ئۆپراسیۆنی ئەمنی بەردەوام: ٧٩ چەتە دەستگیرکران

ژووری ئۆپراسیۆنی ئەمنی بەردەوام رایگەیاند کە ئۆپراسیۆنەکەیان لە کەمپی هۆل و دەوروبەری کۆتایی هات و لە ئەنجامدا ٧٩ چەتە دەستگیرکراون.

ژووری ئۆپراسیۆنی ئەمنی بەردەوام لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئۆپراسیۆنەکەیان لە کەمپی هۆل و دەوروبەری لە دژی شانەکانی داعش کۆتاییهاتووە.

لە ئەنجامنامەی ئۆپراسیۆنەکەدا هاتووە: "لە ئۆپراسیۆنی گەڕان و پشکنین لە کەمپی هۆل ودەوروبەری کە بە بەشداری هێزەکانی قەسەدە، یەپەژە و ئاسایشی ناوخۆ-ژن ئەنجامدرا، وێڕای شانە نووستووەکانی چەتەکان لە هەمانکات حەشارگەکانی تیرۆریستانی داعشیش کراونەتە ئامانج و پشکنین لە ٢٠٠ گوند لە باشور و باکوری هۆل ئەنجامدراوە و گەڕان و کێوماڵکردنیش لە ناوچەی سنووری نێوان عێراق و سوریا بە درێژایی ٧٠ کیلۆمەتر و ناوچە بیابانییەکانی دەوروبەر بەڕێوەچووە.

بەپێی ئامارەکانی ژووری ئۆپراسیۆنی ئەمنی بەردەوام لەماوەی ئۆپراسیۆنەکەدا ٧٩ چەتەی سەر بە شانەکانی تیرۆریستانی داعش دەستگیرکراون، دەستیش بە سەر بڕێکی زۆر چەک و بۆمب و نارنجۆکدا گیراوە. ئەمەجیا لە دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک ئامێری پەیوەندی و کۆمەڵێک هێما و ئاڵای تیرۆریستانی داعش.

هەر لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکەدا ١٧ ژن کە دەستیان لە ئەشکەنجەدان و یارمەتیدانی شانەکانی تیرۆریستان هەبووە رووبەڕووی لێپێچینەوە بوونەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە ماوەیەکی زۆربوو پلانیان بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە دانابوو بەڵام بە هۆی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دواخرابوو.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کراوە، کە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر دانیشتوانی کەمپی هۆل بەجێبگەیەنن و وەک پێویست پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان و رێکخراوە خزمەتگوزارییەکان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەن، بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەکان دوور لە بەرژەوەندی سیاسی و شێوازە کلاسیکیەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران و ئاوارەکان، دابینبکرێت. "