لە دەیان شاری رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەری بەردەوامە

رۆژی دووشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتنی سەرتاسەری دەستیپێکرد. مانگرتنەکە لە دووەم رۆژدا لە زۆر شار بەردەوامە.

سەرهەڵدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی کوژرانی کچی کوردی گەنج ژینا ئەمینی بێ پسانەوە بەردەوامە. رۆژی دووشەممە لە سەرتاسەری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئێران مانگرتنی سەرتاسەری دەستیپێکرد.

دوێنێ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە ورمێ، مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، سەقز، بانە، دیواندەڕە، کامیاران، دێوڵان، قوەڕوە، مەریوان، پاوە، سنە، رەوانسەر، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، کرماشان، ئیلام و لانیکەم لە ٢٩ شار دوکانداران دوکانەکانیان نەکردەوە.

لە ئێوارەشدا گەنجان لە شەقامەکاندا ئاگریان کردەوە و چالاکی شەرمەزارکردنیان ئەنجامدا.

لە شاری سنە خوێندکاران سەرپۆشەکانیان سوتاند و بێ پسانەوە لە دژی دەسەڵاتی ئێران ناڕەزایەتیان نیشاندا. لە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی سنەش مەراسیمی چلەی محەمەد شەریعەتی ئەنجامدرا کە لە خۆپیشاندانەکاندا ژیانی لەدەستدابوو.

لە شاری دێوڵانیش خوێندکاران بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی رێپێوانیان کرد.

هەر دوێنێ شەو لە سنە، کرماشان، جوانڕۆ و سەقز و زۆر شار و ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان گەنجان رژانە شەقامەکان، لە سەر جادەکان ئاگریان کردەوە و رێگەی هاتووچۆیان داخست.

لەسەر ئاستی ئێرانیش لە تاران، ئەسفەهان، کرمان، فارس، مەرکەزی، هەمەدان، بوشەهر و زۆر شاری دیکە دوکانداران دوکانەکانیان نەکردەوە و بەشدارییان لە مانگرتندا کرد.

بە شەویش لەتاران و شارەکانی مەشهەد، زەنجان، ئەراک، ئەسفەهان ژمارەیەکی زۆر رژانە شەقامەکان و چالاکییان ئەنجامدا. پێشبنینی دەکرێت ئەمڕۆ و سبەینێس مانگرتنی سەرتاسەری بەردەوام بێت.

هـ . ب