بە دیمەن

گردبوونەوەی دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز

لە دژی جێبەجێنەکردنی خواستەکانیان ئەنجوومەنی گەڕەکی کوردنشێنی نەورۆزی کەرکووک گردبوونەوە و ڕایانگەیاند ماوەی ساڵێکە لە نیشاندانی ناڕەزایەتیدان لە دژی یاساکانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو و هەوڵی داگیرکردنی خانووەکانیان لە لایەن سووپای عێراقەوە.

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی، چالاکوان، و نوێنەری خەڵکی و نوێنەری ژمارەیەک لەلایەنی سیاسی، بەهۆی بەردەوامییان لە مانگرتن و بەرخۆدان دژبە هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ داگیرکردنی خانووەکانیان، ئەنجوومەنی گەڕەکی نەورۆزی کوردنیشنی شارەکە گردبوونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست و تیدا پەیامیان ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد و تیدا ڕایانگەیاند کە، "تا ئیستا کار بە یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس دەکرێت دژ بە کوردانی کەرکوک".

ساڵێکە سوپای عێراق هەوڵی داگیرکردنی خانووەکانمان دەدات

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆز ڕایانگەیاند: ": دوای ساڵێک تا ئێستا کێشەکەمان بە هەڵپەسێردراوەی ماونەتەوە ئێمە خەڵکی رەسەنی کەرکوکین و داوا لە بەرپرسانی کورد لە بەغدا دەکەین بە جدی هەوڵی چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە بدەن و ساڵێکە سوپا هەوڵی داگیرکردنی خانووەکانی گەڕەکەکەمان دەدات کێشەکەمان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەداخەوە کە تا ئێستا کار بە یاساکانی سەردەمی رژێمی بەعس دەکرێت، داواش لەلایەنی پەیوەندیدار و نوێنەرانمان لە بەغدا دەکەین کە بەبڕیارێک خانووەکانمان لەسەر تاپۆ بکرێت بۆئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بێت".

'پرۆسەی بەعەرەب کردن یەک پرۆسەیە و یەک عەقڵیەت بەڕێوەی دەبات'

محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی کەرکوک، کە بەردەوام وەکو جووتیارانی کوردی کەرکوک هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانیان دەدرێت لەلایەن عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپای عێراق، ناوبراو وەکو پشتیوانی لەخەڵکی گەرەکی نەورۆز ئامادەبوو و بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دواو و پشتگیری جوتیارانی بۆ چالاکییەکە دەربڕی و وتی: "ئەمڕۆ ساڵرۆژی هەڵدانی ئەو خێوەتەیە کە خەڵکی گەڕەکی نەورۆز لەدژی داگیرکاری و دەست بەسەرداگرتنی خانووەکانیان هەڵیانداوە، ئێمەش ئەمڕۆ وەکو جووتیاران و خەڵکی شارەکە ئامادەبووین و پاڵپشتی خۆمان بۆیان دەبڕی و پیان دەلین کە هەموو پرۆسەکەی بەعەرەب کردن یەک پرۆسەیە و یەک عەقڵیەت بەڕیوەی دەبات بۆیە پێویستە ئێمەی کەرکوکی هەموومان پێکەوە دژی پرۆسە و عەقڵیەتی بەعەرەب کردنی شارەکە بوەستینەوە، داواکارین لەسەرجەم بەرپرسانی کورد لە شارەکە کە پۆستەکانیان بەکاربهێنن لەپێناو ڕاگرتنی پرۆسەی بەعەرەب کردن و داگیرکردنی زەویی و خانووی کورد".

هەر لە گردبوونەوەکەدا لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر سەبارەت بە عەقڵیەتی داگیرکەرانی کورد و گۆڕینی دیموگرافی کۆڕێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی چالاکییەکە کرد.

'بەدرێژایی مێژوو کەرکوک لەبەردەم بەعەرەب کردن و سڕێنەوە ناسنامە بووە'

سەبارەت بە کۆڕەکە و دۆخی کوردانی کەرکوک لەسایەتی پرۆسەی داگیرکردن و بەعەرەب کردنی شارەکە، لەتیف فاتیح فەرەج و نووسەر و بیرمەند، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر هەڵدانی خێوەتی بەرخۆدان و مانگرتنی گەڕەکی نەورۆز تێدەپەڕێت، ئێمە کۆڕێکمان پێکەش کرد سەبارەت بە گۆڕینی عەقڵیەتەی عەرەب، تورک و فارس لە بەرامبەر کورد، چونکە تاوەکو ئیستا تورک، فارس، عەرەبی عێراق و سوریا کوردیان قەبووڵ نیە و نەگەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کوردیش هاونشتیمانییە، باسی ئەوەشم کرد کە بەدرێژایی مێژوو کەرکوک لەبەردەم بەعەرەب کردن و سڕێنەوەی ناسنامە بووە، کاتی ئەوە هاتووە کە عەقڵیەتی شۆڤێنی و فاشستی دژ بە کورد کۆتایی پێ بێت".

'دەسەڵاتی باشوری کوردستان کەمتەرخەمە لە پرسی خاک و نەتەوە'

هەروەها لەتیف فاتیح فەرەج ووتیشی: "بۆ ڕێگری لە گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک پێویست بوو دەسەڵاتی کەرکوک عەرەبەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراقی بگەڕاندایەتەوە ناوچەکانی خۆیان و کەرکوکی بدایتەوە خاوەنەکانی خۆی بەڵام پێچەوانەی ئەوەی کرد، ئەمەش بەشێکە لە دژایەتی، سڕێنەوە و تێکشاندنی ناسنامەی کوردستانی کەرکوکە، بەداخەوە دەسەڵاتی باشوری کوردستان کەمتەرخەمە لە پرسی خاک و نەتەوە و ئاوڕ لە ئازارەکانی هاووڵاتی نادەنەوە، دەسەڵاتی باشوری کوردستان ئەوەندەی ئایدلۆژی و بەرژەوەندی خوازانە بیردەکاتەوە ئەوەندە بەرژەوەندی گشتی نابینێت".