هەر یەكە لەوەزارەتی پاراستنی عێراق و شانەی ئەمنی لەدوو راگەیەندراوی جۆدادا، رایدەگەیەنن كە ئەوان نە دەچنە پاڵ خۆپیشاندەران و نەش دەستێوەردانی لەكاروباری سیاسیدا دەكەن، بەڵكۆ ئەركی سەرەكی هێزە ئەمنیەكان پاراستنی خۆپیشاندەران و دامەزراوەكانی وڵاتە و نەك چوونە پاڵ خۆپیشاندەران.
وەزارەتی پاراستنی عێراق لەسەر ئەوەی كە گوایا هەندێ كەسایەتی لەهێزە ئەمنیەكان چوونەتە رێزی خۆپیشاندەرانەوە، وەزارەتەكە رایگەیاندوە؛ كاری سەرجەم هێزە ئەمنیەكان پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و خۆپیشاندەرانە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقیش رایدەگەیەنێت؛ هێزە سەربازی و ئەمنیەكان لەهەر هەلومەرجێكدا؛ تەنیا دڵسۆزیان بۆ عێراق و دامەزراوە سەربازیەكانە و دوور و نزیك هیچ دەستوەردانێك لەكاروباری سیاسیدا ناكەن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەوەشی راگەیاندوە؛ گوایە هێزە ئەمنیەكان بەشێكن لەقەیرانی سیاسی هەنۆكەیی، ئەوەش دوورە لەراستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە؛ چونكە هێزە سەربازی و ئەمنیەكان لەهەموو كاتەكاندا سەلماندوویانە، دلسۆزیان تەنیا بۆ عێراق و دامەزراوە سەربازییەكانە و دوور و نزیك دەستوەردان لەكاروباری سیاسیدا ناكەن؛ چونكە ئەوان سوێندیان خواردوە كە تەنیا خزمەتی وڵات بكەن.
وا بڕیارە هەر ئەمڕۆ لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش خۆپیشاندان بكەن، ئەمەش ترسی لەلای خەڵكی عێراق و هێزە سیاسی و ئەمنیەكانیش درۆست كردوە كە رەنگە بەریەككەوتنی هەرلای لێبكەوێتەوە و دۆخەكە لەكۆنترۆڵ دەربچێت.
ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندانی لایەنگرانی مۆقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبەغداد دەستیان پێكردوە و بەشێك لەخۆپیشاندەران لەئێستادا لەناو باڵەخانەی پەرلەماندا دەستیان بەهەڵدانی چادێر ماونەتەوە و هەندێكیشیان مانیانگرتووە، هەر بۆیەش هێزە ئەمنیەكان بەگشتی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
هـ . ب