محه‌مه‌د ساڵح عه‌بدۆ هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی هەرێمی جزیر ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی داخستنی چه‌ند فێرگه‌یه‌كی سریانییه‌كان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوا.
عه‌بدۆ بە بیری هێنایه‌وه کە «ئه‌نجوومه‌نی قانوونساز لە چوارچێوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی-دا، ساڵی ٢٠١٦ قانوونێکی ده‌ركرد كه تیایدا هاتووه هه‌ر فێرگه‌یه‌كی تایبه‌ت پێویسته مۆڵه‌ت له ده‌سته‌ی په‌روه‌رده وه‌ربگرێت. به گوێره‌ی قانوونه‌كه ئه‌و فێرگانه‌ی كه مۆڵه‌تیان وه‌رنه‌گرتووه، داده‌خرێن. هه‌روه‌ها له خاڵێكی دیكه‌ی قانوونه‌كه‌دا هاتووه، وەکوو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتی پڕۆگرامی خۆمان به‌سه‌ر فێرگه تایبه‌ته‌كاندا ناسه‌پێنین، نابێ فێرگه تایبه‌ته‌كان پڕۆگرامی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتی و ڕژێمی به‌عس به‌كاربهێنن . به‌ڵكوو ده‌بێ پڕۆگرامی خۆیان درووست بكه‌ن و له په‌روه‌رده‌ی خۆیاندا به‌كاری بێنن.»
سالح عەبدۆ ڕایگه‌یاند، پاش دەرکردنی بڕیارەکە زۆر فێرگه ده‌رگه‌كانی خۆیان داخست و مۆڵه‌تیان وەرنەگرت. گوتی: «تەنیا چەند فێرگه‌یه‌ك مانه‌وه كه به ناوی سریانی و ئه‌رمه‌نه‌كان كرانه‌وه. چه‌ندین جار گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ كردن و چه‌ند ڕێككه‌وتنێكمان كرد. به‌ڵام به‌داخه‌وه خاوه‌نداره‌تییان له ڕێككه‌وتنی خۆیان نه‌كرد. یەکیێتیی سریانیی سووریا کە پارتیی سریانییه‌كانه لە سووریا پێكهاته‌یه‌كی نێو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتییه و به‌شداره له‌و ڕێككه‌وتنانه.»
«زۆر پارتیی کوردی و عەرەبی له‌نێو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیدا به‌شدارن، ئه‌و قانوونه‌ش له لایه‌ن نوێنه‌رانی ئه‌و پارتییانه و گه‌لانه‌وه په‌سه‌ند كراوه. هه‌موو گه‌لان په‌سه‌ندیان كرد، ته‌نیا چه‌ند كه‌نیسه‌یه‌كی مه‌سیحییه‌كان قبووڵیان نه‌كرد و گوتیان: [قبووڵ ناكه‌ین له ده‌ره‌وه‌ی پڕۆگرامی ڕژێم په‌روه‌رده بده‌ین.] ماوه‌ی ٢ ساڵ چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كردن، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامی نه‌بوو. به گوێره‌ی ئه‌و قانوونانه قوتابخانه‌كانیان داخران.»
«ئەو قوتابخانانه‌ی داخراون هی سریانییه‌كان نین»
هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی په‌روه‌رده ڕایگه‌یاند، لە سەرێکانی، دربێسیێ، حه‌سه‌كه، قامیشلۆ و دێرک ١٤ قوتابخانه به بڕیاری دادگه داخراون. گوتیشی: «ئەو قوتابخانانه هی سریانییه‌كان نین و له‌و قوتابخانانه‌دا په‌روه‌رده بە زمانی سریانی نه‌بوو.»
«بەرنامەی پەروەردەی ئەوان بە پێی پڕۆگرامه‌كانی ڕژێم ئامادە کرابوو. تەنیا به ناوی چه‌ند كه‌سێكی سریانی ڕێكخرابوو. ئەو فێرگانه بۆ ئه‌و كه‌سانه ناوه‌ندێكی بازرگانی بوو و پاره‌یان قازانج ده‌كرد. به‌پاره په‌روه‌رده‌یان ده‌كرد. له‌نێو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیدا خوێندن و په‌روه‌رده به‌پاره نییه.»
«ده‌بێ فێرگه تایبەتەکان پڕۆگرامی تایبه‌ت به‌خۆیان ئاماده بكه‌ن»
لە درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا محه‌مه‌د ساڵح عه‌بدۆ ده‌ستنیشانی كرد كه به گوێره‌ی قانوونه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتی، کورد بە کوردی و عەرەب بە عەره‌بی و سریانی بە سریانی ده‌توانن بخوێنن. گوتیشی: «لەسه‌ر ئەو بنه‌مایه ئێمە بەیەکەوە بەرنامەی پەروەردەی کوردی، عەرەبی و سریانیمان ئامادە کردووە. بێگومان ئەو بەرنامەیە بۆ ئەو فێرگانه‌یه کە لە ژێر چه‌تری خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیدان.»
«به گوێره‌ی قانوون فێرگه تایبەتەکان دەبێت بەرنامەی تایبه‌ت به خۆیان ئامادە بکەن. پێویستە هه‌مان به‌رنامه‌ی ڕژێم نەبێت. چونكه بەرنامەكه‌ی ڕژێم بە تەواوی بە گوێره‌ی زیهنیه‌تی پارتیی به‌عسه و نادیموكراتییه.»
هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی په‌روه‌رده‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی هه‌رێمی جزیر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، تاكه داوای ئه‌وان ئه‌وه‌یه به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده دیموكراتییانه بێت. گوتیشی: «بەهۆی ئەوەی کە لە پڕۆگرامی پەروەردەیی ڕژێمدا دوژمنایەتی هەیە. هەوڵ دەدەن کە گه‌لان به گژ یه‌كتردا بكه‌ن. نایانه‌وێت کورد، ئەرمەنی، سریانی و توركمان بە زمانی خۆیان بخوێنن. ده‌یانه‌وێت تاكه زمانی په‌روه‌رده له سووریا عه‌ره‌بی بێت.»
s.m