لەسەعادەت ئاوای تاران دوكتورێك كوژرا

عەلی وەلی پور گودەرزی، بەرپرسی پۆلیسی زانیاری تارانی گەورە رایگەیاندوە، "دوكتورێكی ناسراوی تاران بەفیشەك لە گەڕەکی سەعادەت ئاوای تاران كوژرا".

عەلی وەلی پور راشیگەیاندوە؛ ئەم دوكتورە ئەمڕۆ سەرلەبەیانی لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا كراوەتە ئامانج و هەر لەوێدا گیانی لەدەستداوە.

بەرپرسی پۆلیسی زانیاری، عەلی وەلی پور گودەرزی لەئاخاوتنەكانیدا ئەوەشی راگەیاندوە؛ ناوی ئەو دوكتورە مەحفوزییە و تەمەنی ٨٥ ساڵە و لەم ساڵانەی دواییدا لەكەرتی تایبەتیدا كاری دەكرد.

هاوكات، بەگوێرەی زانیاریەكانی بەشێک لە ماڵپەڕەکانی رژێمی ئێران، بەپەلە تیمێكی تایبەت لەكارناسانی پۆلیس پێكهاتوون و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا هەندێک شوێن پەنجە و شوێنەواری دیکە دۆزراونەتەوە.

ژ.ت