لە سووریا لە ڕۆژێکدا ١١ کەس کوژراون کە چواریان منداڵە

سۆهر ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سووریا ١١ کەس لە ڕووداوی جیاوازدا کوژران و چوار لە کوژراوەکان منداڵە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سووریا ١١ کەس بەهۆی هێرش، تەقەمەنی پاشماوەی جەنگ و بەکارهێنانی چەکەوە کوژراون.

سۆهر سەبارەت بابەتەکە ئاماژەی بەوەدا لە شارۆچکەی دویری سەر بە دێرەزۆر شوانێک بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەستدا، هەروەها لە شاری سیبیخان کچێک بە هەڵە لەلایەن براکەیەوە بە چەکی ڕاوکردن کوژراوە.

سۆهر ئاماژەی بەوەشدا لە شارۆچکەی جەلا لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی چەک، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتداری دیمەشق گیانیان لە دەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.

بەپێی سۆهر، لە جەبەل شاعیر لە حومس بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە منداڵێک گیانی لە دەستدا. هەروەها گوندەواری جەبەلی لازقیە لە هێرشێکی نەناسراوی چەکدارییدا گەنجێک کوژرا.

سۆهر ئاشکرای کرد، لە گەڕەکی ناسرەی شاری حەسەکە، کۆمەڵێک دز هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و کەسێکیان کوشت، لە هەمان شار لە ئەنجامی تەقکردنی هەڕەمەکی گەنجێک گیانی لەدەستدا.

هەروەها ئاماژەش بەوەکراوە لە گەڕەکی سۆمرییە لە دیمەشق بەهۆی تەقەکردنی هەڕەمەکییەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە، لە گوندەواری مەنبج لە کاتی پاککردنەوەی چەک منداڵێکی ١٥ ساڵ بە هەڵە کوژرا.