ئێران لە مانۆری سەربازیدا کەشتی سیخوڕی 'زاگرۆس' ی ناساند
ئێران لە چوارچێوەی مانۆڕەکانی پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا کەشتی مۆدێرنی سیخوڕی' زاگرۆس'ی ناساند.
ئێران لە چوارچێوەی مانۆڕەکانی پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا کەشتی مۆدێرنی سیخوڕی' زاگرۆس'ی ناساند.
بە پێی ڕاپۆرتی فەرمی میدیاکانی ئێران، ئەم کەشتییە ناوی "زاگرۆس"ـە و وەک یەکەم کەشتیی سیخوڕی بەشدار بە ئۆپەراسیۆنی شەڕی هێزی دەریایی ئێران کراوە.
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە زاگرۆس بە تەواوی دروستکراوی بەرهەمی ناوخۆییە و بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن دروستکراوە. بەپێی هەواڵی مێدیاکان، کەشتییەکە بە هەستەوەری ئەلیکترۆنی و یەکگرتوو دروستکراوە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر لە شەپۆلە ئلکترۆموگناتیسیەکان تێپەڕ بێت و سیستەمی دژە کەشتی چالاک و ناچالاکی هەیە و تواناکانی ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنی و سیستەمی چاودێری زیرەکی هەیە.
فەرماندەی هێزی دەریایی شەهرام ئێرانی لە میانی ناساندنی کەشتییەکەدا وتوویەتی، "زاگرۆس لە قوڵایی دەریا و زەریاکاندا وەک چاودێری هێزی دەریایی ئێران ئەرکدار دەبێت."
جێی ئاماژەیە ئێران لەم هەفتەیەدا مانۆڕ و مەشقی سەربازی بە ناوی "ئیقتدار" ئەنجام دەدات. جگە لە سوپای ئێران، سپای پاسدارانیش لەم مانۆڕانەدا بەشدارە کە بڕیارە تا مانگی ئادار بەردەوام بێت. هەروەها خاڵی هاوبەشی مانۆڕەکان وەک دامەزراوە ئەتۆمییە ستراتیژییەکان لەبەرنامەی کاردا دەبێت. بە تایبەتی دامەزراوەکانی نەتەنز و فۆردۆ کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئێران، لە ڕیزی ئەو دامەزراوە گرنگانە دەبن.
لەم دواییانەدا بانگەشەیەک هەبوو کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆک کۆمار کۆبووەتەوە و چەندین پێشنیاری سەبارەت بە دەستێوەردانی سەربازی لە بەرامبەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێراندا خستووەتەڕوو. ئەم بانگەشەیە بووە هۆی ئەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پەرە بستێنێ.
جێی ئاماژەیە ئاڵۆزییە نێونەتەوەییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران کاتێک پەرەی سەند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا یەکلایەنە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ کشایەوە. ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە ئەوە بوو کە ئەگەر ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەم بکاتەوە، گەمارۆە جیهانییەکان لە سەر ئێران لادەبەن.