مەولەوی عەبدولحەمید: زیندانیانی بەلوچ و کورد لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەشن

مەولەوی عەبدولحەمید لە کەسایەتیە دیارەکانی سوونەکان لە بەلوچستان بەرامبەر بە هەڵکشانی لەسێدارەدانی هاوڵاتیانی بەلوچ و کورد لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە کاردانەوەی نیشاندا و وتی، "جێبەجێکردنی ئەم سزایانە تەنیا توڕەیی جەماوەر زیاد دەکات".

مەولەوی عەبدولحەمدید ئیسماعیل زهی یەک لە دیارترین کەسایەتیە ئایینییەکانی بەلوچ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئیکس ناڕەزایەتی بەرامبەر بە لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد و بەلوچ لەلایەن دەوڵەتی ئێران نیشانداوە، کە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت و باسی لە پرۆسەی پرۆسەی نادادپەروەرانەی دادگاییکردنی هاووڵاتیانی کورد و بەلوچ کردووە.

مەولەوی عەبدولحەمید بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی سەرباری داواکارییەکان بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدان لە وڵاتکە، لەم دواییەدا خێرایی جێبەجێکردنی ئەو سزایە زیاتر بووە و ورایگەیاند، "بەداخەوە کە سزادراوانی بەلوچ و کورد، لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بەزەیی و میهرەبانی ئیسلامی بێ بەشکراون. جێبەجێکردنی ئەو سزایانە، جگە لە هەڵکشانی توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت".

لەماوەکانی رابردوودا سەرباری ناڕەزایەتی زۆر لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەوڵەتی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانی زیاد کردووە و بەشێکی زۆری لەسێدارەدراوانیش لە نەتەوەکانی بەلوچ و کوردن.