عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئیسلامی ئێران سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەی و وەڵامدانەوەیان، بەیاننامەیەكی توندی بڵاوكردەوە و گوتی: "پێویستە ڕژێم چاوەڕوانی سزایەكی سەخت بكات، ئیسرائیل بەم تاوانە، چارەنووسێكی تاڵ و بە ئازاری بۆ خۆی ئامادەكرد و بێگومان وەری دەگرێتەوە."
خامنەیی لە پەیامەکەییدا جەختی لە تۆڵەکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل کرووەتەوە و دەڵێت: "دەستی بەهێزی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران واز لە ئیسرائیل ناهێنێت."
کاردانەوەی هێرشەکان
لە کاردانەوەی دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێران ڕەتیکردەوە بەشداریی لە گەڕی شەشەمی دانووستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکات، کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە مەسقەتی عومان بەڕێوەبچێت.
سەعید ئیروانی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، دەشڵێت: یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو هێرشانە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز بووە.
هەروەها دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا پێشتریش ئاگاداربوون ئیسرائیل ئەم هێرشانە بۆسەر ئێران ئەنجام دەدات و بۆ فۆکس نیوز گوتی، "نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هیوادارین بگەڕیتەوە بۆسەر مێزی دانسوتاندن، سەیردەکەین بزانین چی ڕوودەدات."
دەرنجامی هێرشەکان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل بە هێرشێکی پێنج قۆناغی بە ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ئێران و شوێنە ئەتۆمی و سەربازییەكان لە تاران، نەتەنز و قەسری شیرینی بە ئامانج گیران. لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیاتر لە ١٠ زانای ئەتۆمی و بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی کوژران لەوانەش سەرۆكی ئەركانی سوپای پاسداران و فەرماندەی سوپای پاسداران. هەرەوەها زیاد لە ٥٠ کەس لەو هێرشانەدا بریندار بوون.
پەیوەست بە هێرشەکان و وەڵامدانەوەیان ئێران ڕایگەیاند بە زیاتر لە ١٠٠ درۆن وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە لایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە وەڵامی ئەو هێرشانەی ئێران بدرێتەوە.