دژە تیرۆری عێراق: لە باکوری ئەنبار ٢٢ چەتەی داعش کوژران

سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكدا لەپارێزگای ئەنبار ٢٢ چەتەی داعش كوژران، ئاماژەی بەوەدا كە لە نێو كوژراوەكاندا سەركردە دیارەی چەتەكانی داعش هەیە.

عەبدولوەهاب سەعدی، سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان هێزە ئەمنییەكانی ئاراستە كرد، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێك لە ناوچەی ڕوتبەی باكووری ئەنبار، ئۆپراسیۆنێك بەدوو قۆناغی جیاواز بۆ ماوەی شەش كاتژمێر بەردەوام بوو، لەئەنجامدا توانرا ٢٢ چەتەى داعش بكوژن.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانیان هەڵیان كوتاوەتە سەر ئەو ناوچانەی كە تیرۆرستانی داعشی لێ بووە، زۆربەی ئەو تیرۆرستانە پشتوێنی بۆمب ڕێژكراویان لەبەردا بووە، هەروەها لەناو ئەو تیرۆرستە كوژراوانەدا سەركردەیەكی ناسراوی داعشی تێدا بوو.

عەبدولوەهاب سەعدی لەكۆتایی قسەكانیدا وتی، ئۆپەراسیۆنەكە زۆر نهێنی بووە و تەنها پێنج سەركردە ئاگاداری ئەو ئۆپراسیۆنە بوون، هەروەها دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای هەواڵگریش بەشدارییان لەئۆپراسیۆنەكەدا كردووە.

هێزە چەكدارەكانی عێراق بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەكانی داعش لە ناوچە جیاوازەكانی وڵات، بە ئامانجی نەهێشتنی ئەو چەتانە كە لە ناوچەكەد چالاكن و ناوبەناو ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن.
ف.ق