لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عێراق: بوونی هێزەکانی دەوڵەتی تورک داگیرکەرییە
ئەندامی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، عەلی بەنداوی رایگەیاند بوونی هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە سەر خاکی عێراق داگیرکەرییە و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و دەبێت دەربکرێن.
ئەندامی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، عەلی بەنداوی رایگەیاند بوونی هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە سەر خاکی عێراق داگیرکەرییە و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و دەبێت دەربکرێن.
هێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ فراوانتری دەکات، ڕۆژی ٢٧ی شووبات، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە شنگال ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و لەئەنجامدا هەردوو فەرماندەی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال-یەبەشە پیر چیکۆ و عەگیر شەهید بوون و شەڕڤانیکیش بریندار بوو.
هەروەها لە ڕۆژی ١ی ئازار، دووبارە لەئەنجامی هێرشێکی دیکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەناوەندی شارۆچکەی شنگال، شێرزاد شەمۆ قاسمی ئەندامی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئێزدخان شەهید بوو.ئێوارەی دوێنێ هەینی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، لە نزیک شارەدێی قەرەهەنجیر لەسنوری شارۆچکەی چەمچەماڵ ئۆتۆمبێلێکى کردە ئامانج و لەئەنجامیشدا کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی عێراق، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، عەلی بەنداوی، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد.
"هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکات"
لەدەستپێکی وتەکانیدا بەنداوی وتی: بوونی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەنێو وڵاتەکەماندا، مایەی نیگەرانی و هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی عێراق، جەختیشی کردەوە کە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکات و بە یەکێک لە گرنگترین و لەپێشترین دۆسییەکان هەژماری دەکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان، هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا کە ئێوارەی دوێنێ هەینی، لە نزیک شارەدێی قەرەهەنجیر لەسنوری شارۆچکەی چەمچەماڵ، ئیدانە کرد و وتی: تورکیا بە شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق.
"بێدەنگی دەبێتە هۆی زیاتربوونی هێرشەکان"
بەنداوی لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “داواکارییەکمان پێشکەش بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووە، کە ئامانج لێی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی فراوانە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هێرشەکانی تورکیا، چونکە بێدەنگی لەئاست ئەو هێرشانە وا دەکات دەوڵەتی تورک زیاتر دەستدرێژی بکات”.
"پێویستە لە خاکی خۆمان دەریبکەین"
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، “هەبوونی تورکیا داگیرکارییە و سەرچاوەی مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، چونکە سەروەری عێراقی پێشێلکردووە و بەردەوام لەڕێگەی فڕۆکە بی فڕۆکەوانەکانی بۆردوومانی ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەکات، بۆیە پێویستە هەوڵ و جوڵەیەک هەبێت بۆ دەرکردنی ئەو هێزە داگیرکەرە لەنێو خاکەکەماندا”.
هـ . ب