وەلید حیلی، سكرتێری گشتیی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عێراق بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئۆپەراسیۆنە داگیركارییەكانی توركیا لە باكوری عێراق مەترسییەكی جدی بۆ سەر عێراق بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی دروست دەكات، هەروەها دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵات.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە حكومەتی عێراق گفتوگۆی جددی لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگای داد و نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامبدات، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو خوێنڕشتنە بهێنێت و كۆتایی بەو توندوتیژییانە بهێنێت كە توركیا ئەنجامی دەدات.
سكرتێری گشتیی رێکخراوی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو، میللەتی كورد بەشێكی سەرەكی عێراقە و دەبێت لە لایەن بەرپرسانی عێراق و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە دژی داگیركارییەكانی توركیا بەرگریان لێبكرێت.
جێگای ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك بەردەوامە لە هێرش و داگیركەرییەكانی لە خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەدرێژایی بەدەیان كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە، هێرش دەكاتە سەر گوندە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی مەدەنی دەكاتە قوربانی.
ف.ق