لە هێرشی چەتەکانی داعشدا شەهید هەبوو

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند لە هێرشی چەتەکانی داعشدا ئەندامێکیان شەهید بووە.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەربارەی هێرشی چەتەکانی داعش ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

" "دوای نیوەشەو (30ی کانوونی یەکەم)، شانە تیرۆریستییەکانی سەر بە ڕێکخراوی داعش بازگەیەکیان لە گوندی زنود لە قامیشلۆ کردە ئامانج. لە کاتێکدا هێزەکانمان ئەرکە ئەمنییەکانیان جێبەجێ دەکرد، تیرۆریستان نارنجۆکیان هاویشت. لە ئەنجامدا زیانی ماددی هەبووە و هیچ بریندار و شەهیدبوونێک لەناو هێزەکانماندا نەبووە. دەستبەجێ هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانی گشتگیریان دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەی تاوانباران".

هەروەها دووپاتکراوەتەوە، ئەندامێکی شانەکانی داعش بازگەی ئەسکەندەرونەی لەسەر ڕێگەی نێوان شاری هۆل و تەل حەمیس کردە ئامانج، بەهۆیەوە ئەندامێکی هێزەکانی پاسەوانی جزیر شەهیدبوو.

ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە، ئەمەش دەریدەخات هەماهەنگییەکی مەزن لەنێوان چەتەکانی داعش و گرووپە چەتەکان هەیە بۆ تێکدانی ئارامیی هەرێمەکە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەکە.