لە هێرشەکەی سەر دێریک ٢ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون

فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا ٢ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دژی هەرێمەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا ٢ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون.

سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر چیای قەرەچۆغ، گوندی شرک و تەقل بەقیل و هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆسەر ئۆتۆمبێلێک لە گوندی خانێ سەرووی سەربە شارۆچکەی دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان، ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: "دەوڵەتی تورک ماوەیەکی درێژە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج، چ بە ڕێگای فڕۆکە، تۆپی قورس و چ بە ڕێگای چەتەکانیەوە کە ئێستا هەوڵ دەدەن دەست بەسەر بەنداوی تشرین و پردی قەرقۆزاقدا بگرن و ئامانجەکانیان بەمەبەستی کۆچبەرکردنی گەلانی هەرێمەکە و گۆڕینی دیمۆگرافیا و بەرفراوانکردنی داگیرکارییەکانی لەناو خاکی سووریا جێبەجێ بکەن.

ئاماژە بەوەشدراوە، ١٠ـی کانوونی دووەم، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناوچەکانی کۆچەرات، چیای قەرەچۆغ، تەقل بەقل و گوندی شرکی کردە ئامانج و لە گوندی خانای سەرووش ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە جۆری هۆندای ڤێرا کروز کردە ئامانج.

لە ئەنجامی بۆردوومان کردنی ئۆتۆمبێلەکەدا دوو هاوڵاتی مەدەنی کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون گیانیان لە دەست دا و یەکێکی تریش کە لە نزیکی شوێنی هێرشەکە بووە قاچی بریندار بوو و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.

ئێمە وەک ئاسایشی ناوخۆ ڕایدەگەیەنین کە ماوەیەکە هەموو لایەنەکانی شەڕی سووریا بەدوای چارەسەریەکی گونجاودا دەگەڕێن کە هەموو گەلی سووریای پێ ڕازی بێت بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دەرەوە دەستێوەردان دەکات و هەوڵدانەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی تێک دەدات بۆ ئەوەی سوریا داگیربکات و بیخاتە بن کۆنتروڵی خۆیەوە.