سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانی گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوێنێش لە رۆژی ٥٦ ەمیندا لەشارەکانی سنە، مەهاباد، بۆکان، کامیاران و چەند ناوچەیەکی تری رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو. گەنجان و ژنان بە گردبوونەوە و چالاکی جیاجیا ناڕەزایەتیان بەرامبەر دەوڵەت دەربڕی و بە کردنەوەی ئاگر و پەکخستنی هاتووچۆ لە شەقامەکان، دروشمی "ژن، ژیان ، ئازادی"یان وتەوە.
هەر دوێنێ لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی کوژرانی کاسبکارێک بە ناوی هێمن حەمزە لە گوندی بێورانی ئەو شارە خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەچوو، تەرمی ئەو کاسبکارە بە دروشمی شەهید نامرێ بەخاکسپێردرا و دوای مەراسیمەکەش خۆپیشاندان و ئاڵۆزی لە بێوران بەردەوام بوو.
لەشاری خوڕەمئاوای لوڕستانیش مەراسیمی بەخاکسپاردنی گەنجێک بە ناوی سام بیرانوەند گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندان و هێزەکانی دەوڵەت لە رێگەی تەقەکردنەوە هەوڵیاندا کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە بهێنن.
لە شارەکانی بەلوچستان بەتایبەتی زاهیدان، راسک، ئێرانشار، خاش، پیشن، سەراوان و چابەهار خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامدران.
لەچەند شارێکی بەلوچستان هێزەکانی دەوڵەت هەوڵیاندا لە رێگەی توندوتیژی و هێرشەوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.
لە تاران رێورەسمی چلەی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ و ئیحسان خان موحەمەدی بەڕێوەچوو، کە رێورەسمەکان بۆ خۆپیشاندان گۆڕدران و چەندین دروشم دژی دەسەڵات وترانەوە. هەر لە تاران چالاکی و گردبوونەوەی جیاجیا ئەنجامدران و چەندین دروشم دژی دەوڵەت وترانەوە. لە شاری قومیش دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لەسەر دیوارەکان نوسرا.هاوکات لە یەکێک لە شاخەکانی باکوری تاران ژمارەیەک چالاکوان پلاکاردێکیان بۆ پاڵپشتی لە راپەڕینەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی تری ئێران بەرزکردەوە کە لە سەری نوسرابوو"ژن، ژیان، ئازادی".
هـ . ب