کاردانەوەکان دژی کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس بەردەوامیی هەیە، لەوچوارچێوەیەدا د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە داخەوە هەواڵی شەهیدبوونی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی'یمان بیست، ئەوان ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی داعشدا.
سەرۆکایەتی کۆمار ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە:"ئێمە ئیدانەی ئەو كارە دوژمنكارانە دەكەین كە سەركردەی ئەمنی سەر بە دامەزراوەی سەربازی عیراقی تێدا كراوەتە ئامانج، كە بێگومان كاردانەوەی خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنێت ئەگەر دەنگی بە عەقڵ و ژیری باڵا دەست نەبێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا د.بەرهەم داوای خۆڕاگریی و ژیریی لە هەموو لایەک دەکات و دەشڵێت:"لەم دۆخەدا دەبێت یەكبوونی خۆمان بپارێزین و ڕیزەكانمان یەكبخەین لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتیمانییە باڵاكاندا بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عیراق".
ف.ق