لەهێرشێکدا لە سیستان و بەلوچستان ٣ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران

لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا ٣ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران –ئیرنا- سەرلەبەیانی ئەمرۆ لە هیرمەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە شەڕ لە گەڵ کەسانی چەکدار، ئەندامێکی پاسەوانی سنوور کوژراوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە هێرشێکی دیکەدا لە راسک لە هەمان پارێزگا پاسەوانێکی سنور کوژراوە و ٢ کەسیش برینداربوون.

هاوکات لە شاری خاشیش ئەندامێکی هێزە تایبەتەکان کوژراوە.

گروپی جەیشولعەدل کە گروپێکی ئیسلامیی جیهادیستە لە رێگەی هەژماری خۆی لە تێلیگرامەوە هێرشەکانی گرتووەتە ئەستۆ. نارەگای ئەو گروپە لە دیوی بەلوچستانی پاکستانە.

زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە نەتەوەی بەلوچن و رێژەی هەژاری لەو پارێزگایە لە ئاستێکی باڵادایە.