ئێستا کۆبوونەوەی شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران دەستیپێکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ ئابی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە، دەوترێت ئابی پەیامێکی گرنگی پێیە بۆ ڕێبەری ئێران لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاوە.
ڕۆحانی و ئابی دوێنێ دوای کۆبوونەوەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشیان ئەنجامدا و جەختیان لەوەکردەوە، کە هەردوو وڵات خوازیاری مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە 'بەرجام'ن.
لە کۆنگرەکەدا ڕۆحانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران هێشتاش پابەندە بە بەرجامـەوە و دەیەوێت بەردەوامیی پێبدات و کارەکانی داهاتووشی لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت، وتووشیەتی، ئێران خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر وەڵامێکی توندی دەبێت، هەروەها وتوویەتی: هەم ئێران و هەم ژاپۆن دژی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیـین.
شینزۆ ئابی-ش لە کۆنگرەکەدا وتی: بە کاربەدەستانی ئێرانییم وتووە کە، "پابەندبن بە بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە" جەختیشی لەوەکردووەتەوە کە وڵاتەکەی بە نیازە ڕۆڵی باش بگیڕێت لە دوورخستنەوەی ئێران لە گرژییەکانی ناوچەکە و بەهەر شێوەیەک بووە دەبێت مەترسیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووربخرێتەوە.
ئابی هەروەها ڕوو لە کاربەدەستانی ئێرانی ڕایگەیاند: باشترە ئێران ڕۆڵێکی باش لە ئاشتیی و سەقامگیری ناوچەکە بگیڕێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نەخوازراو لە ناوچەکە ڕوونەدات.
ک-ش