ڕێی یەکڕیزیی چەتر و بەرەیەکی  نەتەوەیی، قووڵ و دژوارن:

داگیرکارییەکانی تورکیا

قووڵایی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ناوچەکە...

پاڵپشتیی ڕووسیا لە ڕژێمەکە...

مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دژی داعش و دەستدرێژییەکانی ئێران...

نەخشەی زیندووکردنەوەی داعش

ئەو گرووپە چەتانەی لەسەر هێڵی ئایدۆلۆژیی داعشن...

نەبوونی هەڵوێستی ناوخۆیی

ڕەوشی پەنابەران و ئاوارەیی

بە گشتیی هەبوونی ئەو هێزانە و ناکۆکییە گەورەکانی نێوانیان و نەبوونی بەرەیەکی ناوخۆیی، هەروەها نەبوونی چارەسەری سیاسیی سووریاش لە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتە خاوەنبڕیارەکاندا. لەبەر هەموو ئەمانە ڕەوشی سووریا تا دێ پتر خاوخلیچک دەبێتەوە.

ئەوەی لە ئاسۆی نزیکی ناوخۆدا هەیە ئەوەیە کە هەلومەرجی سەخت و دژوار دەرگا بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی واڵا بکات، سا ببێتە هەنگاوێکی نوێی نەتەوەیی بۆ خوازیارانی ئاواکردنی سووریایەکی نوێی ناناوەندیی و دیموکرات.