بەرهەم ساڵح: ئەم دۆخە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنێت

لەبارەی ئاڵۆزییەكان و دۆخی عێراق، سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، به‌رده‌وامیی ئه‌م دۆخه‌، عێراق بۆ دۆخێكی نادیار ده‌بات ‌و هه‌موانیش زیانی لێ ده‌كه‌ن.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لایەنگرانی سەدر چوونە باڵەخانەی بینای ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق هەڵپەساردنی كارەكانی ڕاگەیاند.

لەسەر ئەو پرسە، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق په‌یامێكی به‌په‌له‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: به‌رده‌وامیی ڕووداوه‌كان مه‌ترسیداره‌ و دۆخی ئێستاش وادەخوازێت هەمووان پابه‌ندبن بە هێورکردنەوەی دۆخەکە.

دەشڵێت: به‌رده‌وامیی ئه‌م دۆخه‌ عێراق په‌لكێشی ناله‌باری‌ و مه‌ترسیداریی زیاتر ده‌كات ‌و هه‌مووانیش لێی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.

سه‌رۆك كۆماری عێراق ڕاشیدەگەیەنێت: خۆپیشاندانانی ئاشتییانه‌ مافێكی ده‌ستووریه ‌و زامنی مافه‌كانیشه‌، به‌ڵام تێکدانی کاری دامەزراوەكانی دادوەریی، هەڕەشەیەکی گه‌وره‌ و مه‌ترسیداره‌ بۆ سەر وڵات.

جەختدەكاتەوە لەوەی، دەبێت هه‌مووان کار بۆ پاراستنی دامەزراوەكانی دادوەریی بكه‌ن ‌و ڕێگریی له‌ سه‌ربه‌خۆیی كاره‌كانیان نه‌كه‌ن.

هۆشداری دەدات، كە وڵات بە بارودۆخێکی زۆر هه‌ستیاردا تێدەپەڕێت و وتیشی: ئه‌م دۆخه‌ش پێویستی بەیەکخستنی ڕیزه‌كانه‌ بۆ پاراستنی عێراق‌، پێویستیشه‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌كان بەهه‌ر نرخێکه‌ سازش بۆ به‌هێزكردنی عێراق بكه‌ن ‌و خۆیان به‌دووربگرن له‌زیادبوونی تووندوتیژییه‌كان.

ف.ق