لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل-حەماسەوە تا ئێستا ٢٢٦ ڕۆژنامەوان کوژراون

بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا ٢٢٦ ڕۆژنامەوان کوژراون.

شەڕ و ئاڵۆزییەکانی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا بەردەوامە و لەم نێوەندەشدا جگە لە هاوڵاتییانی مەدەنی، ناوچەکە بووەتە گۆڕستان بۆ ڕۆژنامەنووسان و بەردەوامیش ژمارەی قوربانییانی ڕۆژنامەنووس ڕوو لە هەڵکشان دەکات.

بەپێی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی میدیایی حکومەتی غەززە، سوپای ئیسرائیل بە تایبەتی خەباتکارانی ڕاگەیاندن دەکاتە ئامانج، بەهۆی هێرشەکانیشەوە تا ئێستا ٢٢٦ ڕۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون.

کۆتاجار ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی ئەحمەد قەلجە کامێراوانی کەناڵی ئاسمانی عەرەبییە، دوێنێ بە هۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باخچەی نەخۆشخانەی ئەهلی باپتیست برینداربوو و ئەمڕۆش گیانی لەدەستدا.