رۆژی یەکشەممە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئایینی كۆماری ئیسلامی، لێبوردنی گشتی بۆ بەشێك لە خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان دەركرد.
لە بڕیارەكەدا چەندین مەرج بۆ ئەو كەسانەی لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە دانراون، لەوانە تۆمەتبار نەبوون بە سیخوڕی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، یاخود گروپە بەرهەڵستكارەكان، تۆمەتبارنەبوون بە بەشداری لە كوشتن یان برینداركردنی هێزەكانی دەوڵەت، تێوەنەگلان لە سوتاندنی موڵك و ماڵی تایبەت و گشتی و نەبوونی سكاڵای تایبەت لەسەریان.
ئەو بڕیارەی خامنەیی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بەشێك لە بەكارهێنەران باس لەوەدەكەن، دوای لەسێدارەدانی چوار كەس و كوشتنی نزیكەی ٥٠٠ كەس، لێبوردنی گشتی هیچ بەهایەكی نییە. هاوكات هەندێكی دیكە جەختیان لەوەكردووەتەوە، ئەو لێخۆشبوونە هیچ لەباری بەرپرسیارێتی خامنەیی لە سەركوتی خوێناوی خۆپیشاندانەكان سووك ناكات.
هەروەها ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی خامنەیی فریودەرانەیە و تەنیا بۆ پرۆپاگەندەیە.
لەلایەكی دیكەوە، ژمارەیەك لە پارێزەران، چالاكوانانی مافی مرۆڤ، خۆپیشاندەرانی زیندانیكراو و زیندانیانی سیاسی پێشوو، لێبوردنە گشتییەیی خامنەیی-یان بە لێخۆشبوونێك بۆ بانگەشە و بە ئامانجی سەپاندنی خوێندنەوەی درۆیینەی دەسەڵات و جێگۆڕكێی بێشەرمانەی شوێنی سكاڵاكار و تۆمەتبار ناودێر كردووە.
لە هەمان كاتدا ژمارەیەك لە بەكارهێنەرانی تویتەر لە هەڵمەتێكی ناڕەزایەتیدا بە هاشتاگی #لەبیریناكەین (#یادموننمیرە) كاردانەوەیان بەرامبەر بەو لێبوردنە نیشان دا و كوشتنی ناڕازییان و بەرهەڵستكارانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیان بە بیر هێنایەوە.
لێبوردنە گشتییەیی خامنەیی لە كاتێكدایە تا ئێستا، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ژمارەی دەستبەسەركراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئەو وڵاتەی ڕانەگەیاندووە.
بە پێی دوایین ئاماری كۆمەڵەی چالاكوانانی مافی مرۆڤی ئێران –هەرانا، "مەزندە دەكرێت لە ماوەی خۆپیشاندانەكان دا، لانیكەم ١٩ هەزار و ٦٢٣ كەس دەستبەسەر كرابن، هەروەها چوار كەس بەهۆی بەشداریكردن لە ناڕەزاییەكان لەسێدارە دراون و ١٠٩ كەسی دیكەش مەترسی سەپاندن و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانیان هەیە.
هـ . ب