کازمی و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە

مستەفا کازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە میانەی دیدارێكیدا لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، لەسەر هێرشی توركیا لەسەر عێراق و شەهیدكردنی هاوڵاتییانی بێتاوان گوێ لە عێراق بگرن و سەروەری خاكەكەی بپارێزن.

جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق سەردانی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی كرد، لەو بارەیەوە نووسینگەی كازمی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا هاتووە: لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لە بارەی هەماهەنگیی نێوان عێراق و ئەركی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ناوچە جیاجیاكان، بە تایبەتی سەبارەت بە هەنگاونان بۆ داخستنی دۆسیەی ئاوارەكان و پشتگیریكردنی ناوچە ئازادكراوەكان.

كازمی جەختیكردەوە، پەنای بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بردووە سەبارەت بە هێرشی ئەم دواییەی توركیا بۆسەر عێراق، كە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك هاوڵاتیی بێتاوان لە پارێزگای دهۆك، داواشیكرد؛ نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم بوارەدا گوێ لە تێڕوانینی عێراق بگرن، هەوڵیش بدەن سەروەریی عێراق لەسەر خاكەكەی زیاتر بێت و هاوڵاتییان بپارێزێن.

لە بەرامبەردا پلاسخارت رایگەیاند: داواكارییەكانی عێراق دەگەیەنێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی سەبارەت بەم بابەتە بڕیار بدرێت.

ف.ق