ژن نەتەوەیەکی داگیرکراوە

هەر مردنێک بە دوای خویدا، لەدایکبوونێکی نوێی پێیە. ئەمە رەمزی مانەوەی گەردوونە، کە دەیهەوێت بەرەو ئازادی باڵا بگرێت. زەنجیرێک بە دوای یەک دا، کە واتە دەخۆڵقێنێ!

هەر مردنێک بە دوای خویدا، لەدایکبوونێکی نوێی پێیە. ئەمە رەمزی مانەوەی گەردوونە، کە دەیهەوێت بەرەو ئازادی باڵا بگرێت. زەنجیرێک بە دوای یەک دا، کە واتە دەخۆڵقێنێ!

ترۆری ژینا ئەمینی رووداوێک نەبوو، کە کەس بتوانێت بە ئاسانی بە قەراخی دا تێپەڕیت. دادگایکردنی یاساکانی  کۆمەڵگایەکی نێر سالار و تا دوا رادە رۆچوو لەنێۆ دۆگماکان بوو. ئەو باوەشی بە خاکا کرد و چاوەکانی بۆ هەتاهەتایە بەست. ئەوەی ناوێرێت چاوی بگرێت ئێمەین، دەترسین لەوەی بێتە خەونمان و پرسیارمان لێ بکات بۆ و لەسەر چی؟! ئایا دەکرێت تەنیا بەو وەڵامەی کە یاساکان وایان وتوو و شەرع وەهای گووتوە خۆمان لەو پرسانە دەربازکەین! ئەگەر وتی، کێ ئەم شەرعەی داڕشتوو و کێ یاساکانی نووسیوە؟ دەبێ چۆنی وەڵام بدەینەوە.

لەم سەرزەمینی غەدرەدا ئەو لەکوێیە؟ ژیناکان لەکام سووچی ئەم گەردوونەدا جێگایان گرتوو؟! وەڵامی ئەم پرسەیە وامان لێدەکات خەو لە چاوەکانمان تەرا و بێگانە بێت.

رۆژانە لە بەرچاومان ژیناکان لە ژێر ناوی پابەندنەبوون بە یاسا و شەرعەوە دەکووژرێن، بە کوێلە دەکرێن. ئێمە بەناوی لەوحی مەحفووز و باوباپیرانمانەوە نیشتمانێکی پیاوانەمان درووست کردووە، کە لە مێژووی چەندسەد هەزار ساڵەی مرۆڤبووندا تەنیا نزیکی شەش هەزارساڵی پڕکردووەتەوە. مێژوویەک پڕ لە شەڕ و پڕ لەئازار. دەسەڵاتێک پڕ لەو قارەمانانە، کە مەست بوون و بە خواردنەوەی خۆێن شانازی دەکەن بەو قەڵایانە، کە بە کەلەی سەری ئینسانەکان درووستیان دەکردن.

داگیڕکەرێک، کە تاکە هیوای داگیرکردنی قەلەمڕەوی ژن بوونە، هەمان قەلەمڕەوی ژیان. لێرەدا کاتێ باسی ژینا دەکەین و پرس لەوە  دەکەین، ئەم مەرگەی بۆ وەها دەنگدانەوەی هەبوو؟ لە راستیدا پرسمان ئاراستەی ئەو داگیرکاریەی پیاوبوونەیە کە دەیهەوێ هەناسەی ژن داگیر بکات. مەرگی ژینا زریکەی نیشتمانێکی داگیرکراوە بەناوی ژن، نەتەوەیەکی جیاوازە، لە جنسی ژن بوون.

تاران پایتەختێکی پیاوانەیە، دەوڵەتە و دەسەڵات. هێمای عەقڵیەتی پیاوانە، هزرێک کە ناتوانێت ژن بوون ببینێ، ناتوانێت سرووشتی ژین ببینێ. لەم تابلویەدا تاران لە کۆمەڵگا بوون بەری بووە و دەسەڵاتێکی رەهایە، کە بە دۆگمای دین تەیار کراوە. ئەو  تەنیا گۆڕستانی ژینا نیە، شۆێنی لە سێدارە دانی حەلاجە، لێرەدا شەریعەت وەکوو شمشێر سەری عەقڵ دەبڕێت، دۆگما دەستی خستووەتە گەرووی نوێبوونەوە. بۆیە ناکرێت تەنیا لە یەک روانگەوە سەیری مەرگی ژینا بکەین، چوون ئەو سەمبۆلی ژن بوون، کۆمەڵگا بوون و عەقڵێکی ئازادە، کە لەنێو دۆگماکاندا چەقی نەبەستووە. مەرگی ژینا رووبەرووبوونەوەی دوو عەقڵیەته؛ یەکیان جەوانە و خاوەن هیوا و ئۆتۆپیای نوێیە. عەقڵیەتی دیکەش؛ تاریکی فەرز دەکات و بێ هیوایە، پەک کەوتوو و چەمیوەتەوە، ئەوتەنیا لە مردن بیر دەکاتەوە. ئێمە رووبەڕووی پێکدادانی دوو، کلتووری جیاوازین یەکەم دەوڵەت و دەسەڵاتی نێرسالارە، کە تاران نوێنەرایەتیی دەکات و ئەوی دیکەیش کلتوورێ پێکەوە ژیان و دیمۆکراتیک بوونە، کە زاگرۆس نوێنەرایەتیی دەکات. هەڵەیە ئەگەر بڵێین تاران نوێنەری نەتەوەیەکە بەو رەنگە کە زۆرێک لە ئێمە و ئەوان دەیانهەوێت وەها پێناسەی بکەن. تاران نوێنەری دەسەڵات رەهای دەوڵەتبوونە، هەمان لوویاتانی هابزە، کە رەحمی نیە ئەو مناڵەکانی خۆیشی دەکووژێ و ئاوارەیەن دەکات. لەوێ نوێنەرایەتیی «عەقڵی مۆزەکەرە» بە وتەی کانت؛ لە تاران هەموو شتێ رەنگی نێر بوونی گرتووە، تەنانەت هونەر و شێعر و سینەما نێر بووە، لەوێ چیدی شاملۆ و موحەمەد رسوولۆفەکان ناتوانن بژین. لەوێ  خەندان بە دەسبەند و پابەندەوە دەخرێتە بەردەمی کرۆنا تاکوو گیانی بدات. لە تاران نەرگسەکان بە تاوانی ژن بوون بەند دەکرێن و ئەوین دەبێتە «ئێوین» و شیرین و فەرزادەکان قووت دەتدات.

 تاران نوێنەری هیچ نەتەوەیەک نیە ئەو تەنیا نوێنەری دەسەڵاتی رەهای نێرسالارە و دەبێ لەو روانگەوە سەیری بکرێت. نوێنەری نێربوونی ئێمەیە لە هەر کوێ بین: کوردستان بێت، شیراز و ئازەربایجان یان گیلان و خۆراسان، لەوانەیە لە خوزستان بین یان بەلووچستان، شیراز و ئەسفەهان، ئەوەی ئێمە بە تاران گرێدەداتەوە نێربوونمانە. دەسەڵات و شەریعەتی دژە ژنە. بۆیێ لە کوێ بین کاتێک نێر و دژە ژن بووین لەوێ تاران دەژیت. کاتێک شێعر و ئەشق کۆتایی دێت لەوێ تاران دەژیت. تەنیا بە کووشتنی ئەو دەسەڵاتە نێرسالارییە وادەکات تاکوو تاران ببێتە میوانداری شێعر، جیای لەوە تاران تەرمی شیرینەکانمان بۆ دەنێرێتەوە.

 لێرەدا هیوایێک بەدی دەکرێت، تارانی ئەمڕۆ لە دووڕیانی دابڕندایە. لە شوێنێکی دوور لە نێو شاخەکان دەنگێکی نوێ دێت ناسک و بە لەنجەیە، پڕ لە مووسیقایە وهەموومان بانگ دەکات بۆ ئەوەی تاوێک گوێ بگرین. ئەم دەنگە درووشمێکی نوێیە، گەڕانەوە بۆ دواوە نیە. کەس هیوا بۆ سەردەمی کۆن ناخوازێت. نایشهەوێت «یەواشەکی» ئازادیەکانی بە دەست بێنێ.

درووشمی ئەو؛ ژن، ژیان، ئازادییە

ئەمە واتایێکی تایبەتی هەیە، مردنی ناوێت و دەیهەوێت بژیت و بژینێت، ژینا بە مردنی خوێ هەروەها کە دایکی وتی، "ژینا گیان تۆ رێگای ژیانت نیشانی جەوانان دا" هەڵگری کۆتاییهێنان بە مردن، یان هەمان فەلسەفەی بێدەنگیە. بیستنی دەنگی  کۆمەڵگایە کە هەمان ژنبوونە، دەنگێ کە ساڵەهایە لە پەستووی ماڵەکان پەراوێز خراوە و تێکەڵ بە دەنگی دەفر و دۆڵی ئاشپەزخانە بووە.

ژنان چی دی بێدەنگ نابن کاتێک پیرە ژنێک لە مەریوان لەوپەری ئەزموونی ژیانی خۆی ئەڵێت:" ئێمە داخوازی مافی ژنان دەکەین، دەمانهەوێ پیاوانیش ئازاد بن" ئەمە پیشاندەری قووڵبوونەوەیە لە هزری ئازادی. کۆمەڵگایەک، کە خاوەن ژنێکی ئازاد نەبێت، پیاو ناتوانێت ئازاد بێت. لە راستیدا ژنێکی ئازادە، کە دەتوانێت پیاویش ئازاد بکات. هەرچەند پیاو خۆی وەکوو هەبوونێکی ئازاد پێناسە بکات، بەڵام لە نێۆ سیستەمێکی نێرسالار دا زیاتر لە پاسەوانێک لە بەر درگای زندانی نامووس کە ژنی تێخزێندراوە و پیاویشیان کردووە بە درگاوانی شتێکی دیکە نیە.

خۆێندنەوەی کۆدی ئەم درووشمانە گرینگە. راپەڕینێکی جەماوەرێ کە دەست دەبات بۆ ئازادیی ژن، کۆمەڵگا دەیهەوێت لە رێگەی ئەوەوە هەم خوێ بژینێتەوە، هەمیش ئازادی مسۆگەر بکات.

جیاوازی ئەم  هەڵسانەوەیە وەکوو جاران تەنیا بۆ گرانی نیە، هێرش بردنە بۆ ئیدئۆلۆژی نێرسالاری سیستەم و دەستبردنە بۆ مژارێکی گرینگ، بۆ ئازادی ژن کە یەکەم هەناوە لە کۆێلە کردندا و لەگەڵخۆیدا بە کۆیلە کردنی پیاو و بە تێکڕا کۆمەڵگا و سرووشت. بەناوی نێر بوونەوە مێ بوون داگیرکرا، بەناوی مرۆڤ بوون سرووشت داگیر کرا، بەناوی نەتەوە و مەزهەب، نەتەوە و مەزهەبەکان داگیر کران، بە ناوی راسیۆنالیسم مەعنەویات بن پێ کرا. بۆیێ گەردوون هارموونی خۆی لە دەست داوە و ژینگەیشمان وێران بووە.

هەرچەند هەوڵدەدرێ ئەم داگیرکاریەی کە لە گۆڕانکاری پارادایمیە و لە داخواز بۆ ئازادی رووی داوە، دەیانهەوێ لە ژێر ناوی جۆراوجۆر رەنگ و بۆنی  نەتەوەیی - مەزهەبی بدەنێ و گەلان و باوەڕیەکان بکەنە دژی یەک. بەڵام لە راستیدا ئەمە شاردنەوەی کاکڵەی باسەکەیە کە هەمان داگیرکردنی نەتەوەی ژنە. ژن لە هەر نەتەوە و مەزهەبێک بێت خاوەن ئێشێکی هاوبەشن کە ئەویش داگیر کراو بوونە.

 زۆرێک لە ناسیۆنالیستەکان چە ئەوانەی دەیان هەوێ ژینا وەکوو قەومیەت بەرجەستەی بکەن و بیکەنە سەمبۆلی کوردایەتی و شەرەف، یان ئەوانەی بە ناوی پان ئێرانیسم دەیانهەوێت لە ناسنامەی خۆی رووتی کەنەوە و بیکەنە شانازی بۆ خۆیان. هەردوو بەلارێداچوون. دەستی تەقدیر  ژینای کردە نوێنەری کۆمەڵگا و کەڵبەی تووژی سیستەمی دەوڵەت بوونی نیشان دا کە چۆن بۆ مانەوەی  خۆی مەرگ فەرز دەکات.

لە روژهەڵاتی ناوین بە پێشەنگاگایەتی ژنان  دژی هزری داعش شۆڕشێکی بەرفراوانی هزری درووست بووە و کۆمەڵگا بەرەو گۆڕانکاری چووە. تێکۆشانی پەنجا ساڵەێ تەڤگەری ئازادی بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی توانیویەتی ببێتە دەنگی ئازادی و کاتێک لە کۆبانێ لەگەڵ هەلهەلەی ژنان تێکەڵ بوو سەرکەوتنی دەست خست. پارادایمی شۆڕشی سەدەی بیست و یەک "ئێکۆلۆژیک -دیمۆکراتیک ئازادی ژن" دەبێت. ئەمەیش دەسکەوتی تێکۆشانی پەنجاە ساڵەی پەکەکە و رەهبەریەتی ئەو جووڵانەوەیه. بە قووڵ بوونەوە لەم یەکەیە دەتوانیین لەو هێرشە هەمەلایەنە کە بە ناوی ترۆر دەکرێنە سەر ئەم بزاڤە تێ بگەین.

شۆڕشێ کە دەبێ لە ئێراندا روو بدات شۆڕشی ژنە و دەتوانین بڵێین، لە ژێر ناوی ئەم درووشمەوە شۆڕشی ئێران لە رێڕەوەی راستی خۆی جێگای گرتووە. کاتێک ناوی ژینا بوو بە رەمزی ئەم سەرهەڵدانانە ئاسوێ شۆڕش بۆ خوی دیاری کرا.

هەماهەنگی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەم گۆڕانکاریانە کە بە پێشەنگایەتی ژنان دەکرێت گرینگە. بەر لە هەمووشتێ دەبێ خۆمان لە پارچە بوون بپارێزین و نەهێڵین ئاراستەی شۆڕش بگۆڕدرێت.

درووشمی ژن، ژیان، ئازادی بەستراوە بە درووشمی بەرخۆدان ژیانەوە، بۆ ئەم یەکەش کۆمەڵگا بێ هێزی پاراستن و رێکخستن بوون ناتوانێت دەسکەوتکانی بپارێزێ. چارەسەری گرفتەکانی کۆمەڵگا کاری  شۆڕشە، یانی شۆڕش گرتنی دەسەڵات و راکردن بە سەر گرفتەکان و دانانیان بۆ ئایەندە نیە. بە پێچەوانەوە کردنەوەی ئەوگرێیانەیە کە ساڵەهایە پەنگیان خواردووەتەوە و کردنەوەی رێڕەوەی کومەڵگایە. ناکرێت پرسی ژنان و گەلان و... لە ژێر ناوی شۆڕش پشت گۆێ بخرێن.

پرسی نەتەوی، نەبوونی ئازادی رادەربڕین، هەڵاواسانی ئابووری و قەتڵ و عامی کۆڵبەران و سووختبەران،  ژینۆسایدی کلتووری و زمانی هەمووی بەستراوە بەو عەقڵیەتە تۆتالیتریەوە کە نێرسالاری دایدەسەپێنێ.

   ئەگەر پرۆسەی شۆڕش نەتوانێت  ئەو گرفتانە چارەسەر بکات سەرکەوتنی بێ واتیە و شتێکمان بە ناوی سەرکەوتن نابێت.

ژ.ت