ڕاگەیاندراوی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەم جۆرەیە:
"ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەی شەڕ و چارەسەری دیموکراتیکی پرسەکە، فیداکارییەکی مەزن دەکات. ڕێبەر ئاپۆ پێشتریش ڕایگەیاندبوو ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێنرێت، پرۆسەکە لە زەمینە شەڕەوە دەگوازێتەوە بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی. ئێمەش وەک تەڤگەرەکەمان ڕامانگەیاند، لەگەڵ ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ دەبین و ئەو پرۆسەیە بەبنەما وەردەگرین کە ئەو بەرەوپێشی دەبات.
شاندی دەم پارتی چووە ئیمراڵی و دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، ڕوانگە و پێشنیارەکانی ڕێبەر ئاپۆی بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی شەڕ و چەسپاندنی پرۆسەکە لەسەر زەمینەی سیاسی و یاسایی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان تاوتوێ کرد، ئەمە ڕەوشێکی ئەرێنییە. تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە سیاسەتی تورکیادا، بەنیسبەت ئێمەوە پێشکەوتنێکی گرنگ و دەسپێکێکی نوێیە. ڕێبەر ئاپۆ هەوڵدەدات پەیوەندیی کورد_تورک بەگوێرەی جەوهەرە مێژووییەکەی بخاتەوە سەر ڕێچکەی درووستی خۆی، لە ڕەوشی شەڕ دووری بخاتەوە، بەتایبەت کە لەم سەدەیەی دواییدا لە شەڕێکی سەختدا بوون، تاوەکو بناغەیەک بئافرێنێت بۆ ئەوەی هەردووک بتوانن پێکەوە دابنیشن و ئاشنای یەکدی بن و یەکتر بەهێز بکەن. ئەم پرۆسەیەی ئێستە وەک دوایین دەرفەت و شانس دەبینێت بۆ ئەم ئامانجە مێژووییە. بۆیە لەنێو هەلومەرجی سەختی ئیمراڵییدا، بە فیداکاری و بەرپرسیاریی و پێداگرییەکی مەزنەوە مامەڵە دەکات و بانگەواز لە هەمووان دەکات، بە جدییەت و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییەوە مامەڵە بکەن. هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە زەمینەی شەڕەوە بگوازێتەوە بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بۆ چارەسەر دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکردنی تورکیا، هیوا و باوەڕی بە کۆمەڵگە بەخشی. بەڵام لێدوانی بەشێک لە بەڕێوەبەرانی ئاکەپە و وتوێژەکان لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن کە ئەو لێدوانانە بەبنەما دەگرن، پێچەوانەی ئەمەیە، هیوا و باوەڕی کۆمەڵگە دەشکێنن.
وەک لە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبینرێت، دەسەڵاتی ئاکەپە درێژە بە سیاسەتی شەڕ دەدات و ئەم سیاسەتە قووڵتر دەکاتەوە. لەلایەن باس لە خوشک و برایەتی و ئاشتی و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکات، لەلایەکی تر هەڵوێستی دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ قووڵکردنەوەی شەڕ، ئاماژەیە بۆ پارادۆکسێکی ڕوون. ئەم هەڵوێستەی دەسەڵاتی ئاکەپە هەم زەحمەتی دەئافرێنێت بۆ گواستنەوەی پرۆسەکە بۆ سەر زەمینەی سیاسی، هەم خزمەت بە قووڵکردنەوەی شەڕ دەکات، وە گورزێکە لەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ بە فیداکارییەکی مەزنەوە هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدات. زیادبوونی فشارەکانی سەر گەل، وتارە سوکایەتیئامێزەکان بەرامبەر گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ، درێژەدان بە دانانی قەیوم، هێرشی داگیرکاری بۆ سەر ڕۆژئاوا، ئەوە دەردەخەن کە هەڵوێستی دەسەڵاتی ئاکەپە لەم ڕووەوە چۆنە. دوایین جار، لەنێو ڕای گشتی وەها بڵاوبووەتەوە کە قەیوم لە شارەوانی ئاکدەنیز دانراوە و دیسانەوە ئیرادەی گەل دەستی بەسەردا گیراوە. ئەم هەڵوێستانە بۆ توندکردنەوەی شەڕ و شکستهێنانە بە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە فیداکارییەکی مەزنەوە ئەنجامیان دەدات.
هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە بە دەستی چەتەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) بۆ سەر ڕۆژئاوا، هەڵوێستی ئەوان بەرامبەر بە کورد نیشان دەدات. دوژمنایەتی دەسەڵاتی ئاکەپە بەرامبەر کورد کۆتایی نەهاتووە. ئەم دوژمنایەتییە بەردەوامە و لە ڕۆژئاوا بەڕوونی خۆی دەردەخات. دەسەڵاتی ئاکەپە بە هێرشکردنە سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەیەوێت ئیرادەی پێکەوەژیانی دیموکراتیکی گەلان لەناوببات. ئاشکرایە، ئەو دەسەڵاتەی خاوەن ئەم زیهنیەت و سیاسەتە بێت لایەنگری خوشک و برایەتی و ئاشتی نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، خوازیاری شەڕ و دوژمنایەتییە.
هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هێرشی دژ بە مرۆڤایەتییە. ڕۆژئاوا بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتییە. لە دژی داعش بۆ شکۆی مرۆڤایەتی شەڕی کرد، لەو پێناوەدا قوربانی مەزنی دا. لە ئێستادا دەسەڵاتداری ئاکەپە هێرش دەکاتەسەر ئەم بەها هاوبەشانەی مرۆڤایەتی و دەیەوێت لەناویان بەرێت؛ خواستێتی سەرلەنوێ داعش زیندووکاتەوە. دەسەڵاتداری ئاکەپە هەر ڕۆژە و کۆمەڵکوژییەک ئەنجام دەدات، بۆردوومانی خانوو، ڕێگە، پرد، گۆڕەپانی ژیان و سەرچاوە ژیانییەکان دەکات. بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان خەڵکی سڤیل ڕوویانکردە بەنداوی تشرین بەڵام بۆردوومانی کردن و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا. لە لایەکی دیکەوە هێرشی سەر بەنداوەکە دەکرێت ببێتە هۆکاری کارەساتێکی گەورە. هەموو ئەمانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە. دەبێت هەموو کەسێک ئەم حەقیقەتە ببینێت، لە دژی بوەستێتەوە و بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتی هەڵوێست و هەوڵدانی پێویست نیشان بدەن. دەبێت هەموو هێزە نێونەتەوەیی و ڕای گشتی نێونەتەوەیی ببینین کی بۆ چارەسەری هەوڵدەدات، کێ ئەم هەوڵدانانە ئاستەنگ و وێران دەکات و خاوەنداری لە شەڕ و ناچارەسەری دەکات.
لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی لە هەموو گەلان، هێزە شۆڕشگێڕی-دیموکراتیکەکان دەکەین لە دژی هێرشەکانی دەسەڵاتداری ئاکەپە و چەتەکانی لەسەر رۆژئاوا بوەستنەوە، بۆ خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوا بە بەهێزی هەنگاوبگرنەبەر. گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەت گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەموو جێگەیەک خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن.
چالاکییەکی گەورە و مانادارە کە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان بەشێوەیەکی جەماوەری بەرە بەندوای تشرین ڕۆشتن. لەبەر ئەم هەڵوێستە مەزنە سڵاو لە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین، سڵاو لەم چالاکییەیان دەکەین. بە ڕێز و حورمەتەوە یادی ئەوانە دەکەینەوە کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوون و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. هەڵوێست و ئیرادەی گەلان لە هێرش، لە دووژمن زۆر گەورەترە و دەتوانێت تێکیان بشكێنێت. لەم چوارچێوەیەدا هەڵوێستی گەلان هێرشی قڕکەر و داگیرکاری تێکدەشكنێت.
لەسەر ئەم بنەمایە جارێکی دیکە بانگەوازی لە گەلی وڵاتپاریزمان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین بە درووستی لە پرۆسەی نوێ تێبگەن، خاوەنداری لێ بکەن و لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرش، فێل و تەڵەکەیەک هۆشیاربن، ڕێکخراوبن و تێکۆشان و یەکڕیزییان بەهێز بکەن."