سودانی: قبوڵی ناكەین هیچ وڵاتێك هەڕەشە لە عێراق بكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، قبوڵی ناكەن هیچ وڵاتێك هەڕەشە لە عێراق بكات و دەشڵێت، “نامانەوێت هیچ وڵاتێك سنووری وڵاتێكی تر ببەزێنێت”.

ئەمڕۆ لە ئوردن كۆنگرەی لوتكەی بەغدای دوو بە بەشداری سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەستیپێكرد، كە تایبەتە بە ئاسایشی ناوچەكە و عێراق.

لە كۆنگرەی لوتكەی بەغدای دوودا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:”هیوادارین ئەم لوتكەیە ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت و هیوای گەورەمان هەیە، داواش لە وڵاتان دەکەین، هاوكاریمان بكەن بۆ گەڕانەوەی پارەكانی عێراق”.

سوودانی هەڵوێستەی لەسەر دۆسیەی ئاویش کرد و وتی:”بەهۆی كەمیی ئاوەوە لە ژێر هەڕەشەیەكی گەورە داین و كێشەی ئاومان لەگەڵ توركیادا هەیە، داوا لە توركیا و ئێران دەكەین، پشكی ئاوی عێراق بەربدەنەوە”.

وتیشی:”نامانەوێت هیچ وڵاتێك سنووری وڵاتێكی تر ببەزێنێت، هەروەها قبوڵی ناكەین هیچ وڵاتێك هەڕەشە لە وڵاتەكەمان بكات”.

هەر لە كۆنگرەكەدا، ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆكی فەرەنسا قسەی كرد و وتی: سودانی پێیوتین عێراق چی لە ئێمە دەوێت و چارەسەرمان بۆ عێراق پێیە، دەستێوەردانی دەرەكیی لەلایەن هەر وڵاتێك بۆ سەر عێراق ڕەتدەكەینەوە.

دەشڵێت:”لە ئەنجامی دەستێوەردانەكان، خەڵكی بێتاوان دەبنە قوربانی و دەبێت هاوكاربین بۆ پاراستنی سەروەری عێراق، دەمانەوێت لەم لوتكەیەدا بگەینە بڕیار و ئەنجامی باش”.

ف.ق